نادەستووریبوونی دادگای فیدراڵی عێراق و بەکارهێنانی وەک چەکێک لە ململانێ سیاسیەکاندا

هێمن هەورامی

بەشی دووەم و کۆتایی
بەزاندنی سنوور و پرەنسیپە دەستووری و یاساییەكان لەلایەن پێكهاتەی ئێستای نادەستووری دادگای فیدڕاڵی عێراقەوە
سەرباری حاشاهەڵنەگرێتی نادەستووریبوونی پێكهاتەی ئێستای دادگای فیدڕاڵی عێراق، ئەم پێكهاتەیەی ئێستای دادگاكە سنوور و پرەنسیپە دەستووری و یاساییەكانیشی بەزاندووە و خۆی خستووەتە سەرووی دەستوور و یاساكان و دەسەڵاتەكانی دیكەشەوە. بۆ نموونە:
بنەمایەكی جێگیر و چەسپاوی پرۆسەی دادبینی و كاری دادگاكان، بریتییە لە پایەندبوونی دادگا بە چوارچێوەی پەڕوای داوا و سكاڵا (العریچە الدعوی)، بەڵام ئەم پێكهاتەیەی ئێستای دادگای فیدڕاڵی پێشێلی ئەم پرەنسیپە جێگیرەی یاسای دابینی عێراقی ژمارە (83)ـی ساڵی 1969 كردووە، چونكە ئەم دادگایە هەندێك داوای بە هەل زانیوە بۆ ئەوەی زیادەرۆیی لە چوارچێوەی داوای داواكار بكات و وەك دەرفەتێك بۆ دەستكاریكردن و جێبەجێكردنی ئەجێندای سیاسیی بیقۆزێتەوە. بۆ نموونە لە تانەكەی یەكێتیدا لەهەمبەر یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، داوای هەڵوەشاندنەوەی كورسی كۆتاكانی پەرلەمانی كوردستان نەكراوە، بەڵكو داوای دووبارە دابەشكردنی كراوە بەپێی بازنەكان، بەڵام دادگا ئەم دەرفەتە دەقۆزێتەوە و بەبێ بوونی هیچ پاساوێكی یاسایی و دەستووری بڕیاری نادەستووریبوونی كورسی كۆتاكانی داوە. هەروەك یەكێتی داوای لێسەندنەوەی دەسەڵاتی باڵای دیاریكردنی شێوازی پەیوەندییەكان لەگەڵ حكوومەتی عێراق بەپێی بڕگەی (2) لە ماددەی 56 ـی یاسای هەڵبژاردن، نەكردبوو، بەڵام دادگاكە دێت و ئەو بڕگەیەش بە نادەستووری دەناسێنێت. ئەمەش بێگومان دەبێتە پێشێلكردنێكی ڕوونی ئەو بنەمایەی لە یاسا و لە دادگەرییدا چەسپاوە كە دەڵێت: دەعوا لە چوارچێوەی عەریزەكەیدا سنووردارە، و نابێت حوكم بكرێت بە زیاتر لەوەی داواكار داوای دەكات.
هەر لەو میانەیەدا، ئەم دادگایە پەیڕەوێکی ناوخۆی بۆخۆی داناوە، کە کارەساتی گەورەی یاسایی و سەقامگیری سیاسی لێکەوتۆتەوە و دەکەوێتەوە، چونکە پەیڕەوە ناوخۆییەکەی سەرپێچی دەستوور و تەنانەت خودی یاساکەیانە و هەروەها سەرپێچی یاسای دادبینی شارستانی عێراقیشە، چونکە دوو مافی بەخۆی داوە لە پەیڕەوەکەدا کە ئەوانیش مافی ڕوبەڕوبونەوە (التصدی) و مافی پاشگەزبوونەوە (العدول)ن، هەردووكیانی بەبێ بنەمای یاسایی و دەستووریی بەخۆی بەخشیوە.
