ئایا ئەمریکا تا چەند جێگای متمانەیە؟!

شێرکۆ حەبیب

شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە میانەی سەردانەکان و ئامادە بوونی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی و سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، مەسرور بارزانی لە کۆڕ و کۆربەندە جیهانییەکان و سەردانی وڵاتانی کاریگەر لەسەر هاوکێشەکانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کاریگەری گرنگ و ئیجابی دەبێت لەسەر پەیوەندییەکانی کوردستان و ئەو وڵاتانە، و هۆکاری پتەو کردنی کاری بازرگانی و وەبەرهێنانە کە ئەمەش ژێر خانی کوردستان دەبۆژێنیتەوە و دەبێتە هۆی پتەوکردنی بواری ئابووری کوردستان و لە لایەکی دەبێتە هۆکاری چارە کردنی گرفتەکانی نێوان بەغدا و هەولێر ئەگەر ئەمریکا نیاز و مەبەستی هەبێت .

دوا سەردانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی بۆ ئەمریکا و دیداری لەگەڵ گەورە بەرپرسانی حکوومی و کۆنگرێس مایەی خۆشحاڵییە کە سەردانێکی سەرکەوتوو بوو، و ئەو بەرپرسانە دووپاتی هاوکاری و پشتیوانی کوردستان دەکەنەوە لە چوارچێوەی عێراقێکی یەکگرتوو، و خۆیان باش دەزانن کەوا عێراق بەم بارودۆخەی ئێستای مەحاڵە بە یەک پارچەیی بمێنتەوە، بۆیە گرنگە ئەو بەرپرسە ڕۆژئاواییانە بەو مەرجە باس لە یەک پارچەیی خاکی عێراق بکەن کە مافی سەرجەم پێکهاتەکان دابین کرابێ هەروەک لە دەستوری هەمیشەیی عێراقدا هاتووە، بەڵام وادیارە بەرژەوەندی ئەو وڵاتانە وا دەخوازێت کەوا عێراق بەم شێوازەی ئیستا بێت، چونکە ئەوان بەرژەوەندی خۆیان لا گرنگترە لە مافی میللەتان و ئەوەی ئەمڕۆ میللەتان دووچاری هاتوون بەتایبەتی میللەتی کورد هۆکارەکانی ئەوانن، کەوا کوردستانیان بۆ بەرژەوەندی خۆیان پارچە پارچە کرد، تەنانەت ئەمریکا کە ئەمڕۆ دەڵێ کورد دۆستی ڕاستەقینەی ئێمەیە، لە نسکۆی ساڵی ١٩٧٥ ئەوان هۆکاری ئەو شکەستە کاتیەی شۆڕش بوون و خۆشیان بە ڕاشکاوی ئاماژەیان پێکردووە، هەروەها نەگەڕانەوەی کەرکووک بۆسەر کوردستان هەر ئەوان هۆکار بوون لە دوای ساڵی ٢٠٠٣.
هێنری کیسنجەر بە ڕێوی دبلۆماتی ئەمریکی ناوبانگی دەرکردبوو و یەکەم جولەکە بوو کە پۆستی وەزیری دەروەی ئەمریکای وەرگرت، و لەم دواییەدا لە تەمەنی ١٠٠ ساڵ کۆچی دوایی کرد، دەڵێ “ئەگەر دوژمنایەتی ئەمریکا بکەیت ئەوە بابەتێکی ترسناکە و ئەگەر دۆستایەتی ئەمریکا بکەی ئەوە بابەتێکی کوشندەیە”
جا ئەوان چۆن مامەڵە لەگەڵ کورد دەکەن لە ڕوانگەی ئەو هاوکێشە و ئایا کورد دووبارە هێلکەکان لەناو سەبەتەی ئەمریکا دادەنێت؟ ئایا ئەمریکا هەمان ئەمریکای ساڵی ١٩٧٥ ئایا تێڕوانینی نەگۆڕاوە؟ هەرچەندە سیاسەت زامنی نییە لە شەووڕۆژێک گۆرانگاری بەخۆوە دەبینێ، بەڵام بەرژەوەندی هاوبەش هەیە، ئاخو دەبێ ئەمجارە بەرژەوەندیەکانی کورد و ئەمریکا یەک بگرن و هاوبەش بن؟ بەتایبەتی لە کاتێکدا گەورەترین باڵەخانەی کونسولی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە هەولێری پایتەخت دروست کراوە و ساڵی ئایندە بە تەواوی کارەکانی کردنەوەی کۆتایی پێدێت.