ئەلفوبێی مرۆڤبوون

زكری موسا

كارتان بەوە نەبێت چكارەم و باكگراوندی سیاسیم چیە و سەر بە كام حزب و لایەنم. هەرچیەك بم ئەو مافەشم هەیە وەك كوردێك لەسەر دۆخی سیاسیی كوردستان قسەم هەبێت. چاك تێدەگەم لە گۆڕەپانی سیاسیدا ململانێ و كێبڕكێی نێوان لایەنەكان هەیە و دەشزانم كێبڕكێی نێوان لایەنە سیاسیەكان بابەتێكی سرووشتی و پێویستی پڕۆسەی سیاسییە. بەڵام ئەوەش دەزانم كە هەموو ململانێ و كێبڕكێیەك دەبێ پەیوەست بێت بە كۆمەڵێك بەها و پڕەنسیپ و هێڵی گشتی و ستراتیژی كە ناكرێ و نابێ ببەزێندرێ و پێشێل بكرێن.
بۆ نموونە نابێ هەڵسوكەوت و بڕیار و هەڵوێستی لایەنێك بە جۆرێك بێت ببێتە هۆی لێكترازاندن و لاوازكردنی وڵات. نابێ و ناكرێ سلووكی دژەكولتووری و دژەبەها لە لایەنە سیاسییەكان بدیترێت. ناشبێ لایەنی سیاسی هەبێت هەموو هەوڵی خۆی لەوەدا چڕ بكاتەوە وڵاتی خۆی لەبەرانبەر نەیارە دەرەكییەكاندا بچووك بكاتەوە و یاری بە پرسە نەتەوەیی و نیشتیمانییەكان بكات. دواتریش بە بیانووی كاكە من سیاسەت دەكەم پاساو بۆ ئەم كردەوە نابەجێیانەی بێنێتەوە. كاكە، سیاسەت بكە بەڵام دەبێ بشزانی سیاسەتیش ئسووڵی خۆی هەیە. ئامانجی سیاسەتكردن بەختەوەریی گشتی و سەربەرزیی وڵاتە. سیاسەتێك كە دواكەوتوویی و سەرشۆڕی بەدوادابێت سیاسەت نیە بەڵكو دۆڕان و شكستە. سیاسەتێك تەنیا بەر مەبنای یاسای دارستان و “هاوكێشەی بەهێز بێهێز بخوات” بێت سیاسەت نیە بەڵكو بێئاگاییە لە ئەلفوبێی مرۆڤبوون و مەدەنیەت.
بەسەرهاتی مەزلوومیەتی گەلی كوردستان و ئەو ستەم و تاوانانەی لەدژی كراون هەموو كوردێك دەیزانێت. بەشخوراوی و زوڵمی جیۆگرافیا و دڵڕەقیی یاسا نێودەوڵەتییەكان بۆ هەموومان ئاشكرایە. دەشزانین بەسەر چوار دەوڵەتی نكۆڵیكاردا بە زۆر دابەش كراوین. لە دەستیان بێت ناهێڵن هەناسە بدەین و شار و گوند و هەبوو و نەبوومان وردوخاش دەكەن. لەو دۆخە تڕاژیكەدا لەبری ئەوەی هاوسۆزی ژانە هاوبەشەكانمان بین بەڕاستی عەیبەیە تازە بە تازە بێین سیاسەتی قێزەون و دارستانیانە لەدژی وڵاتی خۆمان پیادە بكەین.