ئەم دادگایە كە لە بنەڕەتدا یەكێك لە دەسەڵاتەكانی بەگوێرەی ماددەی 93 ـی دەستوور، بریتییە لە چاودێریكردنی دەستووریبوونی یاساكان، بەڵام بازی بەسەر ئەم دەسەڵاتەدا داوە و مافی بە خۆی داوە كە بڕیار لە بارەی پرۆژەی بەرایی یاساكانیشەوە بدات، لە كاتێكدا هێشتا تەنها پرۆژەن و نەبوون بە یاسا.
بۆ نموونە، لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستاندا پرۆژەیاسایەك بۆ دامەزراندنی دادگایەكی تایبەتمەند بە دادگاییكردنی سەرانی داعش پێشكەش كرابوو، لە كاتێكدا پرۆژەكە تەنها لە قۆناغی یاساسازیدا بوو و لێژنەكانی پەرلەمان گفتوگۆیان لەبارەوە دەكرد، دادگای فیدڕاڵی بە بڕیاری ژمارە (71) ـی ساڵی 2021، بڕیاری نادەستووریبوونی ئەو پرۆژەیاسایەی دا.
هەڵبەت، لە نموونەیەكی پێچەوانەدا، کاتی خۆی کە یاسای بەڕیوەبردنی دارایی دەوڵەت لە ساڵی٢٠١٩ لە ئەنجومەنی نوینەرانی عێراق دەرچوو، وێڕای ئەوەی كۆمەڵێك ماددە و بڕگەی نادەستووری لە خۆی گرتبوو. یاساكە پەسەند كرابوو، مەرسومی کۆماریشی پێدەرچوو بوو، بەڵام دادگا هیچ داوایەکی كە دژی نادەستووریبوونی یاساكە پێشكەش كرابوو، بە پاساوی ئەوەی كە یاسا تا نەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە نابێ تانەی نادەستووریبوونی لێ بدرێت، وەرنەگرت، ئەمەش بەڵگەیەكی زەقی دووفاقیبوون و پیادەكردنی سیاسەتی “بانێكە و دوو هەوا”یە لەلایەن ئەم دادگایەوە.
ئەم دادگایە لە ئێستادا ڕۆڵی هەمواركاری دەستووریشی بەخۆی داوە. لە كاتێكدا كۆت و بەندی توند بۆ هەمواركردنی دەستووری عێراقی بەگوێرەی ماددەكانی (126 و 142)، لە پێناوی پاراستنی ماف و دەسەڵاتەكان، دانراون، بەڵام ئەم پێكهاتەیەی ئێستای دادگای فیدڕاڵی، وێڕای نادەستووریبوونیەكەی، كەچی دەسەڵاتی بەخۆی داوە كە هەمواری دەقەكانی دەستوور بكات، بۆ نموونە ده‌ستووری عێراق له‌ مادده‌ی (110)ـدا به‌ هیچ شێوه‌‌یه‌ك به‌رێوه‌بردنی سامانه‌ سروشیتیه‌كان، له‌ نێویاندا نه‌وت و گازی، به‌ ده‌سه‌ڵاتی حه‌صری حكوومه‌تی فیدراڵی دانه‌ناوه‌. بەڵكو مادده‌ی (112/ برگه‌ی یه‌كه‌م)ـی ده‌ستوور جه‌خت له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ به‌رێوه‌بردنی نه‌وت و گاز له‌ ده‌سه‌ڵاته‌ هاوبه‌شه‌كانی حكوومه‌تی فیدراڵی و هه‌رێمه‌كانن كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ به‌رێوه‌بردنی ئه‌و كێڵگانه‌ی پێش نووسینه‌وه‌ی ده‌ستووری هه‌میشه‌یی عێراق له‌ ساڵی 2005 له‌ لایه‌ن حكوومه‌تی هه‌رێمه‌وه‌ به‌رێوه‌‌براون، بەڵام لە 15/2/2022ـدا دادگای فیدڕاڵی بڕیارێكی دەركرد و سەرجەم یاسای نەوت و گازی كوردستان ژمارە (22)ـی ساڵی 2007 لەقەڵەم دا، بە بیانوو و پاساوی ئەوەی كە نەوت و گاز لە دەسەڵاتە حەسرییەكانی حكوومەتی فیدڕاڵە. هەر بۆیە لەكاتی خۆیدا بڕیارەكە بە تێكڕایی لەلایەن هەر چوار دەسەڵاتەكەی هەرێمی كوردستان (پەرلەمان، حكوومەت، سەرۆكایەتی هەرێم، ئەنجوومەنی دادوەری)ـەوە ڕەت كرایەوە.
