کاریگەری دیمەنی توندوتیژی لەسەر دەروونی منداڵ و تاک

هەژێن لوقمان

مرۆڤ بونەوەرێکی لاسایی کەرەوەیە، واتا ئەو شتانە دەداتەوە بە کۆمەڵگا کە دەیبینێت و هەستی پێدەکات و وەری دەگرێت فێر کراوە، وەک دەزانین بەشێک فیلم و دراما و یاری هەیە کە منداڵان بە ئاسانی لە ڕێگای مۆبایلەکەی دەستیان یان ئای پادەکەیان یان تەلەفیزیۆنەکەی ماڵەوەیان دەتوانن بیبینن و بەکاری بهێنن کە بۆ تەمەنی ئەوان گونجاو نییە و کاریگەری خراپی لەسەر باری دەروونی منداڵەکە دا دەنێت.
کاتێک خێزانێک سەریری فلیمێکی ئاکشن و توندوتیژی دەکەن بیر لەوە ناکەنەوە کە ئەم فلیمە بۆ تەمەنی منداڵەکە گونجاو نیە و کاریگەری نەرێنی لەسەر دەروونی منداڵەکە دا دەنێت وا دەکات ئەم منداڵە هەوڵی لاسای کردنەوەی یان دوبارە کردنەوەی ئەو دیمەنە بدات کە بینیویەتی جا چ لەو تەمەنە بێت یان لە گەورە بونیدا چونکە کەسایەتی تاک لە ڕووداوەکانی تەمەنی منداڵیەوە سەرچاوە دەگرێ..
هەرچەند ئاسان نیە بڵێین ئەنجام دانی توندوتیژی لە فلیم یان بینینی دیمەنی توندوتیژیەوە سەرچاوە دەگرێت بەڵام بێگومان ئەوە یەکێکە لە پاڵنەرە گەورە و مەترسیدارەکان دەکرێت بۆ کەسێکی توندوتیژ پاڵنەرێکێ کۆمەڵایەتی هەبێت بەڵام دەکرێت شێوازی ئەنجام دانی تاوانەکەی لە فلیمیک یان بەرهەمێکی میدیای وەرگرتبێت، ئێمە دەبێت منداڵەکانمان بە دوور بگرین لە بینینی ئەو دیمەنانە، یاخوود ئەو یاریانەی کە لە مۆبایلدا دەکرێت و پڕە لە کوشتن و بڕین و جەنگ ئەمە بۆ تەمەنی منداڵەکەت گونجاو نیە منداڵەکەش لەسەر ئەم شێوازە پەردوردە دەبێت و فێر دەبێت و ئەو کەسایەتیە وەردەگرێت.
هەندێک نمونەی تۆمارکراوی بیانیمان هەیە تەنها سەردێڕەکانیان باسدەکەم چوونکە لە دەرئەنجامی لێکۆڵینەوەی هەندێک تاوان بوون
*تەقەکردنە خوێناوییەکەی خوێندنگەی دواناوەندی کۆڵۆمبیان ١٩٩٩
*کوشتنی جەیمس بۆرگلەر ١٩٩٣ بەریتانیا
*تەقەکردنەکەی ویلایەتی ڤێرجینیا ٢٠٠٧
*تەقە کردنەکەی سینەمای ئەرۆرا ٢٠١٣
ئەم نمونانە ئاماژە بە هەندێک کەیس دەکەن کە پاش لێکۆڵینەوە دەریان خستووە بکەری تاوانەکان لە منداڵییەوە بینەری فیلمی توندوتیژی بوون و کاریگەریەکی زۆری لەسەر دەروونی کەسەکە هەبووە.
بۆیە داوا لە دایک و باوکان دەکەین، وریا و ئاگاداربن لە پەروەردە کردنی منداڵەکانیان وە زۆرترین کاتەکانیان بۆ منداڵەکەیان تەرخان بکەن، ئاگاداری ئەوە بن کە منداڵەکانیان سەریری چی فیلم و ڤیدیۆیەک دەکەن و چی یاریەک بەکار دەهێنن وە هەمیشە چاودێری ئایپاد و مۆبایلی منداڵەکەیان بکەن شێوازی یاریەکان و ئەو شتانەی کە بەکاری هێناوە، وە بەردەوام سەرنجی ڕەفتاری منداڵەکەیان بدەن و پرسیاریان لێ بکەن لە بارەی حەز و خولیاکانیان و بیان دوێنن سەبارەت بەو شتانەی کە بیری لێ دەکەنەوە یان چۆن بیر دەکەنەوە وە پێویستە وا لە منداڵەکەت بکەیت متمانەت پێ بکات و بەبێ ترس ڕاستیەکانی ناو ناخیت بۆ باس بکات، بۆ ئەوەی لە کەسایەتی و بیر کردنەوەی منداڵەکەت شارەزا بیت و لەو ڕێگەیەوە پەروەردەیەکی تەندروستی پێ ببەخشیت.

ھەواڵی زیاتر