مسته‌فا بارزانی

فازڵ میرانی

له‌ ڕۆژژمێری حزبی و نه‌ته‌وه‌یی و خه‌باتگێریی ئێمه‌دا یه‌كه‌م ڕۆژی مانگی ئادار به‌ واتای ئازارێكی زۆر دێت، تاقیكردنه‌وه‌‌ بۆ خۆڕاگری و ئارامگرتنمان، هه‌روه‌ها بوو به‌ خاڵی وه‌رچه‌رخان بۆ نه‌وه‌یه‌كی به‌ختیار، كه‌ پیاوێكی دۆزییه‌وه‌‌ به‌ ئێمانه‌وه‌ حوكمڕانیی چاره‌نووسی خۆی كرد و توانی ڕێڕه‌وی مێژوویه‌ك بگۆڕێت، كه‌ زلهێزان به‌سه‌ر گه‌ل و میلله‌تی ئێمه‌ و میلله‌تانی دیكه‌دا سه‌پاندبوویان، لێره‌دا مه‌به‌ستم بارزانی و ساڵڕۆژی كۆچی دوایی جه‌نابیانه‌ له‌ ئاداری ساڵی 1979.
مێژوو باسی ورده‌كاری ناكات، كه‌ ته‌نیا كه‌مێك پێی ئاشنان، هه‌بوونی هاوشێوه‌ی مسته‌فا بارزانی له‌ كار و به‌رهه‌مدا بۆ گه‌لێكی وه‌ك كورد تا ئێستایش له‌ لایه‌ن ئه‌وانی دیكه‌وه‌ به‌ ئامانج گیراوه‌، به‌رده‌وام دوژمنایه‌تیكردنی له‌ڕووی نه‌ته‌وه‌یی و مه‌به‌ستگه‌لی دیكه‌، كه‌ به‌ ئه‌نقه‌ست و عه‌قڵیه‌تی پاوه‌نخواز و سته‌مكاری به‌ چه‌ندان ڕوخسار و ئایدۆلۆژیاوه‌ نوێ ده‌بێته‌وه‌.
گه‌لێكی یه‌كگرتوو، به‌ڵام جه‌سته‌ی پارچه‌پارچه‌ بووه‌، نه‌خشه‌كه‌ی سروشتییه‌، لێ له‌ لایه‌ن چه‌ند سیسته‌مێكه‌وه‌‌ ده‌سكرده‌‌، ڕژێمگه‌لێك ئاماده‌ی هه‌موو كارێكن، مه‌گه‌ر بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی هه‌قیقه‌ت له‌به‌ر ده‌م ویژدانیان به‌وه‌ستن، یان گوێ بۆ هه‌ق قۆڵاخ بكه‌ن.

