چۆن هەشتی مارس یاد دەکرێتەوە؟

لیا سەیفەدین

ساڵی 1857، کە لەڕۆژێکی وەکو ئەمڕۆدا سەرجەم کرێکارە ئافرەتەکانی کارگەیەکی قوماش و دوورینی جلوبەرگ، لە شاری نیویۆرکی ئەمریکا لەڕێگەی پلانێكی تۆکمەی بەرنامەدارەوە، بەئامانجی وەرگرتنی بەشێك لەمافەکانیان و زیادکردنی داهات و چاککردنی ژیان و گوزەرانیان و کەمکردنەوەی ماوەی کارکردنیان خۆپیشاندانێکیان ئەنجامدا، بەڵام لەلایەنی بەرامبەرەوە بەبەکارهێنانی هێز و زەبرێکی زۆر کەوتنە لێدانی ئافرەتەکان و سوکایەتی پێکردنیان.
هەمان دۆخ و هەمان ڕووداو لەڕۆژی 8ـی مارسی ساڵی 1908 دووبارەبووەوە خۆپیشاندانەكان ئامانجیان كەمكردنەوەی كاتژمێری كار و مافی ڕادەربڕین و بەشداریکردنیان بوو لە هەڵبژاردن.
لەنێوان ساڵانی 1913 و 1914 ئافرەتانی ڕوسیا ڕژانە سەرشەقام دژی جەنگی جیهانی یەكەم، ئافرەتانی ئەوروپاش لە 8ی مارسی ساڵی دواتر بۆ پاڵپشتی ئافرەتانی ڕوسیا هاتنە سەر شەقام.
بۆ ڕێگریکردن لە زەوتکردنی مافەکانی ئافرەتان و دیاریکردنی ڕۆژێك بۆ ئافرەتان تا بتوانن لەو ڕۆەژدا بەیانی داواکاری و مافەکانیان بکەن، بۆ یەكەمجار ئافرەتێكی ئەڵمانی بەناوی (كلارا زیتكین) بیرۆكەی ڕۆژی جیهانیی ئافرەتانی پێشکەشکرد.
نەتەوەیەكگرتووەكان لە ڕێکەوتی 8ـی مارسی 1975 ئەو ڕۆژەی بە فەرمی وەك ڕۆژی جیهانی ژنان و ئافرەتان ناساند.
چۆن ئەم یادە دەکرێتەوە؟
ڕۆژی جیهانیی ئافرەتان لە زۆرێك لە وڵاتان وەك جەژنێکی نیشتمانییە، لە چین لە ڕۆژی هەشتی مارس ئافرەتانی فەرمانبەر و کارکەر، نیوەی ڕۆژەکەیان بۆ دەکرێتە پشوو.
لە ئەمەریکا، بەیاننامەی فەرمیی سەرۆك بۆ ئافرەتان دەخوێندرێتەوە و کارە مەزنەکانی ئافرەتانی ئەو وڵاتە بەرز دەنرخێندرێت. لە هەندێ وڵاتیش بە تەواوی دەبێتە پشووی فەرمیی ئافرەتان و چالاکی گەورە سازدەکرێت، وەک ئازەرباینجان و ئەفغانستان و کەمبۆدیا و چین و جۆرجیا و تورکمانستان و ڕوسیا.
لە هەرێمی کوردستان:
کۆمەڵگەی کۆمەڵایەتی لە کوردستان لە ڕووی هەڵسوکەوتکردن لەگەڵ ئافرەت و ڕوانین بۆ بابەتەکانیان، بە بەراورد لەگەڵ وڵات و کۆمەڵگە و نەتەوەکانی دراوسێ، ئاستێکی مامناوەندیی هەیە؛ ئەوەتا لە هەندێ شوێنی هەرێمی کوردستاندا پیاوی خێزاندار نازناوی ئافرەت واتا (دایکی یان هاوژینی)هەڵدەگرێت و پێی دەناسرێنەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا ئەم کۆمەڵگەیە بێبەش نییە لە ناهەقی و پێشێلکارییەکان دەرهەق بە ئافرەتان، چونکە ئەم هەڵسوکەوت و تێڕوانینانە سەبارەت بەئافرەتان، لە هەموو ناوچەیەکی هەرێم وەك یەك نییە.
