8ی مارس، ده‌رفه‌تێك‌ بۆ ناساندنی پرسی ئافره‌ت و یه‌كسانی

زیــــــبا تـەهـــــــــــا*

ڕۆژی جیھانیی ئافرەتان، ڕۆژی بەھەند وەرگرتن و گرنگیدانە بەتوانای ئافرەتان‌ له‌سه‌رجه‌م بواره‌كاندا. له‌8ی مارسدا، ئافره‌تانی جیهان ده‌یانه‌وێت ئه‌وه‌ به‌بیری كۆمه‌ڵگه‌ بھێننه‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ هه‌مووان به‌بێ جیاوازی بڕوایان به‌ پرسی ئافره‌تان ‌بێت و وه‌ك پرسێكی گشتگیر پاڵپشتی بكه‌ن.
ئاشكرایه‌ كه‌ یه‌كێك له‌ خاڵه‌ نێگه‌تیڤه‌كانی لایەنگری ره‌گه‌زی ئه‌وه‌یه‌، پەیکەری کۆمەڵایەتی تێکدەدات و كۆمه‌ڵگه‌ بێ بەها دەکات. ده‌بێت به‌شێوه‌یه‌كی یه‌كسان سه‌یری هه‌ردوو ره‌گه‌ز بكرێت و به‌شداری ته‌واوی كایه‌كانی ژیانیان پێ بكرێت، چونكه‌ ئه‌مه‌ تەنیا پرسێکی تایبه‌ت به‌ مافی مرۆڤ نییە؛ به‌ڵكو به‌بایه‌خ وه‌رگرتنی هه‌موو توانای مرۆییه‌كانی جیهانه‌. بە ڕەتکردنەوەی مافی یەکسان بۆ ئافره‌تان، نیوەی دانیشتوان لە چانسی ژیان بێبه‌ش ده‌كرێن، و له‌ سێكته‌ره‌كانی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی دوورده‌خرێنه‌وه‌، ئه‌م ره‌فتاره‌ش زیان به‌ هه‌موو جیهان ده‌گه‌یه‌نێت نه‌ك ته‌نها به‌ ئافره‌تان‌‌، كه‌ ده‌بێته‌ هۆكاری دروستبوونی جیاوازی ره‌گه‌زی و به‌رقه‌رارنه‌بوونی مافی یەکسان و ڕێزنه‌گرتن له‌ پیا و و ئافره‌ت وه‌ك دوو تاكی كۆمه‌ڵگه‌.
خۆشبه‌ختانه‌ له‌هه‌رێمی كوردستان ستراتیژی وپاڵپشتی جدیمان بۆ چارەسەرکردنی نایەکسانی ره‌گه‌زی و ئافره‌تان هه‌یه‌، ساڵانه‌ له‌رێگه‌ی پلان و ئه‌جێندای جیاوازه‌وه‌ حكومه‌تی هه‌رێم پشتگیری ته‌واو بۆ باشترکردنی ژیان و ده‌سته‌به‌ركردنی مافی ئافره‌تان جێبه‌جێ ده‌كات، كه‌ ئه‌مه‌ش هێمای پێشكه‌وتن و بروابوونی كۆمه‌ڵگه‌كه‌مانه‌ به‌ مافی ئافره‌تان و ده‌بێته‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی بۆشایی ره‌گه‌زی له‌ ناو بواره‌ هه‌مه‌جۆره‌كاندا. ئێمه‌ش وه‌ك یه‌كێتی ئافره‌تانی كوردستان پاڵپشتی هه‌موو ئه‌و پرۆژه‌ و كارانه‌ ده‌كه‌ین كه‌ حكومه‌تی هه‌رێم بۆ به‌رده‌وامیدان له‌خه‌بات و بزوتنه‌وه‌ی ئافره‌تان ئه‌نجامی ده‌دات، و وێنای ئافره‌تی كوردستان وه‌ك كاره‌كته‌رێكی سه‌ركه‌وتوو نیشانی جیهان ده‌دات. له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌، ره‌خساندنی هه‌لی كاری زیاتر و به‌شداری پێكردنی ئافره‌ت له‌ناوه‌نده‌كانی بریاردان و حكومه‌ت و به‌شه‌كانی دیكه‌، جێگه‌ی ده‌ستخۆشییه‌ و ده‌بێت ته‌واوی ئافره‌تانی كوردستان ئه‌و پاڵپشتیه‌ به‌ هه‌ند وه‌ربگرن و بۆ خۆپێگه‌یاندن و بره‌ودان به‌تواناكانی خۆیان سودی لێ وه‌ربگرن.
له‌كاتێكدا، له‌سه‌ر ئاستی جیهانیش پرسی ره‌گه‌زیی بۆته‌ پرسێك كه‌ هه‌وڵی به‌رده‌وامی بۆ ده‌درێت بۆ جێگیركردنی له‌ته‌واوی كۆمه‌ڵگه‌كانی جیهان، به‌و جۆره‌ ده‌بیندرێت كه‌ گەشەسەندنی مرۆیی ڕەنگدانەوەی دەستڕاگەیشتنێکی نایەکسانی ئافره‌تان و پیاوانه‌‌ بۆ دەرفەتەکان. سیستەمی یاسایی لە زۆرێک لە وڵاتاندا هەمان ماف و دادپەروەری وەک پیاوان به‌ ئافره‌تان نابەخشێت، بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و بابه‌ته‌، ده‌توانین هه‌موو پێكه‌وه‌ نەخشەڕێگایەک و بنەمایەک بۆ پێشخستنی ئه‌و پرسه‌ بخه‌ینه‌روو و پشتگیری سه‌رجه‌م هه‌وڵه‌كان بكه‌ین، بۆئه‌وه‌ی چ له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆ یاخود ده‌ره‌كی یارمه‌تی ئافره‌تانی كوردستان بده‌ین به‌ ئامانجی ئه‌وه‌ی كه‌ ئافره‌تان له‌هه‌رێمی كوردستان بتوانن باشتر پێگه‌ی خۆیان پته‌وتر بكه‌ن و ئه‌و توانا مرۆییانه‌ی هه‌یانه‌ به‌قازانجی كۆمه‌ڵگه‌ بێت و ببنه‌ تاكێكی به‌رهه‌مهێنه‌ر، هاوكات ده‌بێت ئافره‌تانیش زیاتر توانای خۆیان بخه‌نه‌گه‌ڕ و به‌رده‌وام بن له‌پێشكه‌وتن و بره‌ودان، و پلان و پرۆگرامی درێژمه‌ودایان بۆ پرسی ئافره‌تان هه‌بێت. ده‌ستپێشخه‌ربن له‌پێشكه‌شكردنی پرۆژه‌ و بیرۆكه‌ی نوێ بۆ حكومه‌ت و دامه‌زراوه‌كان، بۆئه‌وه‌ی ئه‌و بۆشاییه‌ جێنده‌رییه‌ی كه‌ ده‌بیندرێت به‌تێپه‌ربوونی كات كه‌م بكرێته‌وه‌ و له‌لایه‌ن ئافره‌تانی به‌توانا و ئه‌كادیمیست و شاره‌زا پڕ بكرێته‌وه‌‌، و ببنه‌ جێگه‌ی بایه‌خ وسه‌رنجی هه‌موو كۆمه‌ڵگه‌، به‌مه‌ش ئافره‌تان ده‌بنه‌ نموونه‌ی باڵا له‌ته‌واوی پێگه‌ و شوێنه‌ جیاوازه‌كاندا.
*سکرتێری یەکێتی ئافرەتانی کوردستان