هەموو شتێک بەخوێ، خوێشبە مانا!

حیات مجید

کاتێک گوێبیستی ئەم پەندە کوردیە دەبیت شتگەڵیک دێتە خەیاڵمان کە رەنگە هەر کەسەو لە تێڕوانین و گۆشە نیگایی ژیانی خۆیەوە بڕوانێتە مانای ئەم جۆرە پەندانە، کە کەلتوری جوان و رەسەنی کوردەواری پڕە لە پەند وسەرگوزشتە و وشەی پڕ مانا.
لەم پەندە پڕ مانایەوە شتگەلێک دێتە ئاراوە و رەنگە لای من زۆربەشمان بووبێتە جێگەی تێڕامان و سەرنج، ئەو بابەتەش پەیوەست بوونی زۆربەی خانمانمانە بە جوانکاریەوە.
ئافرەت و جوانی بابەتێکی سادەی ئەمڕۆ نیە بەڵکو پێوەری جوانی بە پێی سەردەم و وڵات و کەلتورە جیاوازەکان دەگۆڕێت و بەردەوام و نەوە لە دوای نەوەش لە گۆراندایە، تا ئەم کاتەش مرۆڤ نەگەشتۆتە ئەو ئاستەی جوانی بخاتە چوارچێوەوە و ستانداردێکی بۆ دابنیت، بەڵکو هەموو کات جوانی لە گۆراندایە، رەنگە ئەو جوانیە هەر زوو بەزوو لە هەر دەیەی سەدەیەکدا جۆرێک وێنا کرابێت و پەسەندی کۆمەڵگا بێت.
ئافرەتانی کورد بە خاوەنی جوانیەکی سروشتی و بەهارین، پڕن لە ژیان، هەڵبەتە ئەو بەهارییە و جوانیەی ئافرەتی کورد رۆژ بە رۆژ و ساڵ بە ساڵ گۆڕانکاری بەسەردا دێت، لەوانەیە لە ئیستادا بەو چەشنە باسی بکە وەک خۆی نەبێت بە حوکمی ئەو شەپۆلە جوانکاریەی کە جیهانی تەنیوە و بە خێرای بابەتی گۆرانکاری و نەشتەرگەری لە رووخسارو و قەدو باڵادا روویداوە، رەنگە ئەم گۆرانکاریانە بۆ بیست ساڵێک بەر لە ئێستا حاڵەت بوو، تایبەت بوو بە ئەکتەرو هونەرمەندە دیارەکانی سینەما و شاشە بەناوبانگەکان، بەڵام ئەمڕۆ کۆڵانێک نیە لە شارێکی گەورە تا بچوک چەند کەسێکی تیا نەبێت دەستکاری رووخساری نەکردبێت. واتە ئەمڕۆ دیاریدەیە، دیاریدەیەکی زۆر ئاسایی لای هاوڵاتی دروستر بلێم زۆر ئاسایی بۆتەوە کە چەندین ئافرەتمان هەیە دوو جارو سێ جار گۆرانکاری دەکات لە ئەندامێکیدا، ئەم گۆرانکاریانە بەو جۆرە باو و بڵاوە جۆرێک لە نا دڵنیای و بی متمانەی دروست دەکات لە دەروونی ئافرەتدا، رەنگە زۆر جار لاسایی کردنەوە و رازی نەبوون بە هەبوونی ئەوەی هەیە زیاتر وا دەکات گۆرانکاری زۆتر بکریت.
وەک ئافرەتێک بدوێم زۆر جوانە ئافرەت گرنگی بە خۆی بدات گۆڕانکاریش بکات گۆرانکاریشی قبوڵ بێت، بە پێی پێویستی و رەنگە هەنێ جار نەخۆشی و عەیبداری بێت
لێرەدا بە گەرانەوە بۆ ئەو پەندەی کە دەڵێت هەموو شت بە خوێ، خوێش بە مانا. بۆ ئەوەی ئافرەتان لە بەرائەت و وجودی حەقیقی خۆیان بەو قەبارە گەورەیە دور نەکەونەوە با ڕێزی جوانی خۆیان بگرن و خۆیان لەگەل گۆرانکاریەکانیش بگونجێنن بەو مانای با تامی هەبێت، نەک هێندە زۆر بێت سوێربێت تامەکە.