هەمان گێڕانەوەی مەزن

حەمەسەعید حەسەن

وەک یۆحەننا لە خەونیدا بینیویەتی، فریشتەیەک لە ئاسمانەوە دێتە خوارەوە، دەست لە بینی ئەژدیهایەک کە شەیتانە، گیر دەکات و تا نەیخنکێنێت بەری نادات، ئیدی ئیبلیس کە دوژمنی خەڵک و خوایە، بۆ ماوەی هەزار ساڵ سڕ دەبێت. لەبەر ڕۆشنایی ئەم خەونەدا، مێژووی دنیا لە حەوت قۆناغ پێک دێت و هەر قۆناغێکیش هەزار ساڵە. لای یۆحەننا کە وای بۆ دەچێت لە داهاتوودا عیسا دنیای ئاشتی و داد و چاکە دادەمەزرێنێت، تەنیا هەر ئەوانە شەهیدن لە پێناوی باوەڕدا گیان بەخت دەکەن و ئەوە هەر ئەوانیشن لە ئایندەدا، لەسەر تەختی پاشایەتی ڕۆ دەنیشن و جڵەوی فەرمانڕەوایی بە دەستەوە دەگرن. لای یۆحەننا، ئینسان دەتوانێت لەم دونیا پۆخڵەیشدا، پاک بژی، لای ئەو مەرگی هەمیشەیی، نەک تەنیا هیی جەستەیی، ئەو وەختەیە ئینسان خۆی لەنێو زەریاچەیەک لە گۆگردی داگیرساودا دەبینێتەوە کە دواتر ئەو زەریاچەیە بە دۆزەخ لێک دەدرێتەوە.

پەیامهێن بە هۆی ئەو سرووشەوە کە بۆی دێت، هەر بەرچاوی خۆی ڕوون نابێتەوە، بەرچاوی ئەوانەیش ڕۆشن دەبێتەوە کە بڕوای پێ دەهێنن. هەر سێ ئایینەکە لەسەر ئەوە کۆکن، کە دنیا هی ئەوە نییە دڵمان پێی خۆش بێت، ئاخر دنیا بۆ ئەسکەندەری مەزن کە بەهێزترین پاشا و بۆ گەلگامش کە ئازاترین قارەمان بوو، وەفای نەبوو، ئیدی بۆ کەسی دیکەیش با خاوەنی زۆرترین سامان و بەهێزترین دەسەڵاتیش بێت، هەر وەفای نابێت. دونیا بۆ ئەسکنەندەەری دووشاخ وەفای نەبوو کە هێندە بەناوبانگ بووە، لە هەموو جێیەک دایک منداڵی خۆی پێ ترساندووە و تەنانەت لە قورئانیشدا باسی کراوە. (سوورەتی ئەشکەوت ٨٣) شاخ سیمبۆلی هێز و دەسەڵات بووە، جێی ڕامانە، ئەو پەیکەرەی مایکل ئەنگیلۆ لە ڕۆما، لە کەنیسەی پوترسدا بۆ موسای کردووە، دوو شاخی هەیە. دەڵێن ئەو ئەسکەندەری دووشاخە، یاجووج و ماجووجی لەودیو چیای قەزوینەوە زیندانی کردووە، بەڵام ئەگەری ئەوە هەیە خۆیان دەرباز بکەن و بە سەرکردایەتیی مەسیحێکی ساختە، پەلاماری باوەڕداردان بدەن. ئەگەر یاجووج و ماجووج کە توانای خواردنەوەی ئاوی زەریایان هەیە، سەرهەڵبدەن، کەس خۆی لەبەریاندا ڕاناگرێت، ئیللا زاتی خودا نەبێت، کە لە زەریاچەی گۆگردی داگیرساودا نوقمیان دەکات..

ئەوانەی کە وەحییان بۆ دێت، توانای ئەوەیان هەیە دەمامک لە ڕووی ڕەوتی مێژوو هەڵبماڵن و پێشبینی ڕووداوەکانی داهاتوو بکەن. سەرنجی ئەم گوتە جوانەی عیسا بدەن: (کەس ناتوانێت هاوزەمان خزمەتی دوو سەردار بکات، هاوزەمان خزمەتی خودا و خزمەتی سامانیش بکات.) ڕەنگە مارکس ئیلهامی لەو تێزەوە وەرگرتبێت کە گوتوویەتی: (ئەو تاقە خودایەی بۆرژوا دەیپەرستێت، سەرمایەیە.) لە ئینجیلی لۆقایشدا هاتووە: سامان تاکە هێزی دژ بە خودایە، ئاخر ئینسان لەکوێ سامانی خڕ کردبێتەوە، دڵی لەوێیە. لەوە دەچێت قاروون نەیزانیبێت، خودا کەسانی لەو بەهیزتر و زەنگینتریشی فەوتاندووە. (سوورەتی چیرۆکەکان ٧٨)