هەروەك ئەم دادگایە ڕۆڵی پەرلەمان و هەمواركاری یاساكانیشی بەخۆی داوە. نوێترین نموونەش ئەو هەموو پێشێلكارییە یاسایی و دەستوورییانەیەتی كە لە حوكمی داوای ژمارە (83) و هەردوو یەكخراوەكەی (131) و(185)/ ئیتیحادی/ 2023 لەبارەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانەوە، چەندین دەقی یاسایی تەشریع كردووە لە بەندەكانی (دووەم) و(سێیەم) و(چوارەم) و(پێنجەم)ی حوكمی ئاماژەپێكراودا هاتوون. * وردەكارییە نادەستوورییەكان و پێشێلكارییە دەستوورییەكانی ئەم بڕیارە لەلایەن ئەنجوومەنی شوورای هەرێمی كوردستانەوە، بەڕوونی و وردی خراونەتەڕوو.
هەموو ئەمانەش بێگومان پێچەوانەی پرەنسیپی چەسپاو و باوی دیموكراسی “جیاكردنەوەی دەسەڵاتەكانە” كە كرۆكی سیستەمی حوكمڕانی دیموكراسی جیهانی لەسەر بنیاتنراوە و دەستووری عێراقیش لە ماددەی (47) وەك بنەمای سەرەكی و دەستووریی پیادەكردنی دەسەڵاتەكان لە عێراقدا، چەسپاندوویەتی.
بەكارهێنانی دادگای فیدڕاڵی وەك چەكێكی كاریگەر لە ململانێ سیاسییەكانی ئێستای عێراقدا
وێڕای گرنگی و كاریگەریی دادگای فیدڕاڵی لە پیادەكردنی سیستەمی فیدڕاڵیدا، بەڵام هەمیشە ئەم دادگایە ئەگەر بە وریاییەوە سنووربەند نەكرێت و كارەكانی ڕێك نەخرێت، سەربۆ سەرهەڵدانی جۆرێكی مەترسیداری دیكتاتۆرییەت دەكشێت كە پێی دەگوترێت “دیكتاتۆرییەتی دادوەرییJudicial Dictatorship” كە هەردوو بیرمەند و سیاسەتزان (ویلیام كوێرك و ڕانداڵ برادوێڵ) لە كتێبە ناودارەكەیان لە ساڵی 1995ـدا ڕوونیان كردووەتەوە.
لە ئەزموونی فیدڕاڵیزمی ئەمەریكیدا، كە لە زۆر بواردا، بە تایبەتیش لە پرسی دادگای فیدڕاڵیدا، ئەزموونی عێراق چاوی لەو كردووە، مەترسییەكانی دادگای فیدڕاڵی لەسەر فیدڕاڵیزمی ئەمەریكی قۆناغ بە قۆناغ چارەسەر كراوە تاوەكو خراوەتە سەر ڕێچكە دروستەكەی خۆی. بۆ نموونە دەستووری فیدڕاڵی ئەمەریكی كە لە ساڵی 1788 ـەوە پەسەند كراوە، تا ئێستا تەنها 27 جار هەموار كراوەتەوە. لەو ژمارەیە 8 هەمواریان بۆ ئەوە بووە كە دادگای فیدڕاڵی ئەمەریكی سنووری خۆی نەبەزێنێت و نەبێتە هەمواركاری دەستوور. بە تایبەتیش هەمواری ( 8) ـیان بۆ ئەوە بووە كە دادگای فیدڕاڵی نەبێتە هەمواركاری دەستوور و سنووری دەسەڵاتی ویلایەتەكان نەبەزێنێت و دەستكارییان نەكات، وەك ئەوەی لە هەمواری ژمارە (11)ـدا جێگیر كراوە.
