نادەستووریبوونى دادگای فیدراڵی عێراق و بەکارهێنانی وەک چەکێک لە ململانێ سیاسیەکاندا

هێمن هەورامی

بەشی یەکەم
دادگای دەستووری، بەگشتی، لە هەموو دەوڵەتێکدا، باڵاترین دەسەڵاتی دادوەرییە و بڕیارەکانی كۆتایی و بنبڕنوتانەیان لێنادرێت، بەڵام لە وڵاتە فیدڕاڵییەكاندا، ئەم دادگایە لەلایەك پارێزەری سەرەكی سیستەمی فیدڕاڵییە، لەلایەكی دیكەشەوە گەرەنتی كارایی، بەردەوامی و سەركەوتنی سیستەمە فیدڕاڵییەكە دەكات. بە مانایەكی دیكە، ئەم دادگایە بۆ هەر سیستەمێكی فیدڕاڵی، ئەگەر لە ڕێچكە و چوارچێوەی كارەكانی لانەدات، دەبێتە كۆڵەكەیەكی پتەوی سەركەوتنی سیستەمەكە، بە پێچەوانەشەوە، كاتێك دەبێتە ئامرازێكی سیاسی و تێكەڵ بە ململانێ سیاسییەكان دەبێت، یان دەكرێت، ئیتر دەبێتە ئامرازێكی مەترسیدار و بنكۆڵی كۆی پرۆسەكە دەكات و دووریش نییە سەرەنجام، سیستەمەكە داتەپێنێت، چونكە خودی سیستەمی فیدراڵی لەسەر هاوسەنگیەكی وورد و هەستیار بونیاد نراوە كە لایەنە بەشداربووەكانی بەدانوستان و ڕێككەوتن پێی گەیشتوون و لەنێو دەستووردا جێگیركراوە.
نموونەی بەرچاوی ئەزموونە سەركەوتووەكانی دادگا دەستوورییەكان لە وڵاتە فیدڕاڵییەكان زۆرن، بەڵام ئەوەی لێرەدا مەبەستە مەترسییەكانی نموونە پێچەوانەكەیە، كە دەكرێت ئەزموونی ئێستای عێراق دیارترینیان بێت، چونكە ئەم دادگایە، وێڕای ئەوەی خۆی دەستووری نییە و بەپێی بنەما بەركارە دەستوورییەكان دروست نەبووە، لە ئێستادا وەك ئامرازێكی سیاسیی لە ڕێچكە و ڕێڕەوە دیاریكراوەكەی خۆی لایداوە و وەك ئامرازێكی شكاندنی ڕكابەرەكان لە ململانێ سیاسییەكان كار دەكات.
پاشخانی دادگای دەستووریی و فیدڕاڵی لە عێراقدا
لە عێراق، یەکەم دادگای دەستووری لە ماددەكانی (81-87) ـی دەستووری ساڵی ١٩٢٥ــدا دەقنوسکراوە و پێكهێنرا. دادگاكە، وەك دامەزراوەیەکی سەربەخۆ لە عێراقدا کاری کردووە تا ئەوکاتەی سەربەخۆیی خۆی لەدەستدا کاتێک لەساڵی ١٩٧٩ ئەنجوومەنی دادوەری عێراق بە وەزارەتی دادەوە لکێنرا و لە سەردەمی دیكتاتۆرییەتیشدا هیچ پێگە و بەهایەكی نەما.
لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ ـیشەوە دەسەڵاتی کاتیی هاوپەیمانان لێژنەیەکی باڵایان پێک هێنا بۆ پێداچونەوە بە کاروباری دادگاکان و دادوەرەکان و کردنەوەی دەرگای نوێی دامەزراندنی دادوەران و دورخستنەوەی ئەو دادوەرانەی کە ئینتیمایان بۆ بەعس هەبوو. بەمەش (20%)ـی دادوەرانی عێراقیان دوورخستەوە و سەرلەنوێ دەرگای دامەزراندنی دادوەران کرایەوە، هەروەها پێکهاتەی دادگاکانیش گۆڕان و ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی سەربەخۆیی خۆی وەرگرتەوە و لە وەزارەتی داد جیا کرایەوە. دواتر ئەنجومەنی باڵای دادوەری بە فەرمانی ژمارە(٣٥) لە ساڵی ٢٠٠٣ ـی دەسەڵاتی کاتی هاوپەیمانان دروستکرا و بۆ ماوەیەکی زۆر دادوەر(مەدحت مەحموود) سەرۆکایەتی دەکرد .
