ڕەمەزان هەلێکە بۆ گۆڕانکاری

عومەر چنگیانی

وەک خۆ ئامادەکردنی تاکی بڕواداری کوردستانیان لەم بەشە باشوورە، گوتاری هەینی ٨ی٣ی٢٠٢٤مان تەرخان کرد بۆ باسکردن لە گرنگی ڕەمەزان کە هەلێکە بۆ گەڕانەوە و گۆڕانکاری، سەرەتا بە ئایەتی سەد و هەشتا و سێی سورەتی (البقرە)دەستمان پێکرد، کە دەفەرمێت:
(ئەی گرۆی بڕواداران بزانن ڕۆژوو لەسەر ئێوە بەپێویست گێڕدراوە، وەکچۆن پێش ئێوەیش لەسەر نەتەوەکانی دیکەیش بە پێویست گێڕدرابوو، ڕۆژوویش بۆئەوەیە کە ئێوە تەقوای خوا بکەن بەمانا گەورەترین ئامانجی ڕۆژوو ڕامکردن لەسەر خواناسی بەهەموو مانابەرینەکەیەوە ). کە گومانی تێدانییە لەبەردەم مانگێکی زۆر مەزن و پیرۆزداین، کە مانگی ڕەمەزانە، کە هەلێکی ساڵانەیە بۆ موسڵمانان بۆ کەسێک بیهەوێ گۆڕانکاری لەژیانیدا بکات و ڕێبازی پیاوچاکان بگرێتەبەر، کە ئەمە یەکێکە لە ئامانجەکانی ڕۆژوو. ڕۆژوو مرۆڤ بەرەو گۆڕانکاری و ڕاستکردنەوەی هەڵسوکەوت هەڵدەنێ، بە خۆ گرتنەوە لە گوناه و تاوان، ئەمەش بەو گۆڕانکارییە دەبێت کە لەژیانی ڕۆژوەواندا ڕودەدات .
تەوەری یەکەم : ئاشتبونەوە لەگەڵ خەڵک و خوادا:
ڕۆژوو باشترین ئامرازە بۆ بەهێزکردنی پەیوەندی نێوانمان لەگەڵ خودا و لەگەڵ خەڵکیش .
یەکەم : پەیوەندیمان لەگەڵ خودای گەورەدا : ڕۆژوو پەیوەندیمان بەهێزدەکا لەگەڵ خودای گەورە، هەروەها ئەو کەشە ڕۆحیەی کە لە ڕەمەزاندا هەیە هاوکارە بۆ گۆڕانکاری، لەکاتێک کەشێکی لەبار دەڕەخسێ کە هاوکاریی موسڵمانە بۆ دەستپێکردن بەگۆڕانکاری و پەرەپێدانی خود و پەرەپێدانی پەیوەندی ئیلاهی کە بنەماو بنچینەی ژیانە و کڕۆکی ئیمانە، ئەگەر ئەم پەیوەندییە ڕاست و دروست نەبێ ئەوا هەموو کردارەکانمان بێهودە دەردەچێ . بۆیە مرۆڤی ژیر هەموو توانایەکی دەخاتە گەڕ بۆ چاککردنەوەی پەیوەندی نێوان خۆی و خودای گەورە و گەڕانەوە بۆ ڕێنمونی خودا. لەکاتێک خودای گەورە هەموو نیعمەتێکی بەسەردا باراندوە.
دووەم : پەیوەندی لەگەڵ خەڵکیدا : پەیوەندی لەگەڵ خەڵکیدا مەعدەن و ڕاستی ئیمانی مرۆڤەکان دەردەخا، چونکە جیاوازییەکی زۆر هەیە لە نێوان ئەوەی دەیڵێی و ئەوەی ئەنجامیدەدەی، لەوەی بەرژەوەندییەکانمان چ دەخوازن و نەفسمان چیدەوێ، پێویستە لەسەر مرۆڤی موسڵمان ئەم مانگە بکاتە مانگی ئاشتەوایی لەگەڵ خەڵکیدا، خۆی لە هەڵەکانی خەڵکی بە مەزنتر بزانێ و لێبوردە بێ و خۆ بەزل نەزانێ و، پێویستە دروشمی مرۆڤی موسڵمانی ڕۆژوەوان بریتیبێ لە : (خوایە بەشایەتبە من بەرۆژووم).
تەوەری دووەم : گۆڕانکاری لە ناخدا : گۆڕانکاری بەرزترین و جوانترین داواکاری و باشترین ڕێگایە، هەموان حەزیان بە گۆڕانکارییە بەڵام چۆن گۆڕانکاری بکەین ؟.
ئەو ڕۆژوەی کە خودا وەریدەگرێ بریتیە لە ڕۆژوویەک کە خاوەنەکەی قەدەغە بکا لە ئازاردانی خەڵکی و زوڵم و خواردنی ماف و ماڵی خەڵکی و درۆ و دووزمانی و بوختان کردن .
یەکەم : گۆڕانکاریکردن لە چۆنیەتی مامەڵە کردنمان لەگەڵ خانەوادە و خزم و خەڵکی بە گشتی بە ئاراستەیەکی باشتر.
دووەم : نزیکبونەوەمان لە خودا، لە ڕێگای :
1/ چاکەکاری لەگەڵ خەڵکیدا، وە دەرکردنی زەکات و سەدەقە و دابەشکردنیان بەسەر هەژار و کەسی شیاو .
2/ بەرزنەکردنی نرخی کاڵاو کەلوپەل و خۆراک و پێداویستییەکانی خەڵکی، بەڵکو دابەزاندنی نرخەکان و ڕازیبوون بە قازانجێکی کەم .
3/ قۆستنەوەی کەشی ڕەمەزان بۆ پتەوکردنی پەیوەندییە خێزانی و کۆمەڵایەتیەکان

ھەواڵی زیاتر