پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

٨ی مـــــارس لـە شۆڕشەوە بۆ کۆڵنەدان

‎حیات مجید

٨ی مارس شۆرش بوو بەڵام لە ئیستادا کۆڵنەدانە، هەشتی مارس شۆڕش بوو دژی نا یەکسانی و نا دادپەروەری بەرامبەر بە ماف و توانای ئافرەتان، هەشتی مارس تێکۆشان بوو بۆ رووبەرووبوونەوەی هەموو ئەو لەمپەرانەی رووبەرووی تواناو ماندوو بوونی ئافرەت دەبوونەوە، وەرچەرخانێکی گرنگی ناو خەباتی ئافرەتان بوو لە پێناو بەدیهێنانی مافی یەکسان و هەلومەرجی بەرەو باشتر بوونی ژیانی ژنان لە مەیدانی کاردا. هەرگیز ناکرێت بە کەم بزانرێت ئەم شۆرشە مەزنە و بە کەم سەیر بکریت ریز لەو هەموو قوربانیە نەگیریت لە کارەساتی ( سێگۆشەی ئاگر) کە لە ئەمەریکا روویدا و زیاتر لە ١٤٠ ئافرەتی خاوەن هیزو بازو ئیرادە بوونە قوربانی و گیان سپارد، لەپیناو وەدیهێنانی مافەکانیان، رۆحی قوربانیانی ئافرەت بووە رووناکی بۆ داهاتووی ئافرەتان. هەرچەندە زووڵم و زۆداری و تووندووتیژی بەرامبەر بە ئافرەتان بەردەوامە، سەرەرای هەوڵ و ماندووبوونی سەدان ئافرەتی ئازادی خواز و پیاوانی پشتیوان و داکۆکیکەر لە خەباتی ئافرەتان، هیشتا دەیان رێکخراو هەیە لە ژیر ناو ی جۆراو و جۆرو و بیرورای جیاوازدا کار بۆ خەفە کردنی دەنگی ئافرەتان و لێدان لە ئامانجی رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەی رێکخراوەکانی ئافرەتا ن و ژنان دەکەن، بە هەڵبەستنی تۆمەتی بێبنەما و دور لە راستی ئەمەش تەنها بۆ ساردکردنەوەیانە لە ئامانجە سەرەکییەکەیان و بێدەنگ کردنیانە بەرامنەر بە مافەکانیان. بۆیە ئەم قۆناغەی کارکردنی ئافرەتان قۆناغێکی پر ماندوویەتیە، کۆڵنەدانی ئافرەتانی ئازادی خواز لەم کات و دۆخە هەستیارەدا ئەوپەری هەست کردنە بە بەرپرسیارێتی بەرامبەر بە مافەکانیان، ئەمە سەرەڕای بە دەست هێنانی دەیان و دەیان دەستکەوت بۆ ئافرەتان، هێشتا پێویستمان بە چڕ کردنەوەی تواناکانمان و بە هەبوونی ئیرادەیەکی پۆڵان دەتوانین بەربەستەکان بشکێنین و بەردەوام و کۆڵنەدەر بین لە خەباتی ئازادی خوازانەمان لە پێناو مافەکانمان.