ڕۆژانە ئێمە گوێمان لە سووکایەتی و بەکەمزانینی ئافرەتانە بێجگە لەنالەباریی دۆخی ئافرەتان لە ڕووی هاوسەرگیری و ژیانی کۆمەڵایەتی و ئابوورییەوە، پەراوێزخستنی ئافرەتان لە لایەنی سیاسییەوە دەبیندرێت، ئەمە پێویستیی بە کارکردنێکی زۆری دەستەجەمعیە لە لایەن چالاکوانەکانی ئافرەتان و کۆمەڵگەی مەدەنی و مافی مرۆڤ بۆ هێنانەکایەی کەشێکی یەکسان و ئاشتییانە بۆ هەر دوو ڕەگەز لە بوارە جیاوازەکاندا بەگشتی دۆخی ئافرەت و پرسەکانی پەیوەستە بە خێزان، زانکۆ و پەیمانگا، ئابوری و پیشەسازی، دام و دەزگای حیزبی، میدیا بە گشتی و رەهەندی كۆمەڵگه هەتا دەگاتە پەرلەمان و سەرەوەی دەسەڵات.
بەشێکی زۆری پیاوان و کۆمەڵگە و هەندێجار خودی ئافرەتان خۆشیان
وادەبینین كە ئافرەت سەرچاوەی لاوازییە، و سروشتی بە نەریتیكردنی ئافرەت ئەوەیه كە وەكو مێنیەك دەبێت هەمیشە لە ناو نەریتی خێڵ و بیری كۆمەڵایەتی و پیاوی سیاسی و كۆمەڵگەیە‌وه ‌پارێزراوبێت هەر ئەمەیە وادەكات پەروەردەیەك بەرجەستە ببێت كە زورترین نیشانەی ترس و وەهم و بیركردنەوەی نائەقڵانی تییادابێت.
لەگەڵ ئەوەشدا سەرباری ئەوەی ئافرەتان لەتێگەشتنی بەشێکی زۆر لە کۆمەڵگا جیاوازەکاندا، بەلاوازتر له پیاوان ئەژمارکراون، بەپێچەوانەوە نەك کەمتر و لاوازتر نەبوون و نین، به ڵکو له زۆربەی چینەکانی کۆمەڵگا بەهێزتر وورد و بەسەبرترن.
بۆ نمونه له سەرەتای شۆڕشی کوردستانەوە هەتا ئیستاشی لەگەڵ بێت ئافرەتانی کورد شان به‌شانی پیاوان له سه نگەرەکانی دژی داگیرکەردا خەبات و شەڕیان کردوه. لە هەمان کاتدا زۆربەی ئەرکەکانی ناوماڵیشان به ئه ستۆگرتووه وزۆرترین قوربانیان لە پێناو ژیانێکی مرۆڤانە پێشکەش کردووە.
چۆن دەتوانرێت ئافرەتان بپارێزرێن؟میکانیزمەکانی چین؟
لێرەدا چەند هەنگاوی کرداری دەخەینەڕوو، کە دەکرێت ئەم ڕێگایانە دە ڕێگایە هاوکار و یارمەتیدەربن لە کۆتایی هێنان بە توندوتیژی دژی ژنان.
: یەکەم
گوێ لە ڕزگاربووان بگیرێت و باوەڕیان پێبکرێت.
باوەڕ بە ڕزگاربووان بکەن، کاتێک ئافرەتێک چیرۆکی توندوتیژی خۆی باس دەکات، لەو کاتەدا یەکەم هەنگاو دەنێت بۆ شکاندنی سنوور و سووڕی ئازاردان. ئەوە لەسەر هەموومانە کە ئەو شوێنە سەلامەتە بدەینە ئەو ئافرەتە کە پێویستی پێیەتی بۆ ئەوەی قسە بکات و گوێی لێبگیرێت.
دووەم:
فێرکردنی نەوەی داهاتوو، هەروەها فێربوون لێیانەوە
نەوەی داهاتووی کۆمەڵگای کوردی فێربکرێت کە ڕێز لە مافەکانی تاك و ئافرەت بگرن، هەروەها فێری ئەوە بکرێت جیاوازی ڕەگەزی و چینایەتی بوونی نییە و سەردەمی نوێ پێویستی بە کارکردن و ژیانکردنی پێکەوە و یەکترقبوڵکردنە، هەروەها دەبێت ئاسۆی بیرکردنەوەی فراوان بکرێت و گوێیان لێ بگیرێت تا بتوانن دەستپێشخەری خۆیان بۆ پاراستنی مافەکانی تاك و ئافرەت لەپێناو بەدەستهێنانی کۆمەڵگایەکی تەندروست بخەنەڕوو.
سێیەم:
بانگەواز بۆ وەڵامدانەوە و خزمەتگوزارییەکان.
بە مەبەستی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بۆ ڕزگاربووانی دەستی توندوتیژییەکان پێویستە دەستبەجێ لەکاتی داواکردنی هەر خزمەتگوزارییەك هاوکاری بکرێن.
ئەمەش بەو مانایەیە کە پەناگە، هێڵی گەرم، ڕاوێژکاری و هەموو پاڵپشتییەك بۆ ڕزگاربووانی توندوتیژی ڕەگەزیی پێویسیەکی بنەڕەتییە بۆ ئەو کەسانەی کە پێویستیان پێیەتی.