پاش دروستبوونی ئەنجوومەنی حوکم و دەرچوونی یاسای كاتی بەڕێوەبردنی دەوڵەتی ( Transitional Administrative Law – TAL) و چەسپاندنی سیستەمی فیدڕاڵی، بەپێی بڕگەكانی ماددەی (44)ـی یاساكە دەبوا دادگایەكی دەستووری، وەك بنەمایەكی سیستەمی فیدڕاڵی، دروست بكرێت. بە فەرمانی دەسەڵاتی هاوپەیمانان، حکوومەتی عێراق بە سەرۆکایەتی (ئەیاد عەللاوی) فەرمانی تەشریعی ژمارە (٣٠) ساڵی٢٠٠٥ بۆ پیکهینانی دادگای باڵای فیدراڵی دەرکرد. پاشان دادگاكە بە سەرۆكایەتی دادوەر (مەدحەت مەحموود) پێكهێنرا.
كاتێك ئەم دادگایە پێكهێنرا، گفتوگۆكانی نووسینەوەی دەستووری هەمیشەیی دەستیان پێكردبوو. پاش 10 مانگ لە دروستبوونی دادگاكە ، دەستووری هەمیشەیی عێراق ڕاپرسی لەسەر كرا و پەسەند كرا.
لەم دەستوورەدا، دیسانەوە بەگوێرەی ماددەی (92) داوا كرابوو كە دەبێت دادگایەكی فیدڕاڵی بە یاسایەكی تایبەت دروست بكرێت و دەرچوواندنی یاساكەش پێویستی بە 2 لەسەر 3 ـی دەنگی پەرلەمان هەیە. بە مانایەكی دیكە، دەستووری هەمیشەیی بواری بە بەردەوامبوونی كاری دادگا فیدڕاڵییەكەی كە بەگوێرەی فەرمانی ژمارە (30) پێكهێنرابوو، نەداوە، چونكە ئەگەر وا بوایە و نیازی دەستووردانەرانی هەمیشەیی عێراق ئەوەبوایە كە ئەو دادگایە لە كارەكانی بەردەوام بێت، ئەوا بۆ نموونە، هاوشێوەی دادگای باڵای تاوانەكانی عێراق كە پێش پەسەندكردنی دەستووری هەمیشەیی دروست كرابوو، بەگوێرەی ماددەی (134) دەستوورەكە ڕاشكاوانە هاتووە كە دادگاكە لە كارەكانی بەردەوام دەبێت، ئاوهاش دەگوترا كە دادگای فیدڕاڵی لە كارەكانی بەردەوام دەبێت.
كەواتە بەپێی ماددەی 92 دەبوا سەرلەنوێ و بەپێی یاسایەك ( كە تا ئێستاش دەرنەكراوە) دادگای باڵای فیدڕاڵی بۆ قۆناغی دەستووری هەمیشەیی پێك بهێنرایە. كە ئەوەش نەكرا، ئیدی بنەمای دەستووریبوون بۆ درێژەدان و بەردەوامیدان بە دادگا فیدڕاڵییە كۆنەكە، بوونی نەما و بەمەش ناسنامەی دەستوورییبوونی دادگاكە لەدەست درا.
پاش قەیرانە سیاسییەكانی تشرینی 2019 و كەوتنی كابینەكەی (عادل عەبدولمهەدی)، دادگای فیدڕاڵی بەهۆی خانەنشینبوونی دادوەر (فارووق سامی) و پاشانیش كۆچی دوایی دادوەر (عەبوود تەمیمی ) تووشی پەككەوتن و سڕبوون هات، چونكە بەپێی فەرمانی ژمارە (30) دەبوا دادگا بە ئامادەبوونی سەرجەم ئەندامەكانی كۆ ببێتەوە. بەهۆی مشتومڕیش لەبارەی میكانیزمی پڕكردنەوەی شوێنە بەتاڵەكان نەدەتوانرا شوێنی ئەو دوو دادوەرە پڕ بكرێتەوە.
