سەردانەكەی بارزانی وڕەهەندی گۆڕانكاری

سەردانەكەی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی كوردستان بۆ واشنتن لە بارودۆخێكی تایبەت و هەستیاردایە، ناوچەكە لە ناو گڕی ئاگری شەڕی بەوەكالەت و ململانێی زلهێزەكاندایە، بەپێی زانیارییەكان كۆبوونەوەكانی بارزانی و بەرپرسانی كۆشكی سپی، ئەرێنی و بەرهەمدار و گرنگ بوون، لە داهاتووی نێزیكدا كاریگەریی و ڕەهەندی ئەو گۆڕانكارییە لە ڕوانگاو پەیوەندییەكانی هەردوولا باشتر دەردەكەون.
هەموو ئەو فشارانەی لەسەر كوردستان دادەنرێن و، تەواوی ئەو هەڵمەتە پڕوپاگەندە ژەهراوییانەی ئاراستەی كوردستان دەكرێن، یەك ئامانجیان هەیە، ئەویش هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی هەرێمی كوردستان و، خۆڕادەستكردنی كوردە بە مەرامی دوژمنكاری و ئەجێنداكانی ئەوان، بەڵام كاتێ مەسرور بارزانی سەردانی واشنتنی كرد و، لەلایەن ئەمریكاوە ئەو بایەخە پایەبڵندەی پێدرا، ئیدی ئەو پرۆژانە ئیستێكی قووڵ دەكەن. ئەمجارە یارییەكەیان دەگۆڕن و، فشارەكان چڕتر دەكەنەوە.
هەر ئەو ئەمریكایەی كە دەستەڵاتدارانی بەغدای لەمەنفاكانەوە هێناو، كردنی بە حاكمی عێراق و ڕژێمێكی تائیفی بۆ چێ كردن، ئێستا بەڕژدی هاتووەتە سەر خەت و، بە دەنگ و ڕەنگ و لەبەرزترین ئاستەوە بە بارزانی و خەڵكی كوردستان دەڵێت: كوردستان بەردی بناغەی ئەو پەیوەندییە ستراتیژییەیە كەلەگەڵ عێراق هەمانە. واتە بەبێ كوردستان ئەو پەیوەندییە نامێنێت و، ئەو حكوومەتەی، كە ئێستا سزای خەڵكی كوردستان دەدات، دەكرێتە پۆڕی خوراوی بەردەم گەلە گورگی میلیشیاكان و سەری مارەكە.