وه‌ك به‌هره‌یه‌ك له‌ كه‌سایه‌تیی ئه‌ودا ده‌یزانی چۆن خاڵه‌ لاوازه‌كانی مێژوو له‌ كاتی هه‌بوونی سسته‌م ‌له‌ بونیاتی كۆمه‌ڵاتیدا بگۆڕێت بۆ خاڵی هێز. مسته‌فا بارزانی هاته‌ پێش و ده‌ستی هه‌ڵبڕی و گوتی ” به‌سه‌” دواتر ” به‌سه‌”ی كرد به‌ كار و خه‌بات، خۆ ئه‌م بڕیاره‌ ئه‌گه‌ر كه‌سایه‌تیی تایبه‌ت و هه‌ڵكه‌وتووی بارزانیی له‌گه‌ڵدا نه‌بووایه‌ هێنده‌ به‌ ئاسانی جێبه‌جێ نه‌ده‌بوو.
ده‌ركه‌وتنی بارزانی له‌و‌ هه‌لومه‌رج و شوێن و زه‌مه‌نەی ئه‌وان ڕۆژاندا، خۆڕاگری و وه‌ستانه‌وه‌ی به‌رانبه‌ر ئه‌و ده‌سته‌ڵاته‌ تاكڕه‌و و سته‌مكاره‌یه‌، نزیكه‌ له‌ خه‌یاڵ و موعجیزه‌، تاقانه‌یه‌ك له‌ گه‌لێكی چه‌وساوه‌، به‌رانبه‌ر ڕژێمێك وه‌ستایه‌وه‌، كه‌ چه‌ندان ڕژێمی دیكه‌ كۆمه‌كیان ده‌كرد، له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك پێشمه‌رگه‌ و خه‌باتكاردا، كه‌ باوه‌ڕیان به‌ كه‌سایه‌تیی ئه‌و و دۆزه‌كه‌یان هه‌بوو، له‌ كه‌سێكه‌وه‌ بوو به‌ ئومه‌تێكی نوێ، به‌ چه‌شنێك فه‌رمانی به‌ په‌رپاكردنی عه‌داله‌ت كرد و به‌ری له‌ سته‌مكاری گرت.
مسته‌فا بارزانی قبووڵی نه‌كرد ئێمه‌ پاشكۆی نیزامێك بین به‌ ئاره‌زووی خۆی مامه‌ڵه‌مان له‌گه‌ڵدا بكات. بارزانی ده‌نگی هه‌قی ئیلاهیی، كه‌ ڕێزگرتنی مرۆڤ و یه‌كسانی و ئازادی و ئاره‌زوومه‌ندیی هه‌ڵبژاردنه‌، گێڕایه‌وه‌.
بارزانی له‌به‌رانبه‌ر ئه‌و ڕێسایه‌ی چه‌ندان ساڵ ده‌سته‌ڵاتداران مافی میلله‌تیان زه‌وت كردبوو، وه‌ك شۆڕسوار هاته‌ مه‌یدانه‌وه‌، میلله‌ت به‌ هۆی خه‌باته‌وه‌ هه‌وایه‌كی پاك دوور له‌ زه‌لیلی و دڕنده‌ییان هه‌ڵمژی.
خه‌بات و جووڵانه‌وه‌ی نێوان كێوه‌كان هیجره‌ت بوو به‌ره‌و هه‌ق‌، به‌ره‌و دروستكردنی مێژوویه‌كی شه‌ره‌فمه‌ندانه بۆ تاك و كۆ و گه‌ل، ئێمه‌ دوو به‌ره‌ بووین، به‌ره‌یه‌ك ده‌یویست دادگه‌ری به‌رپابكات، به‌ره‌یه‌كیش ده‌یویست به‌ ئاره‌زووی خۆیان حوكمڕانیی ئێمه‌ بكه‌ن.
بارزانی به‌ ڕاستگۆیی كردار و گوفتاره‌كانی، به‌هاگه‌لێكی له‌ دڵ و ده‌روونی حه‌ڵك ڕواند، به‌هۆی ئه‌م كردارانه‌وه‌، كه‌ وێنه‌یان كه‌مه‌، جه‌نابیان له‌ كه‌سانی دیكه‌ جوێ ده‌كرێته‌وه‌. ژیانی خۆی به‌وان به‌خشی، به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ شتێكیان لێ داوا بكات.
زاهید و پاك و لێبورده‌بوو، زیره‌ك و جه‌سوور بوو، ده‌یان خه‌سڵه‌تی دیكه‌، كه‌ بارودۆخ نه‌یگۆڕین. به‌ڵێ ئه‌مه‌ مسته‌فا بارزانی بوو، سه‌ركرده‌ی شۆرشه‌كان، ڕاپه‌ڕینه‌كان، سه‌رده‌سته‌ی هه‌ڵوێسته‌ سه‌خته‌كان بوو.
له‌ یه‌كه‌م ڕۆژی ئاداردا ئۆغری یه‌كجاری كرد، دوا چه‌ند ساڵێك پاش نه‌كسه‌ و شۆشی گوڵان، دوای كۆچی دوایی ئه‌و، بێده‌نگی ڕه‌وانبێژترین زمان بوو، كاركردن به‌گوێره‌ی سه‌ربرده‌ی ئه‌و، باشترین كارێكه‌ بیكه‌ین.
مسته‌فا بارزانی حوجه‌ی گه‌ل و حزبه‌كه‌یه‌تی، كه‌ به‌ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی شه‌ڕفمه‌ند بوون. ڕاستییه‌كی بارزانی ته‌نها به‌ سه‌رۆكی حزبێك وه‌سف ناكرێت، ئاخر حزب یه‌كێك بوو له‌ ئامراز و كه‌ناڵه‌كانی كاركردنی، بارزانی ڕه‌مزی گه‌لێكه‌، گه‌وره‌ترین فاكته‌ری چالاكی و بووژانه‌وه‌ و گه‌ڕانه‌وه‌ی متمانه‌ و پێشكه‌وتنه‌.
هه‌موو كورد، غه‌یری كوردیش، كه‌ له‌ ژماره‌ نایه‌ن، به‌ قه‌ناعه‌ته‌وه‌ باوه‌ڕیان وایه‌ بارزانی ڕه‌مز و مه‌رجه‌ع و سه‌ركرده‌ی فكرییانه‌، موسڵمان و نا موسڵمان، ڕۆژهه‌ڵاتی و خه‌ڵكانی دیكه‌ش، هه‌موو ئه‌وانه‌ی به‌ ڕێره‌وی و ڕاستی و هه‌قپه‌ره‌وریی ئه‌و ئاشنان.

بارزانی پێوانه‌ی پیاوانه‌، هه‌ر كاتێك كه‌سێكت بینی له‌سه‌ر ڕێباز و سیاسه‌تی ئێمه‌ ڕه‌وتی ده‌كرد، بڕوانه!‌ داخۆ تا چه‌ند فكری بارزانی له‌ كاره‌كانیدا چڕبووه‌ته‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی بزانی له‌سه‌ر ڕێبازی بارزانی و گه‌ل ده‌ڕوات، یان له‌ ده‌ره‌وه‌ی ڕێبازی بارزانی دایه‌.
ڕۆحی پاكی بارزانی به‌ر دلۆڤانی خودا بكه‌وێت
ڕووحی هه‌موو ئه‌وانه‌یش كه‌، گیانی خۆیان لەم ڕێگه‌ی ئەودا كرده‌ قوربانی.

بەرپرسی دەستەی كارگێڕیی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان