حەمەسەعید حەسەن
کە ١١٢٦ بزورگ ئامید بوو بە سەروەری ئەلەمووت، سینجار سوڵتان جاڕی قەلاچۆکردنی ئیسماعیلییەکانی دا و فەرمانی دەرکرد لە هەر کوێ و لە هەر وەختێکدا ببینرێن، بکوژرێن، ماڵیان بە تاڵان ببرێت و ژنیان بە سەبی بکرێت، ئەمەیش بەو مانایە دێت، ئیسماعیلییەکان لە هەموو ئەو مافانە بێبەش بکرێن کە شەریعەتی ئیسلام بە سیڤیل و دیلی ڕەوا دەبینێت و تەنانەت لە کافر خراپتریش مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت. موعین کاشی کە وەزیر دەبێت، ئەو هاندەر دەبێت بۆ ئەو هەڵمەتە، بەنگکێشان دوو گیانبەختکردوو وەک مەیتەر دەنێرنە لای، دەبنە جێی متمانەی و لە ١١٢٧دا، لە جەژنی سەری ساڵی فارسیدا، تیرۆری دەکەن.
حەسەن کوڕی موحەممەدی کوڕی بزورگ ئامید، کەسێکی بلیمەت دەبێت و هەمان ڕێی حەسەن ئەلسەباح دەگرێتە بەر، باوکی کە توانای ئەوی نابێت، شوێنکەوتووانی کۆ دەکاتەوە و پێیان دەڵێت: (حەسەن کوڕی منە، من خۆم ئیمام نیم، یەکێکم لە بانگخوازانی ڕێبازی ئیمام، ئەوی باوەڕ بە حەسەنی کوڕم بکات، بە کافر هەژمار دەکرێت.) کار گەییشتە ئەوەی بە جارێک دووسەد و پەنجا کەسی لە هەوادارانی حەسەنی کوڕی کوشت و تەرمی هەر یەکێک لەو کوژراوانەی، دا بە کۆڵی یەکێکی دیکەی تۆمەتبار بەوەی هەواداری حەسەنە و لە قەڵا دەری کردن. کە موحەممەد ١١٦٢ مرد، حەسەنی کوڕی ٣٥ ساڵان بوو، بێ کێشە جێی بابی گرتەوە.
حەسەن کە هەر لە سەرەتاوە لەسەر پێڕەوکردنی شەریعەت مکوڕ نەبوو، لە ٨ی ئابی ١١٦٤دا کە دەیکردە ڕێکەوتی کوشتنی عەلیی کوڕی ئەبی تالیب، خەڵکەکەی کۆ کردەوە و پێی گوتن: (ڕووی دەمم لە هەموو خەڵکی دنیایە، بە ئینسان و جنۆکە و فریشتەوە، لە ئیمامی بزر و چاوەڕوانکراوەوە، ڕێنوێنیی تازەم بۆ هاتووە. ئیمامی زەمان سڵاوی بۆتان هەیە و لە زەحمەتی بەجێگەیاندنی ئەرکە شەرعییەکان ئازادی کردوون و جاڕی هاتنی قییامەتی داوە و منی کردووە بە نوێنەری خۆی.) ئیدی بە بۆنەی جاڕدانی مەرگی شەریعەتەوە، ئاهەنگێکی گەورە بە لێدانی موسیک و بە گوتنی گۆرانی و بە خواردنەوەی مەیەوە دەستی پێ کرد. ئیدی لەوە بەدواوە، نە مەککە بە ڕووگە هەژمار دەکرا، نە ڕۆژوو دەگیرا.
