دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

دادگەی داردەستی نەیارانی كورد

عەمەر ئەرگوشی

سالانێکی زورە دادگای فیدرالی لە جووڵەدایە بو سەپاندنی بڕیاری سیاسی لایەنێک یان مەزهەبێک بەسەر ئەوانی تردا، بەبێ گوێ دانە یاسا و ئەو بنچینانەی کە گەلانی عێراف و پێکهاتەکان لە سەری ڕێککەوتوون وە یا بڕیاری پێکەوە ژیانیان داوە لەسەر بنچینەی تەوافق و تەوازن و شەراکەتی ڕاستەقینە و دەستوور، ئەم دادگا بەناو فیدراڵیە کە لە دەرەوەی عێراق دژی بەرژەوەندیەکانی خودی عێراقیەکان ئاراستە دەکرێت خەریکە هەموو دەزگە شەرعیەکانی عێراق بن پێ و پشتگوێ دەخات لە برێتی خزمەتکردن لە پێناو ئەو ئامانجانەی کە لە پێناوی دامەزراوە، وا هەموو هێز و توانای خۆی دژی گەلی کوردستان و پێکهاتەکانی تر بەکاردەهێنی وەک ئەوەی بڵێی بۆ ئەم مەرامە دامەزرابێت.
لەکاتێکدا کە مەحکەمەی فیدراڵی لە ولاتان بۆ چارەسەر کردنی کێشەکانی نێوان هەرێمەکان و دەسەلاتی ناوەندی بە شێوەیەکی دادپەروانە لەئەرک و پیرۆزیدان واش باوە کە دادگاکانی فیدراڵی لە زۆربەی هەرەزۆری کێشەکاندا وەک پارێزەر مافی هەرێمەکان دەپارێزێت و دەستەبەر دەکات. وە هەمیشە تەرازوو باڵانسی پێوەندیەکان لە بەرژەوەندی گەل و وڵات دەپارێزێت. ئەوەی لەم وڵاتەی عێراق ڕوودەدات لە یاساکانی جەنگەڵ دەچێت، بەڵام بە جیاواز لەگەڵ ئەوی تر لەبەر دەمی سۆشیال میدیا و بە ڕۆژی ڕووناک. ئەم دادگایە بووە بە ئالەتێکی پیس بەدەستی نەیارانی عێراق و کوردستان، ڕژێمە یەک لەدوای یەکەکان لە هەوڵی بەردەوامی نە هێشتنی کورد و کوردستاندا بوون بە هەموو شێواز و چەکێک سەری خۆیان لەبەرد دا و شەمەزاری مێژوو بوون . دوژمنانی کورد دەیانەوێ ئەم جارە ئەم دادگایە تاقی بکەنەوە و بیکەنە ئالەتی دەستی خۆیان بو تەواو کردن و بەردەومی پێدانی شەڕی نەهێشتنی هەرێم و گەلی کوردستان کە لە مێژووی خۆیان بە هەموو چەک و شێوازێک بۆیان نەچووە سەر. بڕیارەکانی ئەم دواییانەی ئاماژەی دیاری دوژمنایەتی کوردستانن کە گوایە شەریکی خەمی یەکترین و هاوولاتی یەک سەنگەرین، دوا دادڕەس بۆ نا حەزان ئەوەیە پەنا بۆ دادگای بەناو فیدراڵی ببەن بۆ چەسپاندنی بڕیاری دەرەکی لەسەر بەرژەوەندیە باڵاکانی عێراقی و کوردستان.
ئەم دادگایە ڕێچکە ڕاستەقینەکەی بزر کردووە و وەک درۆن بە ریمۆت کۆنتڕۆڵی كار دەکەن دەیهاژون لە کوێ بیانەوێ دەی تەقێننەوە بە هیچ شێوەیەک میکانیزمی پارسەنگی و چارەسەری نییە، نەیارانی كورد پشتگیری سەرۆكی دادگاكە دەكەن و هاوكاری دەكەن تەنیا بۆ ئەوەی شەڕی کوردی پێ بکەن و پیلانە گڵاوەکانی خۆیان پێ جێبەجێ بكەن، بەمەش ئەم دادگە نا فیدراڵیەیان کرد بە مۆڵگەی کەسانی دژە کورد و کردیان بە بارەگای هێرشکرنە سەر کوردستان و بڕینی بودجە و موچە و ڕاگرتنی نەوتی هەرێم و برسیکردنی خەڵکی کوردستان نەهێشتنی کورسی کۆتاکان و ڕێگری کردن لە کە سایەتی دیاری کوردستان هوشیار زێباری بۆ بوون بە سەرۆکی عیراق و دەست خستنە ناو کاروباری هەرێمی کوردستان و فتنە نانەوە بەمەش ئەو کێشانەی دادگای نافیدراڵ بۆ هەرێم دروست دەکات لە وانە ئاڵۆزتر و زۆرترن کە لە نێوان هەرێمی کوردستان و دەسەڵاتی ناوەند هەن و دادگا نەک هەر چارەی بۆ نەدۆزینەوە بەلکو بە پاڵپشت هەبووەکان قوڵتر دەکات و هی نوێش دروست دەکات، یارمەتی ناحەزان و دوژمنانی ئەم خاکە دەدات. دەیەوێت وڵات بخاتە ژێر دەست و پێی خۆی، نە حساب بو گەلی کوردستان دەکات و نە پەرلەمان و نە پێشمەرگە و نە ئەو دیمکراتیەتەی کە بە هیوای بووین لە عێراق بەرقەراری کەین .
پێویستە کورد هیچ حسابێك بو ئەم دادگایە و بڕیارەکانی نەکات و بگەڕێتەوە بۆ یاسا و دەزگە دادوەرییەكەی، چونکە مەرامیان دوژمنایەتی ئەو گەلە کوردستانیەیە کە ئێمە هەموو شتێکمان بەخشی لە پێناو مافەکانی، وە هەر هێزێک لایەنێک دەستی لەگەڵ ئەم دادگایە و بڕیارە دژە کوردستانییەکانی تێکەڵ بێت دژی ئەم خاک و ئەم گەلە کۆڵنەدەرەیە، ئەز بێژم ئەوە دوا ئامرازە بەکاری دێنن بۆ شەڕی کوردستان وە ڕەنگە دوا پەلە قاژەشیان بێت خودا بکات ئەو کوردانەی داردەستیشیانن تێبگەن و لە ناو ئاگرەکەدا نەسووتێن.