بەڵام ئەوەی ئێستا لە عێراقدا دەگوزەرێت، سەرباری بەرجەستەبوونی تەواوەتی تیۆری “دیكتاتۆرییەتی دادوەریی” كە لە میانەی ڕەهاكردنی تەواوەتی دەست و دەسەڵاتەكانی دادگای فیدڕاڵییەوە، ئەو دیاردە مەترسیدارەش دروست بووە كە لە زانستی سیاسی و تویژینەوە ئاسایشییەکاندا، بە (شەڕی یاسایی LAWFARE) ناوزەد دەكرێت.
لە نویترین کتیبیاندا، دەیڤید پیترایۆس و ئەندرو رۆبیرتس بە ناو نیشانی Conflict: The Evolution of Warfare from 1945 to Ukraine، بە روونی باس لە شیوە و شیوازی نویی جەنگ لە ئاستی جیهان و کەرەسەتەکانی رووبەروو بوونەوە دەکەن. یەک لەو بابەتانەی کە جەختی لیدەکەنەوە و وەک جەمکیکی نوێ لە دنیای ململانیکاندا زیاتر بایەخی پیدەدرێت، بابەتی ( بە چەکبوونی هەموو شتێک Weopanization of Everthing )ە. لەم رووەوە باس لەوە دەکەن کە لە شەڕو پەلامارەکاندا، مەرج نیە چەکی کلاسیک بەکار بیت، بەڵکو هەر لە زیرەکی دەستکردەوە بیگرە تا تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و نرخی گەنم و پیتێنەرە کشتوکاڵییەکان، هەڵبژاردنەکان، کاریگەریی دانان لە سەر رای گشتی، فەیک نیوز، پەنابەران و درۆن و جەنگی یاسایی، بە بەشێک لە کەرەستەکانی هێرش و پەلامار و رووبەروو بوونەوەکان دادەنرێن. ئەگەر بە وردی لە جوڵەی دادگای فیدراڵی بڕوانین و بریارەکانیان لە کات و بەستینەکانی خۆیان ببینرێن، بە روونی ئەم چەمکەی بە چەک بوونی دادگای فیدراڵی بۆ پەلاماری سەر هەرێمی کوردستان دەبینرێت.
لە ماوەی ٣ ساڵی رابردوودا، ئەم دادگایە چەندین بڕیاری قورس و چارەنووسسازی لەبارەی پرۆسەی سیاسیی عێراقەوە داون، بە تایبەتیش لە پرسی دەستكاریكردنی میكانیزمە دەستوورییەكانی هەڵبژاردنی سەرۆككۆمار و خوڵقاندنی بیدعەی سیاسی “سێیەكی پەكخەر الپلپ المعگل” كە ئەم هەنگاوە وێڕای ئەوەی وایكرد كە لە ئێستادا وەك ئەوەی لە میدیای عێراقدا بە دیاردەی “حوكمكردنی دۆڕاوەكان – حكم المهزومین” ناوی دەبرێت و براوەی یەكەمی هەڵبژاردن ئاوت بكرێت و ڕكابەرە دۆڕاوەكانی جڵەوی حوكمڕانی بگرنە دەست، لە ئایندەدا ئەم ڕێچكەیە مەترسی گەورەتر لەسەر دەستاودەستكردنی ئاشتیانەی دەسەڵات لە عێراقدا دەخوڵقێنێت. ئەم مەترسییانەش لە هەڵسەنگاندنێكی وردی پەیمانگای “واشنتۆن بۆ سیاساتی رۆژهەڵاتی نزیک Washington Institute For Near East Policy ” خراونەتە ڕوو.
