پەیامنێرتان لە هەڵەبجەوە

حەمەسەعید حەسەن

بەشی دووەم

لە کاتێکدا بەشێکی گرنگی خەڵکی هەڵەبجە، مەستی بادەی خێڵایەتی بوون، ڕژێمی بەعس ئەو هەلە زێڕینەی لەدەست نەدا و ئەو پرۆژەیەی جێبەجێ کرد، لەمێژبوو خەونی پێوە دەبینی. هەر ڕۆژەی چەند گوندێکی دەڤەرەکە بە کەڵبەی شۆڤڵ و تەقەمەنی خاپوور دەکران و گوندنشینەکانیش دەبوونە پووشی نێو گێژەڵووکەی دەربەدەری و بە گڕەی ئاوارەیی هەڵدەپڕووکان. زەمینلەرزەی ڕاگوێزان، نزیکەی هەموو گوندەکانی دەوروبەری هەڵەبجەی تەخت کرد.

ڕژێم گەلێک مەبەستی دزێوی، لە دووتوێی ڕاگوێزاندا حەشار دابوو، وەک بڕێنی ئاو لە پارتیزانی ماسی، بێ دەرامەتکردنی دێنشینەکان و پاڵ پێوەنانیان بۆ ڕیزی چەکدارانی سەر بە بەعس، خڕکردنەوەی خەڵک بەمەبەستی بەئاسانی کۆنتڕۆڵکردنیان و تێکدانی بنکەی سەربازی هەڵاتوو. لە بەرانبەر ڕاگوێزاندا، گوندنشینان هانایان بۆ مەلای دێ و قورئانەکەی دەستی دەبرد، بەو ئومێدەی دڵی لەشکر نەرم بکەن. کە دەیانزانی سوپا تەنیا ئامرازێکە هەر جێبەجێکردنی لەسەرە، هەناسەی ساردیان هەڵدەکێشا و چاوەڕوانی پڕبوونی جامی ئارامی خوایان دەکرد و ملیان بۆ ڕاگوێزان کەچ دەکرد.
دەڵێن لە یەکێک لە گوندەکان، سەگێک نەبەردێکی کەموێنەی تۆمار کردووە و ئەوەی هەزار پاتە کردووەتەوە کە سەگ بەڕاستی گیاندارێکی بەئەمەکە. کاتێک خەڵکی ئاوایی دوور دەخرێنەوە و شۆڤڵ دەست بە خاپوورکردن دەکات و سەگ هەوڵی کاولکردنی خانووی خاوەنەکەی دەبینێت، دەوەڕێت، هێرش دەبات، کەڵبە لە کەوچکی زەبەلاحی شۆڤڵ گیر دەکات و ڕێ نادات ماڵەکە کاول بکرێت. ئەفسەرێک کە بینەری ئەم ڕووداوە دەبێت، دەستڕێژێک بەسەر سەگەکەدا دەکات، بەڵام سەگ لە هێرش ناکەوێت، چەند گولـلەیەکی پێوە دەنێت کە لە نزیکییەوە لە زەوی دەدەن، وەلێ هەر پەلامار دەدات و بەگژ شۆڤڵ و گولـلەدا دەچێتەوە. دەڵێن ئەفسەرەکە نەیهێشتووە ئەو خانووە خاپوور بکرێت.
گوندنشینەکان هانایان بۆ هەڵەبجە هێنابوو، ژمارەی دانیشتووانی هەڵەبجە ڕووی لە هەوراز کردبوو، قەیرانی خانوو سەری هەڵدابوو. خەڵکە ڕاگوێزراوەکە بووبوون بە فرۆشیاری گەڕۆک و دەستگێڕ. وای لێ هاتبوو، ژمارەی فرۆشیار لە کڕیار زیاتر بوو. پەتای بێکارییەکی کوشندە بڵاو بووبووەوە، کاروانی ماندووی ئەو بێکارانە، لە هەواری چەکدارە خێڵەکییەکاندا بارگە و بنەی دەخست. قوڕی کوێرەوەرییەکە ڕۆژ لەدوای ڕۆژ خەستتر دەبووەوە، هەژاران هەژارتر و دەوڵەمەندانیش دەوڵەمەندتر دەبوون. ئەوانەی کەچەدووکانێکیان هەبوو، لە بەیانییەوە تا ئێوارێ، بە خەڵکیاندا دەڕوانی و ئەوانیش هێدی هێدی بەرەو خانەی هەژاران ملیان دەنا. بێجگە لە خۆراک، بازاڕی هەموو کەلوپەلێکی دیکە، چرایەکی فوولێکراو بوو.