وەك میكانیزمێك بۆ كۆتاییهێنان بە خۆپێشاندان و ناڕەزاییەكان بەڵێنی هەڵبژاردنی پێشوەختە بە خەڵك درا، بەڵام بەهۆی پەككەوتنی دادگای فیدڕاڵییەوە نەدەتوانرا ئەنجام بدرێت، چونكە بەپێی بڕگەی حەوتەمی ماددەی (93)ـی دەستوور، دەبێت ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنەكان لەلایەن دادگای فیدڕاڵییەوە پەسەند بكرێت. هەوڵەكان بۆ دەركردنی یاسایەكی تایبەت بە دادگای فیدڕاڵی بەپێی ڕێككەوتنی سازانی لایەنەكان سەریان نەگرت. سەرەنجام لە 18/3/2021ـدا و بە زۆرینەی سادە و بە دەنگدانی 204 ئەندامی پەرلەمان و بەپێی یاسای ژمارە (25)، هەمواری فەرمانە تەشریعییەكی ژمارە (30) ساڵی 2005 كرا. بەمەش هێندەی دیكە نادەستوۆوریبوونی دادگاكە تۆختر كرایەوە. ئەمەش لەبەر ئەو هۆكارانەی كە دەیخەینە ڕوو.
ئارگیۆمێنتە حاشاهەڵنەگرەكانی نادەستووریبوونی پێكهاتەی ئێستای دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق
بە پشتبەستن بە خستنەڕووی ئەو پاشخانەی سەرەوە، بەشێوەیەكی حاشاهەڵنەگر، دەردەكەوێت كە ئەم پێكهاتەیەی ئێستای دادگای فیدڕاڵی بنەمای دەستوری نییە و نادەستورییە، لەبەر ئەوەی:
ئەم دادگایە بەپێی فەرمانێكی تەشریعی ژمارە (30) ساڵی 2005دامەزرێنراوە و بۆ قۆناغی پێش دەستووری هەمیشەیی عێراق بووە، چونكە دەستووری هەمیشەیی بەردەوامبوونی دادگاكەی جێگیر نەكردووە، بەڵكو بەپێچەوانەوە بەپێی ماددەی (92) داوای دەرچواندنی یاسایەكی تایبەتمەندی كردووە بۆ دامەزراندنی دادگای فیدڕاڵی بۆ قۆناغی هەمیشەیی.
هاوكات، ئەو ماددەیەشی (ماددەی 44)ـی یاسای ئیدارەی دەوڵەتی هەڵوەشاوە، بەپێی حوكمی ماددەی 143 ـی دەستووری هەمیشەیی هەڵوەشێنراوەتەوە، چونكە دەستووری هەمیشەیی تەنها حوكمی ماددەكانی (53 و 58)ـی لە یاسای كاتیی هێشتووەتەوە. وەك باسیش كرا بۆ بەردەوامی دامەزراوەكانی پێش دەستووری هەمیشەیی، جگە لە ناساندنی دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان، تەنها بەگوێرەی ماددەی (134) بڕیاری بەردەوامبوونی دادگای باڵای تاوانەكانی عێراقی داوە.
یاسایەكی تایبەت بەگوێرەی ماددەی 92 ـی دەستوور بۆ دادگای فیدڕاڵی دەرنەچوێنراوە، هەمواركردنەوەی فەرمانی ژمارە (30)ـیش لەساڵی 2021دا تەواو پێچەوانەی دەستوور و تەنانەت پێچەوانەی بڕیاری خودی دادگاكەشە، چونكە وەك ئاماژەی پێكراوە، دەستوور داوای دەرچواندنی یاساكەی بە زۆرینەی 2 لەسەر 3 ـی پەرلەمان كردووە. یاسایەكیش كە ئەو ڕێژەیەی بۆ دیاریكرابێت، هەمان ڕێژە بۆ هەمواركردنەشی پێویستە. بەڵام وەك باسكرا، بە زۆرینەی سادە فەرمانە تەشریعییەكە هەموار كرایەوە.
لەلایەكی دیكەشەوە، خودی دادگاكە خۆی بەگوێرەی بڕیاری (107) لە 18/11/2012 جەخت دەكاتەوە كە پێویستە بۆ دەرچوواندن یان هەمواركردنەوەی یاسای دادگای ئیتیحادی ڕەچاوی حوكمی بڕگەی دووەمی ماددەی 92 ـی دەستوور بكرێت، كە پێویستە 2 لەسەر 3 ـی پەرلەمان دەنگی پێ بدەن، كەچی پێكهاتەكەی ئێستای بە زۆرینەی ڕەها دروست كراوە.