ئیدی لای ئەوان کۆتایی بە خوداپەرستی هات، ئاخر گەیشتن بە قیامەت، گەیشتنە بە خودای مەزن و حاڵیبوونە لە هەموو نهێنییەکانی گەردوون. حەسەن جاڕی قیامەتی دا و دوایی بە سرووتە ئایینییەکان هێنا و گوتی: هێندە بەسە کە هەمیشە خودامان لە بیر بێت و لە دڵماندا بۆ هەمیشە جێی بۆ بکەینەوە، هەر ئەوەیش گوێڕایەڵیی ڕاستەقینەیە. دەشێت بۆ پاڵپشتی ئەو قسانەی، سوودیشی لە ئایەتی ٩٩ی سوورەتی الحجر وەرگرتبێت کە دەبێژێت: (وأعبد ربک حتی یأتیک الیقین.) هەرچەندە یەقین لەو ئایەتەدا بە مەرگ لێک دراوەتەوە. ئیدی وەک چۆن ئەگەر موسوڵمان جاران پشتی لە خواپەرستی کردبا و ئەرکە ئایینییەکانی جێبەجێ نەکردبا، سزای توند دەدرا، لەوە بە دواوە ئەوی سرووتە ئایینییەکانی بەجێ گەیاندبا، سزا دەدرا.
لە ٩ی کانوونی دووەمی ١١١٦دا، حەسەن بە خەنجەر کوژرا و موحەممەدی کوڕی کە نۆزدە ساڵان بوو، جێی گرتەوە، ئەویش وەک باوکی سووربوو لەسەر ئەوەی کە نەوەی نیزارن و هەمان ڕێی باوکی گرتە بەر. دوای موحەممەد کە ئەگەری ئەوە هەیە ژارخواردوو کرابێت، جەلالەدین کوڕی جێی دەگرێتەوە، قیامەت هەڵدەوەشێنێتەوە، نەفرەت لە باوکی و باپیری دەکات، چی نووسراوی سەردەمی وان دەبێت، دەیانسووتێنێت، لە شەریعەت لا نادات و نێوانیشی لەگەڵ خەلیفەی بەغدانشیندا خۆش دەکات. جەلالەدین لەبری ناردنی حەششاس بۆ کوشتنی فەرماندە و زانای ئایینی، بە هەناردنی لەشکر، شاران داگیر دەکات و چەندان مزگەوت ڕۆ دەنێت. ئیسماعیلییەکان بۆ خۆپاراستن لە مەترسی، باوەڕی خۆیان بە نهێنی دەهێشتەوە، تاکتیکی خۆشاردنەوەیان ڕەچاو دەکرد و لە کاتی گونجاودا خۆیان ئاشکرا دەکرد. لای ئەوان پێڕەوکردنی شەریعەت بەئاشکرا، خۆشاردنەوەبوو کە (ئیحتیجاب)یان پێ دەگوت، ئەوە خۆدەرخستن بوو کە جاڕی (قییامەت)یان دەدا و ئەرک و سرووتە ئایینییەکانیان پشتگوێ دەخست.
مەغۆلەکان کە مەترسیدارترین دوژمنی ئیسماعیلییەکان بوون، ساڵی ١٢٢٠ سەمەرقەند و بوخارایان کە دوو شاری ئیسلامی بوون، داگیر کرد. ساڵی دواتر بەڵخ و نیسابووریشیان خستە بن دەستی خۆیانەوە و بوون بە سەروەری ڕۆژهەڵاتی ئێران. ١٢٣٠ لەشکری جەنگیزخان خۆرئاوای ئێران، گورجستان، ئەرمینیا و باکووری (عیراق)یشی داگیر کرد. دوا هێرشی مەغۆل بە سەرکردایەتیی هۆلاکۆبوو، کە بەغدای داگیر و خاپوور کرد و کۆتایی بە دەسەڵاتی خەلیفەی عەباسی هێنا کە پێنج سەدەبوو فەرمانڕەوایی دنیای ئیسلامی دەکرد. هۆلاکۆ کە ١٢٥٦ گەیشتە ئێران، ئامانجی یەکەمی قەڵاکانی بەنگکێشان بوو، روکنەدینی ڕێبەری ئیسماعیلییەکان، بەو پاساوەی ئەستێرەی بەخت لە قازانجی نەبوو، خۆی بە دەستەوە دا. بەشێک لە ئیسماعیلییەکان فەرمانی روکنەدینیان جێبەجێ نەکرد و بەرەنگاری مەغۆل بوونەوە، بەڵام لە کۆتاییدا هەر دوو قەڵای ئەلەمووت و لاماساریش، ئەمیان لە ١٢٥٦ و ئەویان دوو سال دواتر، چۆکیان دادا و ڕوکنەدینیش بە کوشتن سزا درا، ئیدی چیرۆکی شکۆ و دەسەڵاتی ئیسماعیلییەکان لە وەڵاتی فارس کۆتایی پێ هات.