تایبەت بە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراقیش، ئەم دادگایە بەردەوام لە هەوڵی زاڵكردنی باڵادەستی و دەسەڵاتی حكوومەتی فیدڕاڵی لەسەر حیسابی دەسەڵاتە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان بووە. لەهەر كات و بوارێكیشدا بۆی ڕەخسا بێت لە میانەی بڕیارەكانیەوە گورزی لە پێگەی دەستووریی هەرێمی كوردستان داوە. بە جۆرێك لە 3 ساڵی ڕابردوودا 11 بڕیاری دژی هەرێمی كوردستان دەركردووە. كە دواهەمینیان بڕیارە نایاسایی و نادەستووریی و تەواو سیاسییەكەیەتی لەبارەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ژمارە (1)ـی ساڵی 1992 ـی هەمواركراوەوە. كە ئامانج لێی “لوبنانكردن”ـی هەرێمی كوردستان و سەپاندنی سیستەم و پرۆسەیەكی هەڵبژاردنی پێشوەختە دیزاینكراوە لە هەرێمی كوردستاندا.
هەربۆیە بە وریاییەوە، هەروەك لە بەیاننامەكەی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ڕێكەوتی 18/3/2024ـدا ڕوون كراوەتەوە، بەرپرسیارێتی نەتەوەیی و نیشتیمانی دەخوازێت كە ڕێگە لەم دامەزاروە دادوەرییە بە سیاسییكراوە بگیرێت. بەڕێز دادوەر (عەبدولڕەحمان زێباری)ـیش لە یاداشتی كشانەوەی خۆی لە دادگاكە بەڕوونی ڕایگەیاند كە ئەم دامەزراوەیە لە ڕێچكەی دەستووری خۆی دەرچووە و ئامرازێكە بۆ جێبەجێكردن و سەپاندنی ئەجێندای سیاسیی.
بۆیە لەگەڵ ئەو ١٤٣ هێرش و پەلامارە درۆنی و مووشەکییانەی کە لە ماوەی ٣ ساڵی رابردوودا بۆ سەر هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان کراون و هاوشانی ئەو گوشارە ئابووریی و سیاسەتی برسیكردنەی كە دەرهەق بە هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان پەیڕەو دەكرێت، دادگای فیدڕاڵییش كراوەتە چەكێكی كاریگەر لە ململانێ سیاسییەكاندا كە ئامانجە گەورەكەی بچووككردنەوە، یان جێبەجێ كردنی خەونی نەهێشتنی قەوارەی دەستووریی هەرێمی كوردستانە.
خۆ ئەوە بەكارهێنانیشی دژی ڕكابەرە سیاسییەكان لەسەر ئاستی عێراقیش، ڕوون و بەرچاوە. هەر لە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ئەندامێتی و سەرۆكایەتیكردنی پەرلەمانی عێراق (محەممەد حەلبووسی)،تا هەڕەشەكانی سەر (مەشعان جبووری)بە لێسەندنەوەی مافی ئەندامێتیەكەی لەلایەن سەرۆكی دادگاكەوە، ئەگەر مل بە ئەجێندایەكی دیاریكراو نەدات. نموونەی بەرچاون.
لەبەرامبەر ئەمانەشدا، پاداشتكردنی سەرۆكی دادگاكەش بە كاندیدكردنی كوڕە تەمەن 28 ساڵانەكەی بۆ ئەوەی ببێتە پارێزگاری دیالە، موویەكی دیكەی نێو ماستە شڵەقاوەكەی عێراقە.