لە هەر سێ ئایینەکەدا خودا سەربازی هەیە و لە تەنگانەدا بە هانای پەیامهێنانەوە دەچن. کە موحەممەد و ئەبوبەکر لە مەککەوە بەرەو مەدینە کۆچ دەکەن، لەو ڕێگەوبانە سەربازی خودایی دەیانپارێزێت، (تۆبە ٤٠) ئاخر زاتی خودا لە ئاسمانەکان و لە زەوینیش سەربازی هەیە (فەتح ٤) و لە شەڕی حەنیندا، موسوڵمانان کە لە سەرەتاوە دەشکێن، دواتر بە کۆمەکی سەربازی ئاسمانی بەسەر کافراندا سەردەکەون. (تۆبە ٢٦) لای ئیسلام مەککە کە ڕەمزی ستەم دەبێت، لەدوای فەتحکردنی بە کۆمەکی خودا و دوای پاکژکردنەوەی کەعبە لە بت، ئیدی دەبێتە شاری دادپەروەری.

فەتح لە سەردەمی موحەممەددا، بە مانای سەرکەوتنێک دەهات کە خودا بە موسوڵمانانی ڕەوا دەبینی. سەرکەوتن بە مانای ڕزگاربوون، نەک بە مانا سەربازییەکەی، بەڵام دواتر ماناکەی دەبێتە سەرکەوتنی سەربازی و تاڵانی و بڵاوکردنەوەی ئیسلام لەڕێی داگیرکردنی وڵاتانەوە. خەلیفە و میر و سەرکردەی موسوڵمانان، هەمیشە ئەوەیان بە خەڵک گوتووە کە خودای مەزن، هێز و دەسەڵاتی پێ بەخشیون و هەر ئەویش سەرکەوتنیان بۆ دابین دەکات. فەتح بەگوێرەی قورئان، نە سەرکەوتنی سەربازییە بەسەر جوولەکە و کریستیاندا، نە ڕۆنانی مزگەوتە لە جێی پەرستگەی ئەوان، نە پێویستی بە ئاهەنگ گێڕانە، بەڵکوو فەتح سەرکەوتنێکە بە کۆمەکی خودا کە دەبێتە هۆی ئەوەی خەڵکەکە بە لێشاو بچنە ناو ئایینی خوداوە و موسوڵمانانیش ئەو وەختە هەر ئەوەیان لەسەرە، سوپاسی خودا بکەن و ئاواتی ئەوە بخوازن لێیان خۆش ببێت. (سوورەتی نەسر.) لە ئینجیلیشدا نە ستایشی چەک و جەنگ کراوە و نە باسێک لەوە هەیە، بە ناوی خاچەوە هێرش بکرێتە سەر وڵاتان، وەک خاچهەڵگران دەیانکرد.

بە فەرمانی خەلیفەی ئومەوی عەبدولمەلیکی کوڕی مەروان، گومبەزی بەردین لە قودس ڕۆ دەنرێت، ئاخر موحەممەد بەر لەوەی بۆ میعراج بچێت، پێی لەسەر ئەو بەردە دانابوو. قودس شاری کریستیان و جوو دەبێت، گومبەزی بەردین ڕەمزی سەرکەوتنی ئیسلام بوو بەسەر ئەو دوو ئایینەدا. ئەو گومبەزە بەردینە بۆ ئەوەیش ڕۆنرا، جێ بە کەنیسەی قییامەت لێژ بکات. (نە ئەو لە کەس بووە، نە هیچ کەس لەو بووە. ئیخلاس ٣) چونکە مەسیحییەکان پێیان وایە عیسا کوڕی خودایە، ئەوە بۆیە موسوڵمانان ئەو ئایەتە لەسەر دیواری مزگەوت دەنەخشێنن. عەبدولمەلیکی کوڕی مەروان هەوڵی دا، موسوڵمانان لەبری مەککە، لە قودس حەج بکەن و لەبری کەعبە تەوافی گومبەزی بەردین بکەن، بەڵام بۆی نەچووە سەر. وەلیدی کوڕی عەبدولمەلیکیش مزگەوتی گەورەی دیمەشقی (ئومەوی) لەو جێیە ڕۆنا کە پەرستگای یۆحەننای مەعمەدانی لێ بوو.