چوارەم :
دەبێت هەموومان فێری ناسینی دەربڕین و نیشانەکانی سووکایەتیکردن بکرێین و چۆنێتی یارمەتیدان جۆرەکانی ئازاردان بخوێنینەوە
ئەگەر نیگەرانی هاوڕێیەکت کە لەوانەیە تووشی توندوتیژی بێت یان هەست بە نائارامی بکات لە دەوروبەری کەسێک، پێداچوونەوە بەم نیشانانە بکە و فێربە دەربارەی ڕێگاکانی یارمەتیدانیان بۆ دۆزینەوەی سەلامەتی وپشتگیری.
ئەگەر پێت وایە کەسێک ئازارت دەدات، یارمەتی بەردەستە. تۆ بەتەنیا نیت.
پێنجەم:
دەستپێکردنی گفتوگۆ
دەبێت گفتوگۆ بکرێت لەوەی کە ئەنجامدانی هەرجۆرە توندوتیژییەك جا جەستەیی یان دەروونی یان هەرجۆرێکی تر دژی ئافرەتان، پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤە و ئەم پێشێلکردنە دەیان ساڵە بەردەوامە.
هاوسۆزی خۆت لەگەڵ ڕزگاربووانی دەستی توندوتیژییەکان نیشانبدە، دەری بخە کە لە کوێ وەستاویت و هەڵوێستت هەبووە لە شەڕی فەراهەمکردنی و دابینکردنی مافەکانی ئافرەتان .
شەشەم:
دژی کولتوری دەستدرێژی بوەستینەوە.
کولتوری دەستدرێژی سێکسی ئەو ژینگە کۆمەڵایەتییەیە کە ڕێگە دەدات توندوتیژی سێکسی ئاسایی بکرێتەوە و ڕەوا بکرێت،
حەوتەم:
هاوکاریکردنی ماددی و مەعنەوی و پارەدان بە ڕێکخراوەکانی ئافرەتان
بەخشین بکە بە ڕێکخراوە ناوخۆییەکان کە ئافرەتان بەهێز دەکەن، دەنگیان گەورە دەکەن، پشتگیری لە ڕزگاربووان دەکەن، و قبوڵکردنی هەموو ناسنامە ڕەگەزی بەرەوپێش دەبەن.
ئافرەتان نەتەوە یەکگرتووەکان لەگەڵ ڕێکخراوەکانی ئافرەتان لە هەموو شوێنێک کاردەکەن بۆ کۆتاییهێنان بە توندوتیژی دژی ئافرەتان ویارمەتیدانی ڕزگاربووان و دەستەبەرکردنی مافی یەکسان بۆ ئافرەتان لە هەموو شوێنێک.
هەشتەم:
توندوتیژی دەتوانێت چەندین شێوەی هەبێت، لەوانە ئازاردانی سێکسی لە شوێنی کار وفەزای گشتیدا.
ژینگەیەکی سەلامەتتر بۆ هەمووان دروست بکە بە تەحەدای هاوتەمەنەکانت کە بیر لە ڕەفتاری خۆیان بکەنەوە و قسە بکەن و هەڵوێست دەرببڕن کاتێک دەبینن بەهەرجۆرێك سوکایەتیکردن و ڕێزنەگرتنی ئافرەتان دەبینرێت.
وەك هەمیشە گوێ لە ڕزگاربووان بگرن ودڵنیابن لەوەی ئەو پشتگیرییەیان هەیە کە پێویستیانە.
نۆیەم:
بۆ بەرەنگاربوونەوەی کاریگەرانەی توندوتیژی لەسەر بنەمای جێندەر، پێویستە لەو پرسە تێبگەین.
کۆکردنەوەی زانیارییە پەیوەندیدارەکان کلیلی جێبەجێکردنی ڕێوشوێنە سەرکەوتووەکانی خۆپاراستن و دابینکردنی پشتگیرییەکی دروستە بۆ ڕزگاربووان.
ئەمانە چەند میکانیزمێک بوون کە بۆ کەمکردنەوەی توندو تیژی دژی ئافرەتان، سودیان هەیە و بێگومان ڕێگەی تری زۆر هەیە بۆ تەشەنەنەکردنی توندوتیژی دژی ئافرەتان لەڕووی کۆمەڵایەتی و ئاینی سیاسی و کولتوورییەوە لە چوارجێوەی پاراستنی مافەکانی ئافرەتان، کە قسەی زۆر زیاتر هەلدەگرێت. هەموو ڕۆژێک دەرفەتمان هەیە بۆ ڕەفتار و بیروباوەڕەکانمان بپشکنین بۆ ئەو لایەنگریانەی کە ڕێگە بەبەردەوامبوونی کولتوری دەستدرێژیکردن دەدەن.

ھەواڵی زیاتر