هاوپێچ: ئەو 11 بڕیارەی كە ئەم پێكهاتەیەی دادگای نادەستووری فیدڕاڵی عێراق لە ماوەی ئەم 3 ساڵەدا دژ بە هەرێمی كوردستان و پێگە و دەسەڵات و بەرژەوەندییەكانی داونی:
1- الدعوی المرقمە ١٧ /اتحادیە/ ٢٠٢٢ فی ٢٥-١-٢٠٢٣ (عدم دستوریە قرار مجلس الوزراء الاتحادی بخصوص تمویل اقلیم كوردستان ).
٢- الدعوی المرقمە ٢٣٣ وموحداتها ٢٣٩ و٢٤٨ و٢٥٣ /اتحادیە/ ٢٠٢٢ فی ٣٠-٥-٢٠٢٣ (عدم دستوریە قانون استمرار الدورە الخامسە لبرلمان الاقلیم ).
٣- الدعوی المرقمە ٢٣٠ /اتحادیە/ ٢٠٢٢ فی ٣٠-١١-٢٠٢٢(عدم دستوریە المادە ١٨ من قانون تعدیل تطبیق الاحوال الشخصیە فی اقلیم كوردستان رقم ١٥ لسنە ٢٠٠٨ ).
٤- الدعوی المرقمە ١٥٦ وموحدتها ١٦٠ /اتحادیە/ ٢٠٢٢ فی ٢٦-٩-٢٠٢٢ (عدم دستوریە المادە ثانیا-اولا من قانون المفوضیە العلیا النستقلە للانتخابات والاستفتاءات فی اقلیم كوردستان- العراق رقم ٤ لسنە ٢٠١٤).
٥- الدعوی المرقمە ١٤٣ /اتحادیە/ ٢٠٢٢ فی ١-٣-٢٠٢٣ (عدم دستوریە المادە ٤٦ من قانون وزارە التعلیم العالی والبحث العلمی فی اقلیم كوردستان رقم ١٠ لسنە ٢٠٠٨ ).
٦- الدعوی المرقمە ٥٩ / اتحادیە/ ٢٠١٢ وموحدتها ١١٠ /اتحادیە/ ٢٠١٩ فی ١٥-٢-٢٠٢٢(عدم دستوریە قانون النفط والغاز لاقلیم كوردستان رقم ٢٢ لسنە ٢٠٠٧ ).
٧- الدعوی المرقمە ٨٣ وموحدتیها ١٣١ و١٨٥ /اتحادیە/ ٢٠٢٢ فی ٢١-٢-٢٠٢٤(عدم دستوریە نصوص من قانون انتخاب برلمان كوردستان -العراق رقم ١ لسنە ١٩٩٢ المعدل ).
٨- الدعوی المرقمە ١٧٨ / اتحادیە/ ٢٠٢٣ فی ١٥-١٠-٢٠٢٣( عدم دستوریە القانون رقم ٤٢ لسنە ٢٠٠٤ والخاص بتعدیل تطبیق المادە ٤٠٨ من قانون العقوبات العراقی رقم ١١١ لسنە ١٩٦٩ فی اقلیم كوردستان ).
٩- الدعوی المرقمە ١٢٤ / اتحادیە/ ٢٠٢٣ فی ٢٤-٩-٢٠٢٣ (عدم دستوریە المادە ٢ من القانون رقم ٢ لسنە ٢٠١٩ قانون التعدیل الاول لقانون محافظات اقلیم كوردستان رقم ٣ لسنە ٢٠٠٩ ).
١٠ – الدعوی المرقمە ١٧ / اتحادیە/ ٢٠٢٢ فی ٣١-١-٢٠٢٢ ( الغاء قرار مجلس النواب بخصوص قبول ترشیح السید هوشیار الزیباری لمنصب رئیس الجمهوری ).
١١- الدعوی المرقمە ٢٢٤ وموحدتها ٢٦٩ / اتحادیە/ ٢٠٢٣ فی ٢١-٢-٢٠٢٤ ( الزام حكومە الاقلیم بتسلیم الواردات النفطیە وغیر النفطیە الی الحكومە الاتحادیە).

ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان