سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

مەسرور بارزانی لەنێوان دەستگرتن و دەستگیركردندا

مەشخەڵ كەوڵۆسی

ئێستا كوردستان لەژێر گوشارێكی گەورەی شەڕی دەرونیدایە، بۆ هەرلایەك ئاوڕدەدەیتەوە، ئاسەواری ئەو شەڕە دەبینیت و، ئەستەمە بتوانیت بۆشاییەك بدۆزیتەوە، ئەو شەڕەی تێدا بەرپا نەكرابێت.
دیارە مەبەست لەشەڕی دەرونی، شكاندنی ئیرادە و، بڕوابەخۆبوونە، بەمەبەستی خۆڕادەستكردن و، ئەنجامدانی ئەو كارەی كە بەرانبەرەكەت دەیەوێت، بەحوسن و ڕەزای خۆت!.
لەم سۆنگەیەوە دەكرێت بڵێین: ڕاستە كوردستان لەژێر گوشارێكی زۆر گەورەی ئابوری و سیاسی و شەڕی دەرونیشدایە، بەڵام ئایا جەنگە دەرونییەكە گەیشتۆتە دوا وێستگەی خۆی و كورد ئەو كارەی كردووە كە داگیركەر دەیەوێت بیكات؟ كورد دەستبەرداری بنمیچی ئامانجەكانی بووە؟.
بێگومان نەخێر، هێشتا كورد لە سیراعەكەدا ماوە. ڕاستە زیانی گەورە و گرانی كردووەو، ئاستەنگەكان جیدین و، دەرفەتەكانیش تادێ تەسكتر دەبنەوە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا گەڕان بۆ دەرچەی نوێ و، كاركردن بۆ دۆزینەوەی چارەسەر، ڕانەوەستاوەو، میتۆدی زیان لەنیوە بگەڕێتەوە قازانجە كاری لەسەر دەكرێت.
مەسەلەی پڕوپاگەندەی چڕ و پڕی جوڵاندنی سكاڵایەك لەدژی مەسرور بارزانی لەئەمریكا، لەچوارچێوەی ئەو شەڕە دەرونییەدا بوو، كە ئەنجامدرا و، مەبەست لێی شكاندنی دوا سەنگەری مقاوەمەتی حكومەتی هەرێم بوو. چونكە هەمووان دەزانین، حكومەتی هەرێم لەژێر گوشارێكی زۆرگەورە و بێ پێشینەدایە و، ئەگەر نەتوانێت پەیامەكانی بگەیەنێتە ئەمریكا، كەواتە هەموو درگاكانی لێ داخراوەو، بەناچاری پێویستە خۆی بەدەستەوە بدات.
نەیارەكانی بارزانی ماوەیەكی زۆر و لەڕێگەی مەكینەیەكی ئیعلامی و پڕوپاگەندەیی گەورەوە، باسیان لەوە كرد كە پۆلیسی ئەمریكا، نەك مەسرور بارزانی بەتەنها، بەڵكو 52 كەسیش لەیاریدەدەر و كەسە نزیكەكانی دەستگیردەكات. بۆ ئەوەش تەنانەت گوتیان: ئاگاداركردنەوەی یاسایی بەخودی مەسرور بارزانی دراوەو، گوایە بەحوكمی ئەوەی بارزانی هەڵگری ڕەگەزنامەی ئەمریكاییە، ئیدی دەستگیركردنی حەتمییە و، كۆتایی هەموو شتێكە.
ئەم پروپاگەندەیە، لەسیاقی هەمان ئەو شەڕە دەرونییەدا بوو، كە لەدژی كۆی دامەزراوەكانی كوردستان و خەڵكی كوردستان بەڕێوە دەبرێت، بەڵام ئەمجارەیان، ڕاستەوخۆتر و، مەكشوفتربوو.
سەردانی مەسرور بارزانی بۆ ئەمریكا و پێشوازی كردنی لەلایەن ئەنتۆنی بلینكن، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، بەو شێوازەی كە دیترا و، پەیامەكانی بلنكن بۆ سەرۆكی حكومەت و گەلی كوردستان، كۆتایی بەو خەیاڵە سیاسییە و ئەوگریمانەیە هێنا كە شەڕە دەرونییەكەی لەسەر دامەزرێنرابوو.
چونكە هەموو كەسێكی وشیار دەپرسێت: یان ئەوەیە سكاڵا تۆمارنەكراوە و ئەوانەی پڕوپاگەندەكەیان كرد ڕاستگۆنەبوون لەگەڵ خۆیان و خەڵكیان فریودا، یان ئەوەیە ئەمریكا دەوڵەتی دامەزراوەو یاسانیە بۆیە مەسرور بارزانی وێڕای سكاڵای یاساییش بەڵام لەبەرزترین ئاستەوە پێشوازی و پشتیوانی كرا. یاخود ئەوەیە مەسرور بارزانی هیچ ترسێكی لەدۆسیەكانی خۆی نیە و پەرێزی پاكە!.
لەهەموو ئەو حاڵەتانەدا، نەیارەكانی بارزانی، دووچاری شكستێكی ئەخلاقی و سیاسی و دەرونی بوونەوەو، گورزەكە بەجۆرێك قوس و گرانە، بڕواناكەم بتوانن تاماوەیەكی زۆر سیناریۆی هاوشێوە لەدژی دروستبكەن و ڕەواجی پێبدەن.
بارزانی لەواشنتۆن دەستگیرنەكرا، بەڵكو دەستیگیرا بۆ دەرچوون لەقەیرانەكانی بەردەمی. ئەوەش ئەو ئەنجامە ناخۆشە بوو كە نەیارەكانی ئاواتیان پێنەدەخواست و، چاوەڕوان بوون لە مەخفەرێكی پۆلیسەوە وێنەی بڵاو بكەنەوە.
دواجار دەڵێم: بۆ هەموو لایەك هەقوایە كاتێك ڕوودەكەینە جەماوەر، سادەیی جەماوەر نەقۆزینەوەو، لانی كەمی ڕاستگۆییمان هەبێت. ئەها پەتی درۆ چەندە كورتە و، ئەوەی ئەوان بە دوومانگ ڕێسایان، مەسرور بارزانی بە یەك ڕۆژ كردیەوە بەخوری!.