بە کورتی بە کوردی

ھۆشیار سیوەیلی

زوڵمە گەورەکە بەردەوامە

دوو ڕۆژ لەمەوبەر ساڵێک تێپەڕی بەسەر ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان، بەمەش ئەو زوڵمە ئابوورییە گەورەیەی لە خەڵکی کوردستان دەکرێت پێی نایە ساڵی دو وەم. بە پێی ڕاگەیاندرواێکی ڕێکخراوی پیشەسازی نەوتی کوردستان (ئەپیکۆر)، لە ماوەی ئەم ساڵەدا پیشەسازی نەوت زیاتر لە ١١ ملیارد دۆلار زیانی بەرکەوتوە و بە پێی ڕاگەیاندراوێکی وەزارەتی نەوتی عێراق کە دوو ڕۆژ لەمەوبەر بڵاوکرایەوە، هیچ ئاسۆیەکی ڕێکەوتن بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت بەدی ناکرێت. هەرچەندە حکوومەتی عێراق چەندین پاساوی بێ بنەما دەهێنێتەوە بۆ دەسپێنەکردنەوەی هەناردەکردن، بەڵام بۆ خۆشیان و دنیاش دەزانێت هۆکارەکان سیاسین و بەشێکن لەو ئابلوقە ئابوورییەی خستویانەتە سەر هەرێمی کوردستان. ئەم جەنگە درێژکراوەی هەموو جەنگەکانی ترە کە لە ماوەی ئەم سەد ساڵەدا هەمان ئەو عەقڵیەتە شۆڤێنییە بەسەر کوردستانیاندا سەپاندوە. ئەوان زۆر باش دەزانن بە بەشێکی زۆر کەمی ئەو یازدە ملیارد دۆلارە دەیانتوانی کۆمپانیاکانی نەوت ڕازی بکەن و ئەوەشی دەمێنێتەوە بودجەی هەرێمی لێبدەن. ئەمەیان نەکرد چونکە ئەوان زۆر باش دەزانن چی دەکەن؛ دەیانەوێت ژێرخانی پیشەسازی نەوت و غاز لە هەرێمی کوردستان بڕوخێنن و کۆمپانیا بیانییەکان ناچار بکەن ئەم هەرێمە بەجێبهێڵن. ئەوان باشتر تێگەیشتوون کە پێشكەوتن و پەرەپێدانی کەرتی نەوت و غاز پێگەی هەرێم لە سەر شانۆی ئابووری و سیاسی نێودەوڵەتی بەهێز دەکات و بنەمای ئابووری سەربەخۆ پتەو دەکات و دەبێتە هۆی بوژانەوە و گەشەسەندنی ئابووری کوردستان و چیتر سامانی نەوت بۆ وێرانکردنی کوردستان بەکارناهێنرێت. ڕەنگە گرێبەستەکانی نەوت بێ کەموکوڕی نەبن، بەڵام دەبێت ئەمە لەبەر ڕۆشنایی ئەو ڕیسکە سەیر بکرێت کە کۆمپانیاکان کردویانە. دوای ساڵێک لە ڕاوەستانی هەناردەی نەوتی هەرێم زۆر باش ڕوونبۆوە کە چەندە ساویلکە بوون ئەوانەی دەیانوت ئەگەر هەرێم نەوتەکە ڕادەستی سۆمۆ بکات کێشەی بودجە و موچە کۆتایی دێت و دنیا دەبێتە شامی شەریف. ئەوان لەبەر گەندەڵی ناتوانن شارەکانی تری عێراق بهێننە ئاستی پێشکەوتنی شارەکانی هەرێم، بەڵکوو دەیانەوێت شارەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ئاستی دواکەوتوویي شارەکانی عێراق دابەزێنن.