بڕیارەکە لە پێناو پاراستنی قەوارەی هەرێمە

شێرکۆ حەبیب

دوا بریاری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان سەبارەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و بەشداری نەکردن بەم شێوازەی ئێستا لەئارادایە بەهۆی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵ کە دژ بە کوردستان و بڕگەکانی دەستوری عێراقیشە، هەستکردنە بە بەرپرسیارەتی بەرامبەر گەلی کوردستان و پاراستنی مافەکانی کە پارتی لە ساتی دامەزراندنی تا ئەمڕۆ و ئایندەش خەبات بۆ پاراستن وەدەست هێنانی مافەکانی میللەتەکەمان دەکات و لەگەڵ هەموو ئەو بەربەستانە و بۆ ساتە وەختێکیش سازشی لە مافەکان نەکردووە، کە ئەمەش سەرچاوەکەی ڕێبازی پیرۆزی بارزانیی نەمر و ڕێنمایی و بۆچوونەکانی سەرۆک بارزانییە، کە هەردەم بەرژەوەندی میللەتی لەسەروی سەرجەم بەرژەوەندیەکانەوە داناوە.
ساتێک پارتی بریارێکی لەو شێوازە دەدات بێگومان بەرژەوەندییەکانی بەهەند وەرگرتوە کە ناکرێت هەڵبژاردن لە گەش و هەوایەکی تەمومژاوی ئەنجام بدرێت کە دادگای فیدراڵ بریارەکانی لە ئاست و خواستی گەلی کوردستان نەبێت، و دەست تێوەردان بێت لە سەروەریەکانی گەلی کوردستان، بەڵکو دەیەوێت قەوارەی کوردستانی بچووک بکاتەوەو کۆنترۆڵی بکات، و هەروەها دەستی دەرەکی تێوەردان بکات لەو هەڵبژاردنە، کە ئەمەش جێگای قەبووڵ کردن نییە بۆ پارتێکی خاوەن خەباتی زیاتر لە ٧٠ ساڵ کە چەندین قارەمانی لەو پێناوە کردۆتە قوربانی و گیانی پاکی خۆیان بەخشیە کوردستان، و چەندین داستانی قارەمانەتی تۆمار کردوە، تەنانەت ئەگەر لایانێک یا کەسانێک بۆ هەر مەبەست و مەرامێک بچنە ژێر باڵی ئەو دادگایە و بریارەکانی، بێگومان ئەوە پارتی نییە کە بڕیاری دژ بە مافەڕەواکانی کوردستان قەبووڵ بکات.
کشانەوەی پارتی لە پرۆسەی سیاسیی عێراق ئەگەر بریار بدرێت کاریگەری لەسەر بارودۆخی عێراق دەبێت و دەبێت پێداچوونەوەیەکی جدی بۆ دەوڵەتی عێراق بکرێت کە هەڵبەتە دەبێت لەسەر بنەمای بڕگەکانی دەستور و زامنکردنی مافەکانی کوردستان بێت کە ئەوەش مەرامی پارتییە. پارتی هەردەم بڕیارێکی دابێت بێگومان ئاکامەکەی لە بەرژەوەندی کوردستان بووە.
جگە لە بڕیارەکانی ئەو دادگایە، بۆچوون و شرۆڤەکردنی هەندێ کەسی یاساناس و سیاسی و ئەکادیمی کەوا بریارەکانی ئەو دادگایە. بە دستوری و یاسایی هەژمار دەکەن، لەگەڵ ئەوەی زۆر باش دەزانن کەوا بڕیارەکان دەستوری نین، بەڵام بۆ دژایەتی پارتی ئەو هەڵوێستە دەنوێنن، ئاساییە لەگەڵ بۆچوونەکانی پارتی نەبی یا دژی بی، بەڵام ناکرێت دژی بەرژەوەندیەکانی میللەتێک بێت لەساتێک بۆ چوونەکانی پارتی لەگەڵ بەرژەوەندی میللەتە و دژی سەپاندنی بڕیاری نا دەستوریە.
برگەی ١٢١ لە دەستوری هەمیشەیی عێراقی بە ڕوونی باسی دەسەڵاتەکانی هەرێم دەکات، “ دەسەڵاتدارنی هەرێم مافی خۆیانە دەسەڵاتی یاسادان و جێبەجێکردن و دادوەری بەپێی بڕگەکانی ئەم دەستورە بەکاربهێنێت، جگە لەوەی کە لە دەسەڵاتەکانی تایبەتی بە دەسەڵاتی فیدراڵ”
هیچ بڕیارێک لە پەرلەمانی کوردستان دەرنەچوو دژ بە هیچ بڕگەیەکی دەستور،
و لە بڕگەکانی ٩٢ و ٩٣ باسی لە چۆنیەتی دامەزراندن و کارەکانی دادگای فیدراڵ کردووە، لە هیچ لەو بڕگەیە ئەو دەسەڵاتە نەدراوە بەو دادگایە کەوا کوردستان دابەش بکات بۆ چەند بازنەی هەڵبژاردن و نەهێشتنی کۆتای نەتەوەکان.
تەنانەت بە پێی دەستوریش بێ خودی ئەو دادگایە مەرجەکانی دەستوری نییە هەروەک لە برگەی ٩٢ دا هاتووە.