هەموو ڕۆژێک 8ـی مارس بێت

‎هاودەنگ فارووق

پێویستە ژنان بەر لە پیاوان ئەوە بزانن، کە ڕۆژی جیهانیی ژنان تەنێ چالاکی و ئاهەنگگێڕان و یادەوەریی ڕووت نییە، بەڵکوو دەرچەیەکە بۆ بیرکردنەوە، دەرفەتێکە بۆ باشتر تێگەیشتن لە ژیان.
ژن یانی باوەڕبوون بە یەكسانیخوازی، بە ڕەوشتبەرزیی مرۆڤ و ژیاندۆستی، پەڕینەوەیە بەرەو كرانەوە و گۆڕانكاری لە كۆمەڵگە و دەستەبەری مافەكانیان.
ڕۆژی بەدواداچوونە بۆ ئەو ئامانجانەی هێشتا وەدەست نەهاتوون، هەڵوەستەیە لە ئاستەنگەكانی بەردەم ژیان و كاری ژنان، دەبێ ژن و پیاوانی یەكسانیخواز بە ئیڕادەیەكی بەهێزەوە ڕووبەڕووی ئالەنگارییەكان ببنەوە، بۆ ئەوەی كچانی نیشتمان داهاتوویەكی باشتریان هەبێت، کە تێیدا توانا بێسنوورەكانی خۆیان بخەنەكارو بەئامانجەكانیان بگەن.
سوپاس بۆ هەموو ئەو ژنە ئازایانەی وەك گوڵەگەنمێك لەبەردەم ڕەشەبای كۆنەپەرستیدا لەبەردەم مەحاڵدا وەستانەوە و خۆڕاگربوون، بەئیڕادەیەكی بەرزەوە هەموو ڕۆژێکیان، كردە یادەوەری و پابەندبوون بە ٨ی مارس لە پێناوی تێكۆشان بۆ گۆڕانكاری ڕیشەیی لە گۆمەڵگەدا.
کوردەواری دەڵێت: ژن و ژیان. ژن پێش ژیان خراوە، یانی ژیان بەبێ ژن هیچ بەهایەکی نییە.
هەشتی مارس تەنیا وەک ڕەمزێک وایە، دەنا دەبێ هەموو ڕۆژێک بۆ ژن هەشتی مارس بێت.