عێڕاق: دابەشبوونی ئاسۆیی و ستوونی پێکهاتەکان

عەدنان فاخر

هێڵی گرینج ئەو هێڵە جوگرافیە گرنگەیە کە هەموو جیهان لەسەری ڕێککەوتوون تا جیهان بۆ دوو بەشی جیاواز لە کاتدا دابەش بکا، بەشێوەیەک هەر پازدە پلە ماوەی نێوان دوو هێڵی ستوونی بەلای ڕۆژهەڵاتدا کاژێرێک زووتر دەبێتە ڕۆژ و بەلای ڕۆژئاواش بەهەمان شێوە، بەڵام کاژێرێک درەنگتر دەبێتە ڕۆژ . ئەمە دابەش کردنێکی هەمیشەیی جوگرافیای کاتە … لەعێڕاقی فرە پێکهاتە و فرە مەزهەبی بەزۆر تێکەڵکراودا دوای سەد ساڵ هێشتا توخمەکانی نەک هەر ئاوێتە نەبووینە، بەڵکو بەبوونی بچووکترین دەرچەی ئازادی ئازادیەکیان وەرگرت و هەموو توخمە پێکهێنەرەکانی لەناو قاوغە لەقاڵب دراوەکەیان هاتنە دەر و زیاتر لە دوو دەیەیە بەئازادی دەژین …بەڵام هەر دوای ڕووخانی ڕژێمی دیکتاتۆری کێچ کەوتە قەلب و قالبی وڵاتە ئقلیمیە داگیرکەرەکان و دەستبەجێ وەکو خەرتەل لەکەلاکە مردار بووەکەی خڕ بوونەوە و مەکینەی جاسووسییان لەناوخۆی عێڕاق خستەکار و هەریەکە دەستە و تاقمی تایبەت بەخۆی دامەزراند و هەر بەپارەی نەوتی عێڕاق گەلانی ئەو وڵاتەیان لە هەردوو ڕووی ئاسۆیی و ستوونیەوە دابەش کرد و دەزگا جاسووسیەکانیان خزاندۆتە ناو هەموو جومگەکانی پێکهاتەکانەوە، بەو هۆیەوە هەموو عێڕاقیان ئیحتیوا کردووە جگە لە ئیدارەی ژێر دەسەڵاتی پارتی دیموکراتی کوردستان. لەم واقعە ڕوونەدا وڵاتێکی ئقلیمی توانیویەتی هێڵێکی زکزاکی ئاسۆیی بەسەر پێکهاتەکاندا بکێشێت، ستوونی وەکو هێڵی گرینج بۆناو پێکهاتەکان شۆڕ بۆتەوە و لە بەسڕەوە تا دەگاتە هێڵی هامڵتۆن و بەویستی بەرژەوەندیکانی خۆی وەک داشی دامە گرووپ و لایەنە موالیەکانی تەیار و ئاراستە بکا .. لەسایەی ئەم هەوڵە چڕ و بەردەوامەدا سلێمانی کراوە بە دەروازەی وەبەرهێنانی سیاسی و دادگای فیدڕاڵ و گرووپە مەزهەبیەکانی بەغدا و لەوێوە دەیانەوێ هەرێمی کوردستان لەناو بەرن.