ئێستا هەرێمی كوردستان كە تاكە ئومێدی گەلێكی تەنیایە وەك ڕۆژی ڕووناك دیارە تووشی جۆرەها كەمین و پیلانگێڕیی دەرەكی و هەرێمایەتی بووەتەوە. هەموو هاووڵاتیانی كوردستان زۆر باش لەمە تێگەیشتوون. چاویشیان لەوەیە لایەنە سیاسییەكان بەرپرسیارانە و بە ژیری و شەجاعەتەوە ئەم قۆناغە تێبپەڕێنن. بابەتی دادگەی فیدڕاڵی كە بەداخەوە هەندێ سیاسەتمەداری كورد وەك بڵێی شاكارێكیان كردبێت، بە شانازییەوە پاڵپشتیی دەكەن. كەچی ئەم دادگەیە ئامرازێكە بۆ كەوڵكردنی كورد و لاوازكردنی هەرێمی كوردستان. بڕیارەكانی سەدلەسەد سیاسی و ئامانجدارن. ئەو دادگایە كەوتووەتە دۆخی گاڵتەجاڕی و سەربەخۆیی خۆی لەدەست داوە و خزمەتكاری ئەجێندایەكی دیاریكراوە. بۆ هەموو شارەزایەكی دەستووری ئەوە ڕوونە كە دادگەكە ئیشی خۆی فەرامۆش كردووە و جێی تەشریع و جێبەجێكردنی گرتووەتەوە و لەبری پارلەمان بڕیار دەردەكات و یاسای هەڵبژاردن دەگۆڕێ. تەدەخول لە بابەتی مووچە دەكات كە بە هیچ شێوەیەك ئیشی ئەو نیە و هیچ ڕەبتێكیشی پێوە نیە. كاری سەرەكیی دادگەی فیدڕاڵ چارەسەركردنی كێشە دەستوورییەكانی نێوان هەرێمەكان و ناوەندە و لە زۆر حاڵەتیشدا ئەو دادگەیە لەپێناو دادپەروەری و شەراكەت و تەوازون و تەوافوقدا حەقی زیاتر بە هەرێمەكان دەدات. لە بنەڕەتدا دادگەی فیدڕاڵ بۆ ئەوەیە هاوسەنگیی نێوان هەرێم و ناوەند بپارێزێت نەك ئەوەی هەموو بڕیارێكی لە بەرژەوەندیی ناوەند و تایفەیەك و لایەنی سیاسیی دیاریكراو بێت.
ناخی هەر کوردێک ئازار دەدرێت کە دەبینن بەشێك لە لایەنە سیاسیەكان و میدیا و ئۆرگان و دەمڕاست و پەیج و ئەدمینەكانیان بێ ئەوەی بزانن چ زەبرێك لە خۆیان و وڵاتەكەیان دەدەن، پشتگیریی بڕیارەكانی دادگەی فیدڕاڵ دەكەن. كام عەقڵی سەلیم ئەوە قبووڵ دەكات كە لەبەر ئەوەی سیاسەت دەكەی و بەپاساوی زیانگەیاندن بە پارتی و بە پاڵنەری ئینتقامی سیاسی بچیتە بەرەیێکەوە كە ئامانجی بێنرخكردن و بچووككردن و بەتاڵكردنەوەی تۆ و وڵاتەكەت و تێكڕای مێژووەكەتە؟
باشە پێمان ناڵێن چ حیكمەتێكی تێدایە كە پشتیوانی ئەوە بی پەنجەمۆری هێزی ئەمنی و چەكداری خۆت بدەیە دەست كەسێكەوە كە نوێنەرایەتیی خەستترین جۆری تایفەگەری و شۆڤینیەتی مەزهەبی و قەومی دەكات لە ناوچەكەمان؟
ئەمە چ دەستكەوت و سەركەوتنێكە شانازیی پێوە دەكەن؟ ئەمە جنوونە یان سیاسەت؟ ئایا ڕەوایە میراتی شۆڕش و ئەنفال و كیمیاباران و خەباتێكی دوورودرێژی گەلەكەمان و تێكۆشانی میللەتێك و تینوویەتیی بۆ ئازادی بخرێتە ژێر ڕەحم و سەلیقەی تایفەگەری و شۆڤینیەت، چونكە سیاسەت دەكەن و دەتانەوێ پارتی لاواز بکەن؟