دەڵێی دەست بۆ پشکۆ دەبەم

حەمەسەعید حەسەن

حەسەن ئەلسەباح

قەرمەتییەکان کە لقێک دەبن لە درەختی ئیسماعیلییەکان، لە کۆتاییی سەدەی نۆیەمی زایینیدا، خۆرهەڵاتی دوورگەی عەرەب دەخەنە بن هەژموونی خۆیانەوە و جاڕی دەوڵەتی سەربەخۆ دەدەن. نامە فیکرییەکانی برایانی سەفا، کە لە سەدەی دەیەمی زایینیدا نووسراون و کاریگەرییەکی زۆر لەسەر دونیای ئیسلام، هەر لە وڵاتی فارسەوە تا ئیسپانیا جێ دەهێڵن، پڕن لە بیر و بۆچوونی ئیسماعیلییەکان. ساڵی ٩٠٩ی زایینی، ئیسماعیلییەکان هێندە بەهێز دەبن، لە باکووری ئەفریکا خەلافەتی فاتمییەکان بەو پاساوەی دەچنەوە سەر فاتیمەی کچی پەیامهێن، پێک دەهێنن و ساڵی ٩٦٩ پایتەختیان لە تونسەوە بۆ قاهیرە دەگوێزنەوە و ئەزهەر دەبێتە بنکەی زانستی و دینیی ئایینزاکەیان. کە سەلاحەددینی ئەییووبی دەبێت بە فەرمانڕەوای ڕاستەقینەی میسر، چی کتێبی ئیسماعیلییەکان هەبوون، بە بیانووی ئەوەی لادانن لە دینی ئیسلام، کۆ کرانەوە و بە ئاشکرا سووتێندران، ئیدی ‌هێدی هێدی لەوێ کۆتایی بە دەسەڵاتی شیعە هات و سوننە جێی گرتەوە.
حەسەن ئەلسەباح خۆی (١٠٣٤ – ١١٢٤) لە قوم لە دایک دەبێت کە لەمێژە هەواری شیعەی دوازدە ئیمامییەکانە، بەڵام باوکی لە کووفە هاتووەتە دونیاوە. ڕەی کە تارانە، لە سەدەی نۆیەمەوە، مەڵبەندی چالاکیی بانگخوازە ئیسماعیلییەکان بووە. وەک چۆن شیوعییەکان بە ڕەفیق یەکتری بانگ دەکەن، شیعە ئیسماعیلییەکانیش لەنێو خۆیان بە یەکتری دەڵێن: ڕەفیق! حەسەن ئەلسەباح کە ئیسماعیلییەکی (نیزار)ی بوو، بۆ بەگژداچوونەوەی سەلجووقییەکان کە لە ١٠٣٧ی زایینییەوە تا ١١٩٤ فەرماڕەوای ئێران و ئەڤگانستان و ناوەڕاستی ئاسیا و عێراق و شامیش بوون، خۆی لە قەڵای ئەلەمووت کە دەکەوتە ناوەندی زنجیرە چیای ئەلبورزەوە، قایم کرد. کە موستەنسیر بیللای خەلیفەی فاتمییەکان کۆچی دوایی دەکات، ناکۆکی دەکەوێتە نێوان موستەعلی و نیزارەوە، لەسەر ئەوەی کامیان جێی بابیان بگرنەوە، دواتر نیزار لە زینداندا، لە ئەسکەندەرییە دەکوژرێت. ئەلەمووت کە بە مانای (هێلانەی هەڵۆ) دێت، دەکەوتە باشووری زەریای قەزوینەوە لە نزیک ڕودبار و هەر سەد کیلۆمەترێک لە تارانەوە دوور دەبوو. دوا میری ئەلەمووت کە ڕوکنەددینی ناو دەبێت، بێ شەڕ خۆی بە دەست هۆلاکۆوە دەدات کە بەرەو داگیرکردنی بەغدا بەڕێوە دەبێت.
یەکەمین کاری گرنگی حەسەن ئەلسەباح لە قەڵای ئەلەمووتەوە، کە دەنگدانەوەیەکی زۆری دەبێت، تیرۆرکردنی نیزامولمەلیکی وەزیری سەلجووقییەکان دەێیت لە ١٦ی دێسەمبەری ١٠٩٢دا، بە هۆی خۆبەختکەرێکەوە. ئەلسەباح کە ٤ی سێپتێمبەری ١٠٩٠ دەگاتە ئەلەمووت، ئیدی سی و پێنج ساڵێک قەڵاکە جێ ناهێڵێت و هەر لەوێش کۆچی دوایی دەکات. بە درێژایی ئەو ساڵانە هەر خەریکی خوێندنەوە، نووسین، نامەناردن، دۆست پەیداکردن و دانانی پلان دەبێت. زەردەشتییەکانی ناوچەی کۆهستان کە دەکەوێتە سەر سنووری ئێستای نێوان ئەڤگانستان و ئێرانەوە، لەتاو ستەمی سەلجووقییەکان، لایەنی ئیسماعیلییەکان دەگرن.
