زامی هەڵەبجە چۆن ساڕێژ دەکرێت؟

‎هاودەنگ فارووق

هیچ بڕیار و كار و خزمه‌تێك، ناگاتە ئاستی قه‌ره‌بووی دڵۆپێك خوێنی به‌ ناهه‌ق ڕژاوی منداڵێكی هه‌ڵه‌بجه‌، پێمان وابوو بڕیاری بەپارێزگەكردنی هەڵەبجە دەبێتە ساڕێژكردنی زامی خەڵكی هەڵەبجە، لێ بە هۆكاری عەقڵیەتی بەرچاوتەنگ و شۆڤێنییەتی دەستەڵاتدارانی عێراق، تا ئێستا ماف وشایستەکانی پارێزگەبوونی بۆ دەستەبەر نەكراوە.
ساڵانە بەرپرسانی بەغدا، پێناخۆشحاڵی خۆیان بۆ مەرگەساتی هەڵەبجە دەردەبڕن، بەڵام وەختێك پڕۆژە یاسای بەپارێزگەبوونی دەخرێتە بەرنامەی كاری پەرلەمان، بە شیعەو بەسوننەوە دژی دەوەستنەوەو مەرجی دەنگدان دەبەستنەوە بەپارێزگەبوونی چەند شارێكی دیكەی عێراق، ئەمەیە ناهەقی و عەقڵی شۆڤێنییەتی بیری تەسکی تائیفەگەری و ڕق بەرانبەر كورد و بەپارێزگەبوونی هەڵەبجە.
ئەركی حكوومەتی عێراق, وەك چۆن كوێت و ئێرانی قەرەبوو کردۆتەوە،هەڵەبجەو گەلی كوردیش قەرەبوو بكاتەوە، هەر یادكردنەوەو بەیاننامەی ساڵانە كیفایەت نین، دەبێ بیر لە ئاوەدانی و خۆشگوزەرانی شارو خەڵكەكەی بكرێتەوە، خانه‌واده‌ی شه‌هیده‌كان ژیانێكی سه‌ربڵندانه‌یان بۆ فه‌راهه‌م بكرێت .
ئه‌وه‌ی بۆ هەڵەبجە گرنگه‌ كارو خزمه‌ت و بووژاندنه‌وه‌یه‌، به ‌به‌رداكردنی سیما و به‌رگی شارستانییه‌تی زیاتری شارەکەیە، پێویسته‌ هه‌موو حزبه‌كانیش وه‌ك چۆن ساڵانە پێکەوە ماتەمگێڕن، به‌ هه‌مان ڕوانگەی خزمه‌تكردنی ئیداره‌ی پارێزگەکە مامه‌ڵه‌ بكه‌ن، چونكه‌ هه‌ڵه‌بجه‌ پێویستی بە هاوڕیزیی و هەماهەنگی هەمووان هەیە، دۆخی خه‌ڵك و شاره‌كه‌ هی ئه‌وه‌ نییه‌ بخرێتە ناو كێشه‌و ململانێی حزبەکان، تایبه‌تمه‌ندی هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌كان ئه‌وه‌یه‌: په‌روه‌رده‌ی قوتابخانه‌یه‌كن، هه‌رگیز ویژدانی نه‌ته‌وه‌یی ڕێگایان پێ نادات، جگه‌ له‌ سیاسه‌تی خزمه‌ت، وه‌دوای هیچ سیاسه‌ت و دروشمێكی دی بكه‌ون، ئه‌وان رێگه‌ به‌ هیچ كه‌س و لایه‌نێكیش ناده‌ن یاری به‌ چاره‌نووسیان بكات .
له‌و ڕوانگەیه‌وه‌ ده‌بێ زیاتر بیر له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ بكرێته‌وه‌ وه‌كو مه‌سه‌له‌یه‌كی ستراتیژی و خزمه‌تكردن له‌ پێناوی كه‌مردنه‌وه‌ی خه‌مه‌ گه‌وره‌كه‌یان و وه‌دیهێنانی داهاتوویه‌كی گه‌ش بۆیان، بۆ ئه‌و خه‌ڵكه‌ دڵسۆز و دڵبرینداره‌ی تا ئێستا به‌رگه‌ی هه‌موو ئه‌و مه‌رگه‌ساتانه‌یان گرتووه‌ و، هه‌ر له‌ سه‌ر خاك و ئاوی خۆیشیاندا به‌ سه‌ربه‌رزی ماونەتەوه‌.