خۆری عێراق لەسەردەستی دادگاکەی ئاوا دەبێت

پ.د. نەزاکەت حسێن

ئەوەی سیاسیەکان و مێژوونوسان و چاودێرانی سیاسی، لەبارەی عێراقەوە وتویانەو دەیڵێن، هەرگیز دەوڵەت نەبووە دوای ڕووخانی دەسەڵاتی پاشایەتی لەم جوگرافیا بەناو وڵاتەدا هەرگیز بنەمای دەستوری و مەدەنی و حوکمڕانی بەسیستم و دەوڵەتی هاوڵاتی بوونی نەبووە، هەمیشە هێز بڕیاری داوە و بکوژ و ببڕ و کێ زاڵ بووە ئەوەی تری سەرکوت کردووە و ژێرخاکی ناوە جینۆساید و کیمیاباران و بەژێرخاکەوە کردن و ڕاوەدونان و زوڵم و جەنگی یەک لەدوایەکی کە هەموویان قات و قڕی و نەهامەتیان بۆ وڵاتەکە بەرهەم هێنا. ڕژێمی پێشووی لەژێر ئایدۆلۆژیای بەعسدا ئەوەی کردویەتی دروست کردنی ناکۆکی و دووبەرەکی بووە لەنێوان کۆی پێکهاتەکانی عێراقدا، لە ناکۆکی مەزهەبی تا ناکۆکی نەتەوەیی تا ناوچەگەری و تەنانەت لەنێوان شاری و لادێی و چین و توێژەجیاوازەکاندا. بەشێوەیەک دووبەرەکی دروست کردبوو کە هەرگیز دانیشتوانی ئەو وڵاتە و پێکهاتەکانی نەتوانن بەئارامی پێکەوە بژین. واتە ئەو ڕژێمە وڵاتی گەیاندە لوتکەی هیلاکی و جەستە لاوازی بەماندووکردنی بەجەنگی یەک لەدوای یەک و دواتری کێشە و گرفتی ناوخۆیی و تۆپکی زوڵم و دیکتاتۆری.
واتە لەسەر دەستی خۆیدا مەرگی عێراقی تۆمارکرد. ئەم مەرگ تۆمارکردنەی خود بۆ عێراق و ئەم ناوچانە لە مێژووەکانی پێشوو هەر کەلتوور بووە، دوای ئەو هەموو فتوحاتە ئیسلام کردی و دامەزراندنی دەوڵەت لەمەدینە و شارستانیەتی بڵاو گەشەسەندنی لەزۆرێک لەوڵاتان و پارچەکانی جیهاندا، بەنەمانی پێغەمبەرد.خ ئەوانەی دوای ئەو هاتن لەنێوان خۆیاندا قەتڵ و عام و دووبەرەکیەکی خێزانی و بنەماڵەیی دروست بوو ئەوەی بەدەستیان هێنابوو سڕیانەوە شارستانیەتی ڕۆژهەڵات ڕووخاو شارستانیەتی ڕۆژئاوا گەشەی سەند تا ئێستاش دوبەرەکیەکە بەردەوامە. دوای ئازادکردنی عێراق ئامانجی هاوپەیمانەکان و ڕزگارکردنی ئەم وڵاتە جاریکی تر هیچ بنەمایەکی حوکمڕانی و ئاسەواری ڕژێمی پێشووی نەهێشت و کاری سەرەکی بۆ نزیککردنەوەی پێکهاتەکان و لایەنە جیاوازەکان لەسەر مێزی حوکمڕانی، ئەوەبوو ئەنجوومەنی حوکم وەک یەکەم ئۆرگانی حوکمڕانی دامەزرا، ئیتر ئەوە سەرەتایەک بوو بۆ نزیکبوونەوەی لایەنە ناکۆکەکان کە بتوانن پێکەوە بژین پێکەوە هەڵبکەن و پێکەوە حوکمی وڵاتەکە بکەن.
ئامادەکردنی دەستورێکیش کە پێکهاتە جیاوازەکان بەشداربوون لەنووسینەوە تاڕادەیەک بووە بنەمایەک بۆ حوکم و بەشێوە فیدراڵیەتیەک. چەندین هەوڵی یەک لەدوای یەکی وڵاتانی نەیار و بەرژەوەندی خواز بە عێراق و دەستتێوەردەر و جەنگی یەک لەدوای یەک و دروستکردنی قەیرانی یەک لەدوای یەک بۆ ئەم وڵاتە، تەنها بۆ ئەوەی لەبەریەک هەڵوەشێت و ببێتە ژینگەیەکی شپرز بۆ مشەخۆری و تۆو داکردنی خۆیان. بەڵام بەهۆی بوونی دەستورێک و سێبەری هاوپەیمانان لەسەری و هەندێک بنەمای پارێزەری بۆ پێکهاتەکان نەیانتوانی تاڕادەیەک ئاواتەکانیان بێتەدی.
شوێنێک کە دەستیان بۆ برد کە تەنها دەستی لایەنی بەرژەوەندیخواز و دژە ژیان لە عێراق تیایدا باڵێ بوو دادگای نادەستوری بەناو فیدراڵیە، نە بەپەرلەمان و نە بەحکوومەتە یەک لەدوای یەکەکان نەیانتوانی ئەمە بکەن کە ئێستا بەم دادگایە دەیکەن، کە بردنەوەی سەر پلێتی هەرچی بنەمای پێکەوەژیان و دەستوور و حوکمی مەدەنی و دیموکراسی و یاسا سەروەری و بەشداری و هاریکاری پێکهێنەرەکانی ئەم وڵاتەیە. بۆیە ئەوەی دوای ئازادکردنی عێراق بەو هەموو هەوڵە دەرەکیە دڵسۆزانە و ناوخۆیانە بەدەست هات هەمووی هەڵوەشاندەوە و هەڵی دەوەشێنێتەوە. کە ئەم بنەمایانە نەمان عێراق دەگەڕێتەوە بۆ تاریکستانی و بکوژ و ببڕ و جەنگی ناوخۆیی و پاشاگەردانی و دوبەرەکی، ئەمانەش واتە مەرگی عێراق، زۆریشی کردووە ئەم دادگایە هیچی وای نەماوە تەنها تۆمارکردنی بڕوانامەی مەرگی وڵاتەکە نەبێت. بۆیە لێگەڕین بابەدەستی خۆیان خۆری خۆیان ئاوابکەن هەرواش دەبێت.

ھەواڵی زیاتر