هەر لە سەردەمی حەسەن ئەلسەباحەوە، ئیسماعیلی لە سوریایش پەیدا بووبوو، ناودارترین ڕێبەری ئیسماعیلییەکان لە سوریا، سینانی کوڕی سەلمان دەبێت. سینانیش وەک ئیسماعیلییەکانی ئەلەمووت جاڕی فەرامۆشکردنی شەریعەت دەدات و هەوادارانی ئەوەندە بە پیرۆزی دەزانن، وەک خوداوەند تێی دەڕوانن. پیاوانی سینان دوو جار هەوڵی تیرۆرکردنی سەلاحەدینی ئەییووبی دەدەن کە جاڕی قەلاچۆکردنی ئیسماعیلییەکان و خاچپەرستانی دابوو، بەڵام هیچ جارێکیان سەرکەوتوو نابن.
(نامەکەتم خوێندەوە و لە ناواخنەکەی حاڵی بووم، لە گیزەی مێشوولە دەچوو بە لای گوێی فیلدا. پێش تۆ زۆری دیکە، لەو قسانەیان کردووە، تێکمانشکاندوون و کەس بە هانایانەوە نەهاتووە. پێم سەیرە لایەنی ناهەق دەگریت، هەرچەندە ئەوی ستەمی کردبیت، تووشی هەڵدێران هاتووە. خەونی زڕ دەبینیت، ئەگەر پێت وابێت، سەرم دەبرێت و قەڵاکانم خاپوور دەکەیت، ئاخر تۆ ڕەوتەنیت و من جێگیر. پەیامهێن هەرچەندە تاڵاوێکی زۆری چێشت، بەڵام پەیامەکەی گەیاند. مراوی بەوە هیچی لێ نایەت، ئەگەر فڕێی بدەنە ناو چەمەوە. ئاگاداری خۆت بە، هاکا لە نێو ڕیزەکانی خۆتەوە بۆت هاتم.) ئەوە پوختەی وەڵامی سینانی کوڕی سەلمانی ڕێبەری ئیسماعیلییەکانە، بۆ هەڕەشەنامەیەکی سەلاحەددینی ئەیووبی.
کە هەڵگری ئەو نامەیە، دوای پشکنین دەگاتە کن سەلاحەددین، پێی دەڵێت، سینان فەرمانی پێ کردووم، کاتێک نامەکە بدەمە دەستت کە خۆت بە تەنیا بیت. سەلاحەددین هەموو ئەوانە لە خۆی دوور دەخاتەوە کە لای دەبن، دووان لە پاسەوانە تایبەتییەکانی نەبێت. هەڵگری نامە لە سەلاحەددین دەپرسێت: ئەدی ئەو دووانەت بۆچی هێشتەوە؟ دەڵێت: ئەوانە وەک کوڕی خۆم وان. هەڵگری نامە لەو دووانە دەپرسێت: ئەگەر داواتان لێ بکەم، ئەم سوڵتانە بکوژن، بە قسەم دەکەن؟ دوو پاساوانەکە دەستبەجێ شمشێر هەڵدەكێشن و دەڵێن: بەڵێ. نامەهەڵگر و دوو پاسەوانەکە دەڕۆن و سەلاحەددین بە سەرسووڕماوی جێ دەهێڵن. لە دوای سەدەی سێزدەیەمەوە، هیچ تیرۆرێک بە ناوی ئیسماعیلییەکانەوە تۆمار نەکراوە و لەوە بە دواوە، نە لە ئێران و نە لە شام، سەنگێکی ئەوتۆیان نەماوە.