دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

پەیامنێرتان لە هەڵەبجەوە

حەمەسەعید حەسەن

سەر لە بەیانیی شازدەی ئادار، فڕۆکە جەنگییەکانی عێراق بە ئاسمانی شاردا خولانەوە. سەعات یازدەی پێش نیوەڕۆ بوو، کارەبا نەبوو، دوو پێشمەرگە میوانمان بوون. هێشتا دەستمان لە خواردن نەکێشابووەوە، دەنگی فڕۆکە هاتەوە. یەکەمین هاژەک ڕووی کردە ئێمە، دوای ڕەوینەوەی دووکەڵ، خۆمان ژمارد، کەسمان ناتەواو نەبوو. سەرنجم گرتە سەعاتەکەم، دە خولەک لە یازدە لای دابوو. هەموو بەرەو ژێرزەمینەکە هەڵاتین.

هێندەی نەبرد ژێرزەمینەکە سیخناخ بوو، ژێرزەمینی پیاوان و ژنان جیا بوون. ترسی چەکی کیمیاییمان هەبوو. خاولی و سەتڵەئاومان لەکن بوون. فڕۆکەکان پەیدا بوونەوە. گرمەیەکی مەزن سەرخانی خانووەکەمانی وەک بێشکە هێنا و برد. ناڵەی هاژەک، هاوار و نزای ژنان و گریانی منداڵان، تێکەڵ بووبوون و ترسناکترین سیمفۆنیای مەرگیان پێک هێنابوو. دیسان فڕۆکە بێدەنگییەکەی شڵەقاندەوە، هەموو هانایان برد بۆ خوا، ناوی خوا وەک تەرزە لە دەمیان دەباری. لەوە دەچوو لەبەر دەنگی فڕۆکە و گرمەی هاژەک، كەس گوێی لە هاواری خەڵکەکە نەبێت. هاژەکباران بە چڕی دەستی پێ کرد. لە ئاسمانەوە هاژەک دەباری، لە ژێرزەمینەکانیشەوە، تەرزەی ناوی خوا.

هاژەکێک بەسەرماندا هاژەی کرد، تێپەڕی و گرمەی نەهات، گوتمان ئۆخەی نەتەقییەوە. هێندەی پێ نەچوو، بۆنێک کە لە بۆنی سیر دەچوو، هەوای ژێرزەمینەکەی گرتەوە. بیستبوومان گازێکی ژاراوی هەیە، بۆنی سیری لێ دێت. خاولییەکانتان تەڕ بکەن و بیگرن بە دەموچاوتانەوە، یەکێک وای گوت. تارماییی مەرگ سەرەتاتکێی لەگەڵ دەکردین. لەوە دەچوو لەناو کەشتییەکی تێکشکاودا بین و چاوەڕوانی نوقمبوون بین. ژێرزەمینەکەمان وەک گۆڕ دەهاتە بەر چاو، کە بای مەرگ هەڵی کرد، خەڵکی ژێرزەمینەکە جارێک لە خوا دەپاڕانەوە و جارێکی تر ئۆباڵی چارەنووسی خۆیان دەخستە ئەستۆی هەندێک لایەنی پێشمەرگە.

زوو زوو ئاوی سەتڵەکانمان دەگۆڕی، لە کاتی ئاوهێناندا، دووکەڵی گازە کیمیایییەکەمان دەبینی کە لە گەڕەکی جوولەکانی دابوو. فڕۆکە سەری هەڵدایەوە، مەزنترین گرمە هەڵسا، ناوچەکەی هەڵتەکاند. کیسەڵ ئاسا سەرێکم لە قاوغی ژێرزەمینەکە دەرهێنا، بینیم ژێرخانەکەمان بووە بە سەرخان، قاتی سەرەوە گسکی لێ درابوو. لەولا تریش ماڵێک تەواو خاپوور بووبوو، بۆشکەیەک نەوت گڕی گرتبوو، بۆنی گاز لووتی دەچووزاندەوە. چونکە ژێرزەمینەکە لە کەڵک کەوتبوو، بڕیارمان دا چۆڵی بکەین. هەندێک دەیانگوت: با ڕوو بکەینە دەشت، بەشێک پێیان وابوو، باڵاخانە پێنج نهۆمییەکەی بەشی ناوخۆی قوتابییان چاکترە. یەکێکمان ڕشایەوە، لەبەر مندالەکەی نەیپەرژابووە سەر خۆی. باشتر ڕشایەوە، ئەگەرنا دەمرد، یەکێکمان وای گوت.

