له‌من مه‌ده‌ن له‌برامده‌نواده‌زانم له‌ جه‌واڵی(كا)ده‌ده‌ن !

ئەسعەد عەدۆ

كاتێ منداڵبووین به‌تایبه‌ت ئێمه‌ی ده‌شته‌كی به‌چاوی خۆمان باڵنده‌یه‌كمان له‌سه‌ر گوفه‌كان ده‌دیت خۆڵی به‌سه‌رخۆیدا ده‌كرد ! سه‌دان پرسیار مێشكی ده‌ڵه‌مه‌یی منداڵیمانی ماندوو ده‌كرد كه‌ ئه‌و باڵنده‌یه‌ بۆ واده‌كات ؟
بۆ خودی خۆم كاتێ گه‌وره‌بووم گه‌یشتمه‌ ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ كه‌ ئه‌و باڵنده‌یه‌ ته‌نیاوته‌نیا له‌ كوردستاندا هه‌یه ‌و تایبه‌ته‌ به‌ میلله‌تی كورد! ئه‌گه‌رنا له‌شوێنی دیكه‌دا دركم به‌وه‌ نه‌كردووه‌! ئه‌گه‌رنا باوه‌ڕ بفه‌رموون لاپه‌ڕه‌كانی(33)ساڵه‌ی حوكمڕانی كوردستانتان بۆ ئاوه‌ژوو ده‌كه‌مه‌وه‌، ئه‌وه‌ ئێمه‌ین ده‌گه‌ڵ یه‌ك دڕدۆنگین، درۆزنین، فێڵبازین، تاڵانی یه‌كتر ده‌كه‌ین! جنێو به‌ یه‌‌كترده‌ده‌ین، بۆ لێدانی یه‌كتر سه‌نگه‌ران ده‌گۆڕین تا گه‌یشتۆته‌ ئه‌و ڕاده‌یه‌ فڵانه‌ شار به‌ناخۆشیه‌كانی فڵانه‌ شار خۆشحاڵ ده‌بن! بێ ئه‌وه‌ی شه‌رم له‌ خۆمان و خوێنی شه‌هیدانمان بكه‌ین، ده‌مێكه‌ به‌و په‌نده‌ی سه‌ره‌وه‌ ته‌عامول له‌گه‌ڵ یه‌كتر ده‌كه‌ین!
له‌نێو كورده‌واریدا ده‌گوترێ شه‌یتان نه‌یده‌زانی خۆیه‌تی بۆیه‌ خۆی نه‌عله‌تباران ده‌كرد، ئه‌وه‌ سیفه‌تی ئێستاكێی كوردانه‌، جاران ده‌یانگووت: پیاوه‌ ڕیشداره‌كان، به‌ته‌مه‌نه‌كان، قورئان خوێنه‌كان له‌نێو كۆمه‌ڵگادا هه‌رده‌م داری ناوبژیوان بوون، كه‌چی له‌م زه‌مه‌ندا ئه‌وانیش ڕێچكه‌ی خۆیان بزركردووه‌، له‌وانیدیكه‌ چاكترنین! جاران له‌نێو كۆمه‌ڵگای خۆماندا حه‌وت كۆڵان دوورتر ناگوزووریه‌ك هه‌بووایه‌ خه‌ڵك زه‌رده‌خه‌نه‌شی له‌خۆحه‌رام ده‌كرد! ئێستا هه‌موومان دۆڵوزووڕنا بۆ ناخۆشیه‌كانی یه‌كتر لێده‌ده‌ین .
ئه‌وه‌ی ئێستا ده‌یبینین و گوێ بیست ده‌بین له‌ هیچ قۆناغێكی ئه‌و میلله‌ته‌ سته‌مه‌دیده‌ نه‌بووه‌! بۆ یه‌كتر شكاندن له‌ گۆڕه‌پانی نه‌یاراندا سه‌رچۆپی ده‌گرین! ئه‌وه‌ی دوژمنی سه‌رسه‌ختی كوردان نه‌یانتوانی به‌كورد بیكه‌ن، ئه‌وه‌ ئێستا به‌ ئیفتیخاره‌وه‌ به‌رامبه‌ر یه‌كتری ده‌كه‌ین، سه‌رده‌مانێك بۆ كراسه‌ خوێناویه‌كه‌ی خۆمان به‌ بیانوێك له‌ ئاقاری نه‌یاران ده‌دۆزیه‌وه‌! كه‌چی ئێستا ئه‌وه‌یشمان له‌ده‌ستچوو !
