یەکەمین مانیڤێستی هەڵبژاردن و دەریچەیەک بۆ گرفتەکانی ئێستا

سالار عوسمان

بەشی دووەم

بارزانی چی گوت و چی کرد؟
سەرۆک مەسعود بارزانی، کە لە 22 ی ئاداری ساڵی 1991 ئەم گوتارەی لە شاری کۆیە پێشکەشی جەماوەری ڕاپەڕیو کرد، ڕاپەرین کەڕنەڤاڵی سەرکەوتنی ئەگێڕا، ئاگری جەژنی نەورۆز و ئاگری جەژنی سەرکەوتن کڵپەی ئەدا، لە نێو ئەم سرووتی حەماسەتحوڵقێنی سەرکەوتنە، بارزانی لۆژیکی هەڵبژارد و عەقڵانییەتی سیاسیی کردە نەخشەڕێگا،
کە ئەویش هەڵبژاردنە، گەڕانەوەیە بۆ ڕای گەل و شەرعیەتدانە بە جەماوەر.
هەقە بپرسین: لەو ساتە پڕ حەماسەتە، کە هەمووان نەشئەی سەرکەوتنمان گرتبوو، کوردستان بە کەرکووکیشەوە ئازاد کرابوو، ڕژێمی بەعس کەوتبووە چاڵی شکستەوە، کێ لە سیاسەتوان و ڕۆشنبیران و یاساناسانی کوردستان بیری لەوە کردەوە، کە دەبێ ئیتر کوردستان ڕووەو شەرعیەتی یاسایی هەنگاو هەڵێنێ و هەڵبژاردن بکات و خۆی ڕێکبخات؟.
مێژوو لە لاپەڕە گەشەکانی خۆیدا بە شانازییەوە ئەم دەستپێشخەرییەی بۆ سەرۆک بارزانی تۆمارکردووە و، هەقە هەموو ئەوانەی لە خەمی ڕاستی، دیموکراسی و هەڵبژاردنن ددان بەو ڕاستییە ڕۆشنە بنێن، تا بشێین پێکەوە بیربکەینەوە، پێکەوە کار بکەین و گرفتەکانمان چارەسەر بکەین، چونکە تەنیا دداننان بە ڕاستی دەستمان دەگرێت بۆ چارەسەر.
ئێستاش هەروایە، بۆ ئەوەی چارەسەری گرفتەکانمان بکەین، دەبێ بچینەوە بۆ لای جەماوەر، بۆ لای هەڵبژاردن، بەڵام کام هەڵبژاردن؟. لێرە گرێی گفتوگۆیەک دەست پێ دەکات، کە هەر دەبێ بە حیکمەتی کوردانە بکرێتەوە، گرێیەکەش ئەوەیە: هەر پارتی دیموکراتی کوردستان نا، بەڵکو بەشێک لە حزبە سیاسییەکانی تریش پێیانوایە دیزاینێکی پێشوەختە بۆ هەڵبژاردن ئامادە کراوە، کە ئیش لەسەر قەبارەی ئەحزاب دەکات بە ئاڕاستەی بچووککردنەوەی قەوارەی سیاسیی کوردستان و حکوومەتی هەرێم و پارتی و پێکهاتەکان و، دواجار برسیکردنی خەڵک و ڕاگرتنی پێشکەوتن لە کوردستاندا، کە پارتی ناچێتە ژێربارییەوە.
بۆ ئەوەی ئەم گرێ و گرفتە چارەسەر بکرێ، دەبێ گەرەنتی دەستتێوەرنەدان، پاکی و بێگەردی و شەفافی هەڵبژاردن بدرێته پارتی، جا هەموو ئەوانەی پەرۆشی هەڵبژاردنن، لە دۆستان، لە دونیا، لە دەر و دراوسێ و نێوخۆ، با ئەم گەرەنتییە بدەن بە پارتی، ئەوکات پارتی پێش هەمووان ئامادەی هەڵبژاردنە و، وەک هەموو جاریش لەپێناو تەبایی سیاسی و پێکهێنانی حکوومەت ئامادەیە کەمتر لە ئیستیحقاقی هەڵبژاردن و دەنگەکانی خۆی پۆست وەربگرێت، هەر هەموو کابینەکانیش لەبەرچاون، کە پارتی هەمیشە کەمتری بۆ خۆی زۆرتری بۆ سەرکەوتنی کوردستان ویستووە..
ـــــــــــــــ
ماویەتی