لەسەر سنووری وڵاتی ژیان ڕاوەستابووین، چاوەڕوانی ڤیزەی مەرگ بووین، گوێمان لە دەنگی پێی ئەو پۆستەچییە بوو کە دەمانزانی نامەی مردنی خۆمانی پێیە. بەم هەستە سامناکەوە، بەرەو ژێرزەمینی باڵاخانەکەی قوتابییان بەڕێ کەوتین. لەوێیش فڕۆکە لێمان نەگەڕا، بای مەرگ لەوێشی هەڵکەندین. چاوانمان سوور هەڵگەڕان، لێڵ بوون، بەجۆرێک سەرمان لێ شێوابوو، ئاومان لەبیر چووبوو. هێدی هێدی کیمیایی سەختتر کاری تێ دەکردین، ڕوومان کردە دەرەوەی شار، ڕێگەی ئێرانمان گرتە بەر. نیو سەعاتێکی مابوو، خۆر ئاوا ببێت، ڕوانیمان لە هەموو لایەکەوە، خەڵکی شار ڕێچکەیان بەستووە و بە گریان و هاوارەوە هەمان ڕێیان گرتووەتە پێش.

خۆمان ژمارد، برا بچووکەکەم دیار نەبوو، ئەملا برا، ئەولا برا، برا نەبوو. هەموومان وشک بووین، باوکم بۆی گەڕایەوە. پێش هاتنەوەی باوکم، بە دیداری برا شاد بووینەوە. ئەو پێش ئێمە لەگەڵ دراوسێیەکماندا ملی هەمان ڕێی گرتبوو. ڕۆژێک بوو دایک منداڵ، برا برای لە بیر دەچوو. ئەو شەوە خەڵکی هەڵاتووی هەڵەبجە، ڕێبواری ئەو شاخوداخانە بوون. بەو تاریکەشەوە هەر ڕێمان دەکرد، لە پاشماوی لەشکرێکی تێکشکاو دەچووین. فڕۆکەکانی سوپای (دلێر)ی عێراق، بۆ سبەینێیش تا سەر سنوور هەر بە دوامانەوە بوون. دواتر زانیم گەڕەکی ئێمە: سەرا، بەبەراورد لەگەڵ گەڕەکاکانی تردا، قوربانیی کەم بووە، قوربانیی لەژمارەنەهاتوو، پیر محەممەد و پاشا و جوولەکان دابوویان. تەرمی ئەوانەی بەرەو دەرەشیش و عەنەب هەڵاتبوون، ڕێگەی ئەو دوو گوندەی داپۆشیبوو. ئێمە هەموومان دەرباز بووین، بەڵام زۆر خیزان کەسیان قوتار نەبوون. ژمارەی قوربانییانی ئەو ڕۆژە پێنج هەزار بێ تاوان و بێ دەسەڵات بوون یان زیاتر، هێشتا ساغ نەبووەتەوە، هەرگیزیش ساغ نابێتەوە.

ئەمە هەر لە کولتووری بەعسدا هەیە، کە لەبەردەم هێرشی میلیتاردا تێک شکا، تۆڵەی لە خەڵکی سیڤیل کردەوە. لەو ڕۆژەدا بەعس بەسەر خەڵکی بێچەکی هەلەبجەدا، بەسەر باخ و کانی و باڵندەی هەڵەبجەدا، بەسەر پیر و مندال و ژنی هەڵەبجەدا سەرکەوت، بەعس لەمێژبوو تنۆکێک ئاوڕووی نەمابوو، ئەگەرنا ئەو سەرکەوتنە ئەوەیشی دەبرد. دەڵێن لەو ڕۆژە مەگاوییەدا، نزیک بەنزینخانەکە، خێزانێک لەژێر زەمینەکەیاندا هەڵدەپەڕن و گۆرانی دەچڕن، پیاوێک پێیان دەڵێت: دنیا کاول بووە، ئەو بەزمەتان لە چییە؟ خێزانەکە واز لە گۆڤەندی خۆیان ناهێنن. کابرا بیری بۆ ئەوە دەچێت، لەژێر کاریگەریی گازی ژاراویدا، وایان لێ هاتبێت. هێندەی پێ ناچێت، یەک یەک وەک گەڵای درەختی پاییز، دەکەون و دەمرن. دەڵێن زۆر کەس لەو جۆرە ڕووداوەی لە گەڕەکی پیر محەممەد بینیوە. ئەمە سەردەمی گەشەسەندنی تەکنەلۆجیایە، دەشێت چەکی وایش داهێنرابێت، مرۆڤی بێدەسەڵات بەدەم هەڵپەڕینەوە بکوژێت.