دەڵێن هەڵەبجە ڕادەگوێزرێت، ئەم هەواڵە تیرێک بوو، دڵی هەموو هەڵەبجەیییەکانی سمیبوو، بەردێک بوو گۆمی ژیانی شاری شڵەقاندبوو. هەر کەسە ڕۆژێکی بۆ ڕاگوێزان دیاری دەکرد، ڕووت لە هەر کوێ کردبا، باس هەر باسی ڕاگوێزان بوو. هەندێک گوندنشینەکانیان تۆمەتبار دەکرد، چونکە دژی ڕاگوێزان بەگژ ڕژێمدا نەچووبوونەوە. هەندێکی تر دەیانگوت: لە بوودەڵەییی چەکدارە خێڵەکییەکانە، ڕژێم بیر لە ڕاگوێزانی هەڵەبجە دەکاتەوە، یان دەگوترا: هەڵەبجە بنکەی بزاڤە دینییەکانە، بەعس بە (قوم)ی دەزانێت و لێی تۆقیوە. هەبوون وای دەچوون، هەڵەبجە بووە بە هەواری ڕۆژ و شەوی پێشمەرگە و لەژێر کۆنتڕۆڵی ڕژێمدا نەماوە، بۆیە ڕایدەگوێزێت. هەیشبوون پێیان وابوو، ڕژێم لە ترسی ئەوەی نەک چەکدارە خێڵەکییەکان بدەنە شاخ، هەڵەبجە ڕادەگوێزێت.. مۆتەکەی ترسەکە، ڕۆژ لەدوای ڕۆژ توندتر چۆکی لەسەر سنگی شار دادەدا و خەڵک بێزارتر دەبوون و بیریان لە یاخیبوون دەکردەوە.
یەکێتی بەپێچەوانەی ڕەوتاری دێرینییەوە کە (لە سەروەختی هەورەگرمەی غەزەبی جەماوەردا، ڕۆڵی دژەبروسکەی دەبینی،) لەو گۆمە ڕۆشنەدا، کەوتە مەلە و خوازیار بوو، خەڵک ڕۆژێک زووتر دژی ڕژێم ڕابپەڕێت. هەرچەندە لایەنەکان، بەتایبەتی شیوعییەکان، ڕۆڵیان لە سەرهەڵدانی ڕاپەڕینی هەڵەبجەدا هەبوو، بەڵام راستییەکەی ڕاپەڕین زادەی هاندانی هیچ لایەنێک نەبوو، ئەسپی سەرکەشی جەماوەر دەستپێشخەری کرد و گالیسکەی لایەنەکانی بەدوای خۆیدا بەکێش کرد.
شەوی ١٢ لەسەر ١٣ی ئایاری ١٩٨٧ بانگەوازی ڕاپەڕین، لە بڵندگۆی مزگەوتەکانەوە، هەڵەبجەی هەژاند. بۆ سبەینێ هەر لە سەعات هەشتی بەیانییەوە، جەماوەر ڕژانە سەر شەقام، ڕاپەڕین لە گەڕەکی کانیی عاشقنەوە دەستی پێ کرد و شاڵاوی گڕکانی خەڵکی هەڵچوو، ڕووی کردە ناوەندی شار و لەوێوە بەرەو گەڕەکی کانییەقوڵکە. هەنگاو بە هەنگاو ڕاپەرین فراوانتر، دەنگی ڕاپەڕیوان زوڵاڵتر و ورەی خەڵکی شار بڵندتر دەبوو.