هەمواری فەرمانی ژمارە (٣٠) بە یاسای ژمارە ٢٥ی ساڵی ٢٠٢١ بە پاساوی پاڵپشت بە ماددەی (١٣٠)ی دەستوور بووە، بەڵام لەڕاستیدا ئەم هەموارە ڕێک پێچەوانەی ماددەی ناوبراوە چونکە ماددەی (١٣٠) جەخت لەمانەوەی ئەویاسایانە دەکاتەوە و کاری پێدەکرێت مادام هەڵنەوەشاوەتەوە یاخود هەموارنەکراوەتەوە بە پێی حوکمەکانی دەستوور، بەڵام هەمواری فەرمانی ژمارە (٣٠)ی ساڵی ٢٠٠٥ بەپێی حوکمەکانی دەستوور هەموار نەکراوەتەوە بۆیە ئەو هەموارەش هەر نادەستووریە، چونکە دەستوور بۆ دەرکردنی یاسای دادگای فیدراڵی یان هەموارکردنەوەی، دیاریکردووە کە ئەبێت بەزۆرینەی دوو لەسەر سێ دەربچێت، بەڵام ئەو هەموارە بە زۆرینەی ڕەها هەموارکراوەتەوە.
بەڵگەیەكی دیكەی نادەستووریبوونی پێكهاتەی ئێستای دادگاكە و هەمواری یاسایەكەی ئەوەیە كە وێڕای ئەوەی یاسای هەمواری بڕیاری ژمارە (30) بە زۆرینەی ڕەها (نەك 2 لەسەر 3 وەك دەستوور داوای كردووە) پەسەند كرا، بۆ دەرچواندنەكەی پێویستی بە مەرسومی سەرۆكایەتی كۆمار هەیە و ئەمەش بەپێی دەستوور لە دەسەڵاتە حەسریەکانی سەرۆککۆمارە، بەڵام بۆ ئەم یاسا نادەستوۆورییە، مەرسومەكەی لەلایەن سەرۆكی پەرلەمانەوە دەرچوێنرا، كە سەرۆكی پەرلەمان بەهیچ شێوەیەك دەسەڵاتی دەركردنی مەرسومی دەرچواندنی یاساكانی نییە.
پێکهاتەی دادگاکە پێچەوانەی ئەو پێکهاتەیە کە لەدەستووردا دەقنوسکراوە ئەمەش بۆخۆی سەرپێچیەکی دەستوورییە، و بەڵگەیە لە سەر نادەستوۆوری بوونی دادگاکە، چونکە پێکهاتەی ئێستای دادگاکە هەموویان دادوەرن، لە کاتێکدا بڕگەی دووەمی ماددەی (92)ـی دەستوور جەخت لەسەر بوونی پسپۆرانی یاسا و شەرعزانانی ئیسلامیدەکاتەوە لە پێکهاتەکەیدا.
خاڵێکی دیكەی نادەستووریبوونی دادگای فیدراڵی بریتیە لە هەموارکردنەوەی ماددەی(٣)ـی فەرمانی ژمارە (٣٠) ساڵی ٢٠٠٥، کە ڕێوشوێنی نوێی داناوە بۆ دیاریكردنى ئەندامانی دادگاکە، و مافێکی لە هەرێمی کوردستان سەندۆتەوە کە بریتیە لە دیاریکردنی ئەندامانی دادگای باڵای فیدراڵی بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی کوردستان، بەڵام لە هەموارەکەدا ئەمە هەڵگیراوە. بەمەش پارسەنگ و هاوسەنگی نەتەوەیی و تەنانەت پێكهاتەیی و مەزهەبیش لە عێراقدا تێك دراوە، چونکە ژمارەی دادوەرەکان (٩) دادوەرن، لەوانە (٥) یان شیعەیە و کورد و سوننەش یەکی (٢) دادوەریان هەیە. بەپێی یاساکەی خۆیان، بڕیارەکانی دادگاكەش بە زۆرینەیە، كەواتە پێكهاتەی زۆرینەچ بڕیارێكیان بوێت ئەتوانن بە زۆرینە تێیپەڕێنن.

ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان