چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

شەهیدێک بیروڕای خۆی دەردەبڕێ

حەمەسەعید حەسەن

١
ئابڕوو هەڵوێستە لەم گەلە
ئابڕوو هەڵوێستە لەم خاکە
ئەوی ئەم گەلەی خۆش ناوێ
بێ ئابڕووە
ئەوی ئەم خاکەی خۆش ناوێ
بێگانەیە
کێ دەڵێ خەڵکی وڵاتی
بەفر و کانی و داربەڕووە؟

٢
کە داگیرکەران دەبینن
لە چایخانە
لەسەر شەقام
لە هەر شوێنێ
خۆتان گێل کەن
هەر وەک چاوتان نەیانبینێ
کە بە لایانا ڕەت دەبن
سڵاو مەکەن
وا بزانن
ئەوانە پشیلەن سەگن
مشکن کولـلەن
کە پرسیاریشتان لێ دەکەن
خۆتان وەها نیشان بدەن
لە زوبانی ئەوان ناگەن

٣
چاوەڕوانیت؟
چاوەڕوانیت و هیچی تر؟
ئەوی تەنیا چاوەڕوانە
پێ بزانێ و پێ نەزانێ
قایلە بەم
ژینە پڕ ئازار و ژانە
ئەوی قایل بێ بەم ژینە
ترسنۆکە
دوژمنانیش دەیانەوێ
ئێوە هەموو ترسنۆک بن
پێتان دەڵێم
ئەوی بترسێ ناپاکە
ئەوی بترسێ دەچێتە
بەرەی دوژمن

٤
گەر دەتەوێ
لەشکری دوژمن ڕاو بنێی
دەبێ بەرەو ئامێزی مەرگ
پێشمەرگانە هەنگاو بنێی
گەر دەتەوێ
مردن سەری نەوی کا بۆت
پێویستە پێشمەرگە بی خۆت

٥
گەر دەتەوێ مانایە
بۆ ژینت دەست نیشان کەی
دەبێ سەراپای ژیان
بۆ چەوساوە تەرخان کەی
گەر دەتەوێ ژیانت
ژوورێ نەبێ چوڵوهۆڵ
چۆن دەبێ بۆ خۆت بژیت
خەمی گەل نەکەیتە کۆڵ؟
ئەوی تەنیا هەر بۆ خۆی
بۆ خۆی دەژی و هیچی تر
خۆی نازانێ ژیانی
کوورەیەکە بێ ئاگر!
ئەوی بەشداری ناکا
لە شەڕی گەل و خاکا
بۆچی لە خۆی ناپرسێ
بیانووی ژیانی چییە
من نازانم جیاوازیی
مان و نەمانی چییە

٦
گەر حەز دەکەن
وڵات سەربەست
میللەت شاد بێ
گەردن لە پەت
پێ لە زنجیر
پشت لە قامچی
دەست لە کەلەپچە ئازاد بێ
گەر حەز دەکەن
بە لاشەی بۆگەنی دوژمن
تێر پەین بێ کێڵگەی وڵات
بێتە بەرهەم ڕەزی ئاوات
دەبێ هەموو ئامادە بن
خۆتان ئەو ڕۆژە نەبینن
ئەوساکە ئەو ڕۆژە دێ
ئەوساکە سروەی شادی
دەگاتە هەموو شێرێ
دەگاتە هەموو گوندێ

٧
ڕق نەمامێکی پیرۆزە
بەرە بەرە گەورە دەبێ و
دەبێتە درەختی بەردار
درەختی ڕق
بەری تەواوی گرتووە
“دوێنێ زوو بوو
سبەینێ کات بەسەر چووە”
هەژارینە لێی کەنەوە
کاتی ڕاپەڕین هاتووە

٨
ئاشی هیتلەر
بەردی سەختی
گەلی قەرەجی نەهاڕی
کەچی نوێنەرە گەوجەکەی
بۆ گاشەبەردی گەلەکەم
بەکاری دێنێ دەستاڕی

٩
ئەی گەلەکەم
تۆ بۆ ئەوە دروست نەبووی
سەراپای ژین
بە شاخەوە
بەریتە سەر
بەڵام ئەی کێ
دەڵێ بۆ ئەوە دروست بووی
سەر نەوی کەی
بۆ داگیرکەر؟

١٠
من ژنم نەهێنا بوو تاکوو دوای خۆم
چەند منداڵی جێ بهێڵم وەکوو مۆم
لە شەوگاری نیشتمانا داگیرسێن
بۆ پەلامارێکی تر ببنە هەوێن
تاقە وەچەیە بەجێم هێشتیێ
تۆڵەسەندنە و ڕقە لە دوژمن
تاقە یادگارێ بەجێم هێشتبێ
قوربانیدانە و خۆبەختکردن