لە ماڵیکی تریشدا، کەسێک کۆمەڵیک ژن و پیاو بە ڕووتی دەبینێت، ئاویان پێدا دەکات، پۆشتەیان دەکاتەوە و دەربازیان دەکات. باوکێک لە حەوت سەر خێزان، منداڵێکی ساوای بۆ ڕزگار کرابوو، تا سەر سنووری بردبوو، لەوێ فڕێی دابووە ڕووباری سیروانەوە. زۆر کەس کە لەسەر شەقام و کۆڵانەکاندا لە هۆش خۆیان چووبوون، لەو شەوە سامناکە نووتەکەدا، لە کاتی ڕاکە ڕاکە و پەلەی قوتاربووندا، ژێر تراکتۆر و ماشێن کەوتبوون.

لەسەر منداڵێکی ساوا کە شازدەی ئادار، سێمانگان بووە و پاسدارێک قوتاری کردووە، لەنێوان دوو خێزاندا ناکۆکی هەیە. ئەو کاتە ئەو دوو خێزانە سەروو منداڵی سێمانگانیان هەبووە. دەشێت بەخت یاری ئەو منداڵە بووبێت، ئاخر زۆر منداڵ کەس نییە خۆی بکاتە خاوەنیان. هێشتا گەڵیک منداڵ بەدوای دایک و باوکیاندا دەگەڕێن و زۆر دایک و باوکیش بەدوای منداڵەکانیاندا وێڵن.

پێویستە ئەوەیش فەرامۆش نەکەم، چەکداری لایەنی کوردی هەبووە، هەر کە لەوە دڵنیا بووە، هەڵەبجە زیندووی تێدا نەماوە، خۆی گەیاندووەتەوە شار و کەوتووەتە سۆراخی زێڕ و دراو. دەڵێن دەستی ئاوساوی ژنیان بۆ بازنگەکەی بڕیوەتەوە! دەڵین گوێچکەی کیژۆڵەیان بۆ گوارەکەی هەڵتڵیشاندووە، کەسوکاری شەهیدان وا دەڵێن. ئەو چەکدارانە کە ڕێ بە خۆم نادەم پێیان بڵێم پێشمەرگە، سەرەتا سەرقاڵی خڕکردنەوەی زێڕ و دراو بوون، دواتر دەستیان بە دزینی شتومەکی کارەبایی و مافوور کردووە. هەندێک لە بەرپرسانی (شۆڕش) سەرۆکی دزان بوون. ئەگەر خەڵکی کۆستکەوتووی هەڵەبجە بۆ گوێزانەوەی کەلوپەلەکانیان نەگەرابانەوە، (نەتەوەپەرست) و (خواپەرستان) دەرگە و پەنجەرەیشیان لە گرێژنەوە دەردەهێنا!

لە ئۆردووگای هەڵەبجەیییە ئاوارەکاندا، هەوری چڵکنی باسی تاڵانییەکە، دووکەڵی کیمیابارانەکەی شاردبووەوە. شیوعییەکان وەک بەشداریی هێرشەکەی ئێرانیان نەکرد، گیرفان و پریاسکەی کەمەری تەرمی پیرۆزی ژنانی هەڵەبجەیشیان بۆ زێڕ و پارە نەپشکنی. ئێستا ئەوان لای خەڵکی هەڵەبجە، ڕوویان لە سیمای تەڵخی لایەنە تاڵانچییەکان سپیترە. مەلای خوتبەخوێن بە پێشەنگی کاروانی ڕسوابووان دەرچوو. کە نوێنەرانی لایەنەکان بۆ ڕۆشنکردنەوەی ڕووخساریان و ڕاکێشانی سۆزی ئاوارەبووان دەهاتنە ئۆردووگاکانەوە، فیکەیان بۆ لێ دەدرا و هووهایان لێ دەکێشرا.

٦ی ٦ی ١٩٩٠

(*) سوودم لە هەندێک نامەی لاوێکی هەڵبجەیی وەرگرتووە.