ڕاپەڕیوان دەمامکیان کردبوو، ژنان شەڕواڵیان لەپێ کردبوو. خەڵکەکە داوایان دەکرد، گوندنشینانی ڕاگوێزراو بۆ زێدی خۆیان بگەڕێنەوە. هاواریان دەکرد: بەعسییەکان دوژمنمانن، سەربازان برامانن. دەنگی دلێری ڕاپەڕیوان، دەگەیشتە هەموو گۆشەیەکی شار. ڕژێم لەبەردەم لافاوی ڕقی خەڵکدا دەستەپاچە بوو، تەنانەت چەکدارە خێڵەکییەکانیش، کۆمەکی ڕاپەڕیوانیان دەکرد. پریشکی ڕاپەڕینی هەڵەبجە هەر ئەو ڕۆژە گەیشتە شارەدێی سیروان.
تانک و زرێپۆش گەیشتنە شوێنە گرنگەکانی شەقامەکانی هەڵەبجە. سەربازان بە خەڵکیان دەگوت: ئێمە فەرمانی کوشتنی ئێوەمان پێیە، تکایە شەقامەکان چۆڵ بکەن و هەر کەس بچێتەوە گەڕەکی خۆی. جەماوەر کە هەستی کرد، لەشکر بە کردەوە دژی ڕاپەڕینەکە نییە، کێوی ورەی زیاتر هەڵکشا و ڕاپەڕین مەزنتر بوو. ئەمە ئەو ڕۆژە بوو، خەڵک لەمێژبوو چاوەڕێیان دەکرد، سەرسەختترین دەزگای سەرکوتکاری ڕژێم: سوپا، لەبەردەم ورەی باڵاکەڵەگەتی جەماوەردا، لە کورتەبنەیەک زیاتر نەبوو.
لەناکاو دەستڕێژ تێکەڵ بە هاواری خەڵکەکە بوو، لەشکر و چەکدارە خێڵەکییەکان کەوتنە تەقەکردن. کەس نەیزانی بە گولـلەی کام لا، (مەریوان) شەهید بوو. خوێنی ڕژاوی مەریوانی لاو، دەروونی پڕ لە قینی شۆڕشگێڕانەی خەڵکەکەی زیاتر هێنایە کوڵ. ڕاپەڕیوان تەرمی پیرۆزی ئەو شەهیدەیان خستە سەر شانیان و بەرەو کانیی ئاشقانیان برد، لەوێشەوە هێنایانەوە بۆ ناوەندی شار و ئینجا بەرەو کانییەقوڵکەیان برد.
سەعات یازدەی پێشنیوەڕۆ، چەند هەلیکۆپتەرێک لە ئاسمانی هەڵەبجەدا پەیدا بوون و کەوتنە هاژەکبارانکردنی کانیی عاشقان. ڕژێم لەسەر زەوی تووشی تێکشکان هاتبوو، لە ئاسمان خۆی با دەدا. ئەوە هەر لە بەعس دەوەشێتەوە، بۆ خەڵکی بێچەکی ڕاپەڕیوی سەر شەقامی شاری ژێر دەسەڵاتی خۆی، فڕۆکەی جەنگی دەنێرێتە ئاسمان. لە ئەنجامی هێرشی هەلیکۆپتەرەکانەوە، چەند کەسێک شەهید بوون و گەلێکیش ئەنگاوتە. ڕاپەڕیوان هێدی هێدی بڵاوەیان لێ کرد، شەڕەکە زۆر ناهاوتا بوو، ڕژێمێکی پڕچەکی دڕندە و جەماوەرێکی سنگقەڵغان.
هەڵەبجە گەردی ترسی لێ نیشت، سەربازان ڕەوەکولـلە بوون و بەناو دەغڵی شەقام و کۆڵانەکاندا بڵاو بوونەوە. شاڵاوی دەستگیرکردن دەستی پێ کرد، لەشکری بەعس بەبێ جیاوازی هەر کەسی بەردەست کەوتبا، دەیگرت. ژمارەی گیراوان لە دوو سەد نزیک بووەوە. ئەمەیشیان ئاکارێکی تایبەت بە بەعسە، خوێندنگەی ئامادەییی کچانی کرد بە بەندیخانە. ئەوانەی هەلیکۆپتەر برینداری کردبوون، لە نەخۆشخانە دەرهێنران و ڕەوانەی چارەنووسێکی نادیار کران. بەشێکیان کە دواتر چارەنووسیان ئاشکرابوو، لەسەرووی گوندی بامۆکەوە، بەکۆمەڵ زیندەبەچاڵ کرابوون.