یەکێک لە واعیزەکانی سوڵتانی سەلجووقییەکان گوتبووی: کوشتنی ئیسماعیلییەکان هەم شەرعییە و هەم یاسایی، ئەوی یەکێکان لێ بکوژێت، ئەوەندە خێری دەگاتێ، وەک ئەوە وایە حەفتا کافری کوشتبێت. (ئایا ئەگەر ڕێبەرەکەت ڕێت بدات، ئیشێک بکەیت، پێچەوانەی شەرع بێت، دەیکەیت؟ یان ئەگەر ڕێت نەدات، ئیشێک بکەیت کە شەرعی بێت، بە قسەی دەکەیت؟) هەندێک جار گوتوبێژی واعیزەکانی سوڵتان و ئیسماعیلییەکان لەو بازنەیەدا دەخولایەوە.
کە پیاوانی سوڵتانی سەلجووقییەکان، ئیبن عەتتاشی فەرماندەی ئیسماعیلییەکان لە قەڵای شەهدیزدا بە دیل دەگرن، بە شەقامەکانی ئەسفەهاندا دەیگێڕن، بە زیندوویی پێستی دەگوروون، ئینجا سەری دەبڕن و بە دیاری بۆ خەلیفەی بەغدانشینی دەنێرن. ژنەکەی ئیبن عەتتاش، هەر زوو خۆی لە شوورەی قەڵاکەوە هەڵدەدێرێت، بۆ ئەوە دەست دوژمن نەکەوێت. بەنگکێشانیش دەستیان نەبەسترابووەوە، زوو زوو دەستی کوشندەیان لە دوژمن دەوەشاند، ئەو وەختەی هێرشیان لەسەربوو، عوبەیدوڵڵای خەتیبیان کوشت کە قازیی ئەسفەهان بوو، ئینجا قازیی نیسابووریش دەکوژن، وەختێک سەرقاڵی ئاهەنگگێڕان دەبێت بە بۆنەی جەژنی ڕەمەزانەوە. ئەحمەدیل ئەو میرە کوردەی شیربرای سوڵتان دەبێت، یەکێک لە قوربانییەکانی دەستی خۆبەختکردوویەکی حەششاش دەبێت.
حەسەن ئەلسەباح بە (خەسێنراو)ێکدا کە لە حەریمی سینجار سوڵتاندا، (شەشەمین سوڵتانی سەلجووقییەکان) کار دەکات، خەنجەرێک بۆ ژووری نوستنی سوڵتان دەنێرێت، کە سینجار لە خەوی قووڵی دوای مەستی بێدار دەبێتەوە و خەنجەرەکە لە تەنیشتییەوە دەبینێت، لەرزی لێ دێت. دواتر ئەلسەباح نامەیەکی بۆ دەنێرێت، تێیدا دەنووسێت: نەمویست خەنجەرەکە لە سنگی سوڵتان بچەقێت، ئیدی سوڵتان، لە ترسی گیانی خۆی، هەم بە پارە کۆمەکی ئیسماعیلییەکان دەکات و هەم چاو لە چالاکییەکانیشیان دەپۆشێت. دوژمنانی نیزارییەکانی قەڵای ئەلەمووت، هەر خەلیفەی عەباسی و سوڵتانە سەلجووقییەکان نەبوون، دوژمنێکی دیکەیشیان هەبوو کە خەلیفەی فاتمییەکان بوو لە قاهیرە، ئاخر ئەو سەر بە موستەعلی بوو، ئەمانیش نیزاری.
کە حەسەن ئەلسەباح بە سەختی نەخۆش دەکەوێت، دەنێرێت بەدوای (بوزورگ ئامێد)ی فەرماندەی قەڵای لاماساردا و دەیکات بە جێنشینی خۆی. ئەلسەباح کە تا مرد خۆی بە ڕێبەر نەدەزانی، خۆی بە نوێنەری ڕێبەر لە قەڵەم دەدا، پێی وابوو، دەبێت تاک ملکەچی بەرژەوندییەکانی دەوڵەت بێت، باوەڕدار دەبێت بێ دوودڵی ڕێنوینییەکان جێبەجێ بکات. دەیگوت: ئیمام ڕێبەری گەورەیە و سەرچاوەی ڕاستەوخۆی مەعریفەیە، هەر خۆیشی سەرپشکە لە درکاندنی نهێنییەکانی مەعریفە، یان نا. دەیگوت: ئەوە ئیمامە، حەقیقەت دیاری دەکات، خەڵک مافی ئەوەیان نییە لەو بارەیەوە گوتوبێژ بکەن.

ھەواڵی زیاتر