هەندێک زانیاریی کورتی مێژوویی

عارف ڕوشدی

بزووتنەوەی کوردایەتی، بزووتنەوەیەکی مێژووکردە، پرسی گەل و نیشتیمانێکە، ئەگەر چەند زەبروزەنگی جۆراوجۆر(بەکارهێنانی هێزی سەربازی یان وەکو ئێستای تاوانی نانبڕین) لە لایەن داگیرکەرەوە پیادەبکرێن، ناتوانن کوردایەتی لەناوبەرن، ئەگەر بە هۆکاری جیاجیا بە تایبەتی (ناپاکی نێوخۆیی) توانیبێتن چەند جارێک بو ماوەیەک بێدەنگی بکەن، ڕووداوێکی کاتی بوو و ژیلەمۆی ئازادیخوازی سەر لەنوێ و بەهێزتر گەشایەوە و ناپاکان شەرمەزارییان بو ماوەتەوە و دەمێنیتەوە، لێرەدا باسی سێ نمونە دەکەم :

١-سالی(١٩٦٤) کاتێک حکوومەتی عبدالسلام عارف، ناچاربوو رێککەوتنێک لە گەڵ سەرکردایەتیی شوڕشی ئەیلوول بە ڕابەرایەتی بارزانیی نەمر مۆر بکات، هەرچی سەرۆکی چەکدارانی ناسراو بە (فورسان سەلاحەددین) بوون، بە بێڕیزییەکی زۆرەوە لە ئۆتۆمبێلی (زیلی سەربازی ) بارکران بەرەو موسڵ، کەرکووک و بەغدا ڕەوانەکران .
٢- کاتێک ساڵی (١٩٧٠) ڕێککەوتننامەی (١١ی ئادار) لە نێوان سەرکردایەتیی شوڕشی ئەیلوول بە ڕێبەرایەتی بارزانیی نەمر و حکوومەتی بەعس مۆرکرا، ئەو کوردانەی هاوکاربوون لە گەڵ بەعسدا، (حکوومەتی بەعس پشتی تێکردن).
٣- ئەو دەستەو گروپانەی ئێستاش بە پلان و پیلان (پیلانی برسیکردنی موچەخورانی سەرفرازی کوردستان) پەنا دەبەنە بەر دادگای نادەستوری عێراق و، وەکو کارتێکی فشار دژی سەروەری هەرێمی کوردستان بەکاردێنن، دڵنیابن چارەنوسیان لە چارەنوسی ئەوانەی پێشی خۆیان باشتر نابێت .
دەبێ لەو ڕاستییە تێبگەن (بزووتنەوەی کوردایەتی لە چوارچێوەی هەرێمی کوردستاندا، پرسی خاک و ژیانێکی سەربەرزانەی گەلەکەمانە)، بەهیچ هێز و پیلانێک لەناونابرێت، بەڵکو خەباتی گەلەکەمان بەردەوام دەبێت لە پێناوی ڕزگاربوون لە ژێردەستەیی و هەمو جۆرەکانی دیکەی چەوساندنەوە و ژیان و گوزەرانی خەڵکی کوردستان سەرفرازانە دابیندەکرێت .
پێشینان ووتویانە :(هەموو شتێک لە باریکیدا دەپسێتەوە، بەلام ستەم لە ئەستوریدا).

ھەواڵی زیاتر