چاكەی میدیای كوردی بۆ هاووڵاتییان چییە؟

‎هاودەنگ فارووق

یەكێك لە كێشەكانی میدیای كوردی، ئەوەیە بەبێ ڕەچاوكردنی بچووكترین ڕێسای كارپێكراو لەدنیای ڕاگەیاندندا، هەركەس دێت، خۆی دەكات بە بوارەكەدا و، خۆی پێ هەڵدەواسێت، ئەگەر كەمترین شارەزایشی نەبێت، دواجار بەپاساوی ئازادی ڕادەربڕین و ئازادی كاری ڕاگەیاندن دەست بەكار دەكات.
ڕاستە میدیا بەشێكی زۆری حەزی زانین و سەلیقە و كەمێكی ئەكادیمیایە، بەڵام لەهیچ بارێكدا ئەوە ئەگەرێكی كراوەنییە، كە هەركەس بیەوێت بێ سێ و دوو، بتوانێت بێتە ناو كایەكەوە، كەسیش بۆی نەبێت بڵێ: بوەستە!
ئەگەر دەستەڵاتی یاسا لەكوردستان هیچ بەندوباوێكی بۆ كاری میدیایی دانەناوە، هاوكات ئەوانەیشی دەیانەوێت خۆیان هەڵبواسن بەكاری میدیادا، شەرم ناكەن و گوێ بە لاوازیی تواناو كۆڵەواری خۆیان نادەن و، كەناڵ و سۆسیالمیدیاكانیش، ڕاوی لایك و كۆمێنت فۆڵۆ دەكەن نەك بابەتی بوون و ئیتیكی كاری میدیایی، بەڵام ئەوەی جێگەی دڵخۆشییە، لەسەردەمی ئێستادا میدیاكان فیدباكی ڕاستەوخۆیان هەیە و، لەسات و كاتی پەخشدا، قورسایی و كاریگەریی خۆیی بۆ ڕوون دەبێتەوە، بەوەی دەبینێت كەمترین كاریگەری هەیە. ژمارەی بینەر و وەرگرەكانی خۆی دەبینێت و، ئەوەش باشترین وەڵامە بۆ ئەو جۆرە میدیایانە.
جگە لەوەش، خەریكە پەیتاپەیتا كۆمەڵگە هۆشیار دەبێتەوەو، لەبەردەم هەقیقەتێكی تاڵدا خۆیان دەبیننەوە ، هەموو چین و توێژەكان هەست دەكەن، میدیای كوردی بەمجۆرەی ئێستا هەیە، كارەسات وپاشاگەردانی دروستكردووە.
، بۆیە لەئێستادا زۆرجار دەبینین كە خەڵك لەسەرشەقام و لەسەر كار، وەڵامی پەیامنێرەكان نادەنەوە، یان بەپرسیار و لاقرتێوە، بەتەواوی ئیحراجیان دەكەن.
بەم دواییانە لەسۆسیالیمیدیا گرتەیەكی ڤیدیۆیی بڵاوكرایەوە، كە پیاوێكی خانەنشین، كاتێك پەیامنێری یەكێك لە پەیچەكان دەیەوێت پرسیارێكی لێ بكات، پیرەمێردە خانەنشینەكە، كاكی پەیامنێر شۆك دەكات و، پرسیارێکی زۆر زیرەکانە دەورووژێنێت کاتێ کە پرسیاری ڕۆژنامەنووسەکە هەڵئەگێڕێتەوە وبەمیدیاکارەکە دەڵێ : ئەدی چاکەی ئەنگۆ چییە؟ میدیاکارەکە لەبەرامبەر قسەکانی کابرادا هیچ وەڵامێکی پێ نییە و دۆش دادەمینێت..
وێڕای ئەوەی كە پەیامنێرەكە سنوورەكانی حەرەمی هاووڵاتییەكە دەبەزێنێت و “بە معاشخۆری بندیوار” تۆمەتباری دەكات، بەڵام هاووڵاتییەكە فیدباكێكی فەوری بەخۆی و كەناڵەكەی دەدات و لێی دەپرسێت: ئەی چاكە و خێری ئێوە چییە؟ بێگومان پەیامنێرەكە، لەبەر ئەوەی هیچ لە كاری میدیایی نازانێت هۆشیاری ئەوەی نییە خۆی لەو دۆخە دەرباز بكات، ناتوانێت وەڵامی ئەو هاووڵاتییە بداتەوە.
لەئێستادا، بۆ وەڵامی قسەی ئەو پیاوە، هەقە سەندیكای ڕۆژنامەنووسان و، وەزارەتی ڕۆشنبیری و، حكوومەتی كوردستان و داواكاری گشتی وەڵامیان هەبێت و، پێمان بڵێن: چۆن میدیای باش لەمیدیای خراپ، میدیای باش لەمیدیای بەكرێگیراو تێكدەری میزاجی كوردەواری . . میدیای بەسوود لەمیدیای بێسود جیا بكەینەوە؟ پێوەرەكان چین ؟ كامیان بەردەوام بن و كامیان دابخرێن؟ كێن ئەوانەی ڕۆژنامەوانی بەرپرسیاروپیشەیی وبە ئیتیكن، کێن ئەوانەی سەرئێشە و ناڕەحەتی بۆ خەڵک دەخولقێنن؟