مزگەوتی ئەلفاتیح بە دار و بەردی کەنیسەی پەیامهێنان ڕۆ نرا. سوڵتان موحەممەدی فاتیح سووکایەتیی بە مەزاری قوستەنتینیش کرد کە لەوێبوو. گۆڕستانی گەورەپیاوانی کریستیان تەخت دەکرا و لە شوێنی، گڵکۆ بۆ فەرمانڕەوایانی عوسمانی بونیاد دەنرا. قوستەنتینە ناونرا: ئیسلامبول کە بە مانای ئوممەتی ئیسلام دێت. دوای داگیرکردنی (قوستەنتینە) لە ئەورووپا وەک دڕندە سەرنجی موحەممەدی فاتیح دەدرا. دوای تێبەڕبوونی سەد ساڵ بەسەر داگیرکردنی قوستەنتینەدا، دیرۆکنووسێکی ناوداری عوسمانی دەڵێت: (ئەم شارە لە هێلانەی کوندەپەپووی گومڕایییەوە، بوو بە پایتەختی شەرەف و شکۆمەندی. بە تێکۆشانی پیرۆزی سوڵتانە موحەممەدییەکان زەنگی سەرلێشێواوان گۆڕدرا بە بانگی موسوڵمانان کە ڕۆژانە پێنج کەڕەت گوێی جیهادییەکان پڕ لە ئاواز دەکات.)

لایەنی هاوبەشی سێ ئایینە ئاسمانییەکە گەلێک زیاترە لە جیاوازییەکانیان، چونکە پشتیان بە هەمان سەرچاوە، بە هەمان گێڕانەوەی مەزن قایمە. هەر سێ ئایینەکە با لە سەرەتاوە بانگەشەیان بۆ دادپەروەرییش کردبێت، بەڵام کە بوون بە ئایینی دەسەڵات، ستەمیان بەرهەم هێناوە. هەرچەندە پێشەوایانی هەر سێ ئایینەکە، لەتاو ستەم هەڵاتوون، موسا لە میسر، عیسا لە قودس و موحەممەد لە مەککە، بەڵام دواتر، شوێنکەوتووانیان لە هیچ کوێ، وڵاتێک، یان تەنانەت شارێکیشیان ئاوەدان نەکردووەتەوە، دادپەروەری باڵی بەسەردا کێشابێت. ئایین لە سەرەتاوە، دینی کۆیلە و هەژارانە، بەڵام هەر کە دەبێت بە ئایینی فەرمانڕەوایان، ئیدی لە ڕۆخی زەریای ستەمدا لەنگەر دەگرێت. (نزیکەی هەمیشە دامەزراوە ئایینییەکان پشتگیرییان لە دەسەڵات کردووە، دەسەڵاتیش لە بەرانبەر ئەو خزمەتەدا، چاوی سۆزی لێیانەوە بووە. دەسەڵات چونکە شەرعیبوونی خۆی لە پیاوانی ئایینەوە وەرگرتووە، بۆیە لە بواری خزمەتکردنی ئەو توێژەدا درێغیی نەکردووە.)

دەڵێن گوایە موحەممەد لەسەر نوێنی مردن گوتوویەتی: (نیمچە دوورگەی عەرەب جێی دوو ئایینی تێدا نابێتەوە،) بەڵام ئەوە عومەری کوڕی خەتتاب بوو، جووی لە حیجاز و کریستیانی لە نەجران وەدەرنا، هەرچەندە پەیامهێن بواری دابوون لەو دەڤەرانەدا بمێننەوە. لەمێژە ئەوە قەدەغەیە ناموسوڵمان بچێتە مەککەوە و لەسەر ڕێگە بازنەییەکەی دەوری مەککە، کە بە ڕێگەی گاوران ناوی ڕۆییشتووە، تابلۆ هەیە، شوفێران لەوە ئاگادار دەکاتەوە کە ناموسوڵمان مافی ئەوەی نییە ڕێی بەرەو ناو مەککە بگرێتە بەر. یۆحەننا خەونی بە شارێکەوە دەبینی، ببێتە پایتەختی دنیا، هەمووان بە زێدی خۆیانی بزانن و هەمیشە دەرگای بە ڕووی خەڵکی هەموو وڵاتانی جیهاندا کراوەبێت.

ھەواڵی زیاتر