بە کورتی بە کوردی

ھۆشیار سیوەیلی

دوێنێ یادی ڕاپەڕینە مەزنەکەی ساڵی ١٩٩١ بوو. ئەو پاڵەوانانەی ڕاپەڕینیان کرد ڕۆڵەکانی ئەو خەڵک و جەماوەرە بوون کە ڕۆژانە ئازاری ژێردەستەییان دەچێشت، ئەوانە بوون کە ڕۆژانە کەرامەتیان پێشێل دەکرا و سوکایەتییان پێدەکرا. هەر ئەوانیش بوونە سووتەمەنی مەشخەڵی ڕاپەڕین، بەڵام گەر تەبایی و یەکڕیزی لایەنە سیاسییەکان و هێزی پێشمەرگە نەبوایە، ئەو خەڵکە ئەو هیزە مەعنەوییەی نەبوو بەو شێوەیە و بەو جۆش وخرۆشە کۆشکی ستەم ڕابماڵێت. ئەمڕۆش هەر ئەو جەماوەرەیە کە دوای٣٣ ساڵ بۆتە کۆڵەکە و دینگەی ڕاگرتن و مانەوەی ئەو پەرلەمان و حکوومەتەی بە ڕەنج و خوێنی خۆیان بنیاتنرا، بەڵام ناکۆکی و ناتەبایی لایەنە سیاسییەکان خەریکە ئەو هێزە مەعنەوییە لاواز دەکات و حکوومەتی بەغداش ئەو هەلەی قۆزتۆتەوە و بە پێچەوانەی دەستوور و زۆرجار لە ڕێگەی دادگای باڵای فیدراڵی و چەندین ڕێگای تر خەریکی لە ناوبردنی ئەو دەسکەوتانەیە کە لە ماوەی ٣٠ ساڵی ڕابردوودا هاتوونەتە دی. گەر جێبەجێکردنی ئەو سیاسەتە بەری پێنەگیرێ و سنوور بۆ ئەو پێشێلکارییە دیار و زەقانەی دەستوور دانەنرێت، ئەوا وەک چۆن حکوومەتی بەعس لە ڕێکەوتننامەی ئازاری ١٩٧٠ پەشیمان بۆوە و بە قانوونێک ناوەرۆکەکەی بەتاڵکردەوە، بەهەمان شێوەش گەر بۆی بچێتە سەر، هەموو مافێکی دەستووری لە هەرێمی کوردستان دەسێنێتەوە و وەک هەرێمێکی فیدراڵی نایهێڵێت. هەرێمی کوردستان پشتگیرییەکی باشی نێودەوڵەتی هەیە و ئەوەی بینیمان لە داڤۆس و میونیخ و لوتکەی حکوومەتەکان لە دوبەی و بینین و چاوپێکەوتنەکانی واشنتۆن و کۆنفرانسی دیپلۆماسی ئەنتالیا کە بەڕێزان سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکوومەت و شاندەکانی یاوەریان ئامادەیان بوون تەنیا لە ماوەی کەمتر لە سێ مانگدا ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ فراوانی و ئاستی بەرزی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان. هیج گومانم نییە لە هەموو ئەو کۆبوونەوە و چاوپێکەوتنانەدا دۆخی نێوخۆی هەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکان لە گەڵ بەغدا بابەتی سەرەکی بوون و هەموو دۆستەکانی گەلی کوردستان بە پەرۆشەوە داوای یەکریزی و تەبایی لایەنە سیاسییەکانیان کردوە. سڵاو لە گیانی پاکی شەهیدانی ڕاپەڕین و هەموو شەهیدانی ڕێگەی ئازادی و سەربەخۆیی کوردستان

ھەواڵی زیاتر