هەر هەمان ڕۆژ، ڕۆژی ڕاپەڕینەکە ١٣ی ئایاری ١٩٨٧ ڕژێم خەڵکی کانیی ئاشقانی وەدەر نا و بە تی ئێن تی، کەوتە تەقاندنەوەی گەڕەکەکە. خاپوورکردنی کانیی ئاشقان کە بنکەی سەرهەڵدانی ڕاپەڕینەکە بوو، هەفتەیەکی خایاند. زیاتر لە نیوەی دانیشتووانی گەڕەکەکە، ڕووە و ئێران هەڵاتن. بەشێک لە خەڵکی گەڕەکەکانی تر و پیاوانی ئایینیی شاریش لە ترسی تۆڵەی ڕژێم، هەمان ڕێێان گرتە بەر. ڕژێم لە ئاسمانەوە، بە هەلیکۆپتەر جاڕی دا: ئارام بگرن، هەلەبجە ڕاناگوێزرێت.
هەرچەندە ڕاپەڕین بە کارەسات دوایی هات، بەڵام زەبرێکی بەهێزی سرەواندە گورچکی ڕژێم. دوابەدوای ڕابوونی جەماوەری بوێری هەڵەنجە، زنجیرەیەک ڕاپەڕینی دیکە، لە شارەکانی تری کوردستاندا ڕووی دا. ڕژێم هێندەی زانی زەریای جەماوەی قەڵادزە، ڕانیە، دووکان، سەیید سادق، کۆیە و شەقلاوە، لە شەقامەکاندا شەپۆل دەدا. پیاوانی ڕژێم وەها تۆقیبوون، بڵندگۆی مزگەوتەکانی سلێمانی و هەولێریان چنییەوە، نەوەک بانگەوازی ڕاپەڕین ئەو دوو شارەیش بهەژێنێت.
کانیی عاشقان ئەو گەڕەکە دێرێنەی هەڵەبجە، وەک گۆڕستانێکی بەرینی لێ هات. دەڵێن هەبووە خانووەکەی چونکە پەڕ کەوتووە، نەڕووخێنراوە، لەسۆنگەی کوردەنامووسییەوە و بۆ بەشداریکردنی خەمی گەورەی گەڕەک، خۆی بە ڕووخاندنی داوە. لەنێو تراجیدیای کاولکردنی کانیی عاشقاندا، دوو عاشقی تازە بووک و زاوا، خۆراکی نەهەنگی کارەساتێکی دیکە دەبن. پیاوانی ڕژێم ڕۆژانە تی ئێن تییان بڵاو دەکردەوە و هەر چەند خانوویەکیان بەجارێک، بەدەست پێدانانێک تەخت دەکرد. بووک و زاوایەک بە ئومێدی ئەو ماڵە سپییەی بۆ ڕۆژی ڕەشیان هەڵگرتبوو، خۆیان بە ماڵدا دەکەنەوە، هەر ئەوان دەگەنە ماڵەوە، ناڵە بڵند دەبێتەوە، بووک شەهید و زاوایش بە سەختی بریندار دەبێت.
دوو سێ هەفتە دوای ڕاپەڕین، پیاوانی بەعس خەڵکیان کۆ دەکردەوە و بەڵێنی شیرینیان دەبەخشییەوە، پارێزگاری سلێمانی لە سەردانێکیدا بۆ هەڵەبجە، گوتبووی: “هەلەبجە قوربانییەکی زۆر داوە، بۆیە سەرۆک بە چاوێکی تایبەتییەوە سەرنجی دەدات.” هاووڵاتییەک سۆراخی چارەنووسی بریندارە گیراوەکانی لای پارێزگار کردبوو، گوتبووی: “بەمزووانە ئازاد دەکرێن!”

ھەواڵی زیاتر