‎چیرۆكی سەركەوتنێكی دیكە

‎هاودەنگ فارووق

‎ سەرۆكی حكوومەتی كوردستان، لە پێنج ساڵی ڕابردوودا بە ئیڕادەیەكی بەرزەوە ‎هەنگاوی بەرەو سەرکەوتن ناوە، كاك مەسرور لە ناو بەردەڵانێکی سەختی ناوخۆیی و ناوچەکەدا، سیاسەتی ژیرانەی پەیڕەوكرد، بەخۆڕاگریی و ملکەچنەبوون و سازشنەكردن بۆ دوژمنان و نەیاران، هەرگیز نەچووە ژێرباری داواکاریی ناڕەوا و گوشارە نێوخۆیی و دەرەکییەکان.
‎چیرۆكی ئەم سەركەوتنەی حكوومەتی کوردستان، پێویستە لەوانەی قوتابخانەكان بنووسرێتەوە، ئەو فشارەی لەسەر حكوومەت و خەڵكی كوردستان بوو، لەمێژووی نوێدا نەبووەو، لەهیچ گۆشەو كەنارێكی دنیادا نەدیتراوە. كەچی وێڕای هەموو گوشارە تاقەتپڕوكێنەكان، حكوومەت ئومێدی لەدەست نەدا.
‎تەنانەت هاوپەیمانەكانی پێكهێنەری حكوومەت نقەیان لێ بڕا و، لەژێر گوشارەكاندا خۆیان دزییەوەو، بەرپرسیارێتییەكەیان بۆ سەرۆكی حكوومەت بەجێهێشت.
‎مەسرور بارزانی لە بەربانگی دوێنێ ئێوارەدا گوتی: زۆر كەم بوون ئەوانەی پیاوی ڕۆژی تەنگانە بوون، ئێمە هەستمان دەكرد زۆر تەنهاین، بەتەنها خودا و خەڵكی كوردستان لەگەڵمان مانەوە!.
‎ئەوەی ڕوویدا لەلایەكەوە جەوهەری دەستەڵاتدارانی بەغدای پیشانداین، لەلایەكی دیکەوە هاوپەیمانەكانی لەناو حكوومەتی هەرێمدا بۆ دەرخستین، هاوكات مەعدەنی پیرۆزی خەڵكی كوردستانی درەوشاندەوە، كە بەهیچ گوشارێك چۆك دانادات و لارنابێت و تاكو زیاتر فشاری لێ بكرێت، زیاتر دێتەوە یەك و پتەوتر دەبێت و، پڕشنگدارت خۆ دەنوێنێت.
‎وانەكانی سەركەوتن لەم قۆناغەدا، هەروا سادە و ساكار نین، بەرگەگرتنی ئەو شەڕە دەروونی و پڕوپاگەندەیی و میدیاییەی لە دژی هەرێمی كوردستان و خەڵكەكەی خراوەتە كار، پێویستی بەتێڕامانی قووڵە، ئیرادەی ئەو سەرۆكەی كە نزیكترین حیزبە هاوپەیمانەكانی لەتەنیشتییەوە سەنگەریان چۆڵكرد و بەڕۆژ لەحكوومەت بوون و بەشەو لەسەر شاشەی كەناڵەكان ئۆپۆزسیۆن بوون،نەك هەر پێویستە بۆ مێژوو بنوسرێتەوە، بەڵكوو پێویستە لە ئەكادیمیاكانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت دیراسە بكرێت.
‎ئێمە ناتوانین بەچەند دێڕێكی كورت لەسەر هەموو ڕووەكانی ئەو قۆناغە و پلانەكانی حكوومەتی هەرێم بۆ پوچەڵكردنەوەی مینەكان قسە بكەین، تەنها دەتوانین بڵێین: ئێستا سەرەتایەكی نوێیە و، حكوومەتی کوردستان توانی چۆك بە سەرجەم قەیرانەكان دابدات و خۆرێکی نوێ پڕشنگ دەدا.