هه‌موو دونیای عه‌وله‌مه‌، دیموكراتی، ئیسلامی، چه‌پگه‌ری، قه‌ومه‌چی ده‌زانن كه‌ حاكمی ده‌ستڕۆیشتووی ئه‌م وڵاته‌ چی به‌سه‌ر ئێمه‌دا هێناوه‌! كه‌چی ئه‌وانه‌ی ئه‌وڕۆ خوبزه‌و چه‌ڵاوخۆری مه‌زهه‌بچیه‌كان كه‌ تا دوێنێ له‌سێبه‌ری ڕه‌شماڵی كورداندا پاڵكه‌وتبوون هه‌ریه‌كه‌و له‌شوێنی خۆیدا بۆ نه‌مانی كورد شه‌كران ده‌شكێنن!
له‌به‌ر یه‌كگرنه‌بوونی خۆماندا بووینه‌ته‌ بنێشته‌خۆشه‌ی نه‌زانانی سیاسه‌تی ئه‌وڕۆی دونیا! سه‌رۆك كۆماری چی! سه‌رۆك وه‌زیرانی چی! په‌رله‌مانی چی! ئه‌وه‌ خۆمان بووین به‌ده‌ستی خۆمان نۆ كه‌سمان دامه‌زراند تا ببن به‌جڵه‌وبه‌ده‌ستی وڵات !
ئه‌گه‌ر به‌ وردی سه‌یری ده‌سه‌ڵاتی عێراق بكه‌ین به‌ یاری منداڵان ده‌چێت! بۆ خۆمان باش ده‌زانین، باشترین فرسه‌ت بۆ كوردان هه‌ڵكه‌وت كه‌ بگه‌ین به‌ مافی خۆمان چونكه‌ ئه‌وكات شتێك به‌ ناوی‌ عێراق نه‌مابوو! به‌ڵام دڕدۆنگی نێوانمان و سیاسه‌تی كه‌ری دێزه‌ی ئه‌و كورده‌ ماندووشه‌كه‌ته‌ی گه‌یاندۆته‌ ئه‌و بارودۆخه‌ كه‌ مافی كورد و خوێنی شه‌هیدان و خه‌باتی سه‌ت ساڵه‌مان له‌ مه‌بله‌غی(618)ملیار دیناری برێمه‌ر قه‌تیس بكه‌ین !
له‌وه‌ته‌ی هه‌ین سه‌ره‌ڕای خراپه‌كاریه‌كانمان به‌ڵام بۆ پێكه‌وه‌ ژیان قو‌ربانیمانداوه‌، خه‌ڵكی بێگانه‌ش بۆ ئه‌و ڕه‌وشته‌مان ئه‌شهه‌دومان بۆ ده‌كێشن”! ئه‌گه‌ر شتێك هه‌بێت له‌ دونیادا شانازی پێوه‌بكه‌ین ئه‌و هه‌ڵسوكه‌وته‌ جوامێرانه‌ی كوردانه‌ به‌رامبه‌ر غه‌یره‌ دینان و میلله‌تانی دیكه‌ی سه‌رخاكی كوردان بۆ هێندێش له‌نێو باڵاترین ده‌زگای یاسادانان و ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكار به‌ده‌ستی خۆمان ئه‌و مافه‌یانمان خسته‌ ئه‌ستۆی خۆمان.
كه‌چی هه‌ندێكی خۆمان به‌ ده‌سیسه‌ی نه‌یار له‌كاتێكی زێده‌ دژواردا به‌ پیلان ئه‌و شه‌ره‌فمه‌ندیه‌مان له‌ نێو یاساو ده‌ستوری كورداندا سڕیه‌وه‌!
ئه‌‌گه‌ربێتو خه‌ڵكێكی كوردپه‌روه‌ر و شه‌ره‌فمه‌ندی كورد نه‌بێت بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئه‌و میداڵیه‌ی سه‌رسینگمان جارێكی دیكه‌ پەڵەیەکی دیكه‌ی ڕه‌ش ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر سه‌فحه‌ی مێژووی كوردان!