دایک ڕێگای چوونە بەهەشتە

عومەر چنگیانی

لەگەڵ ئەوەی تەواوی مامۆستایانی ئایینی – خوا پاداشتی خێریان بداتەوە – لە لێکدانەوەی ئایەتەکانی قورئانی پڕ لە بەخشش و فەرموودە دروستەکانی پێغەمبەری خۆشەویستمان محەممەد – دروود و سڵاوی خوای لەسەربێت – لەبارەی دایکەوە، لە گۆشەنیگایەکەوە سەیری دەکەن، من بەم تەمەن و ئاستەمەوە زۆر فراوان و بەرینتری دەبینم و وشەی دایک لە دایکە مرۆفدا بچووککردنەوە نابینم و بەس، کە خودی نیشتمانیش دایکێکی گەورە و جێگا ڕێز و بەهای خۆیەتی و بگرە هەر هەموو دایکێک ئەو پێداگوتنانەی خوا دەیانگرێتەوە کە باس لە سۆز و بەزەییان دەکات و هەریەکە و بەپێی یاسا و ڕێسای پەیوەست بەخۆی و وەکچۆن ڕێزگرتن لەدایک لەبابەتە مرۆییەکەی ببوورێنێت، بێگومان جێگای خواپەرستییەکانی دیکە ناگرێتەوە و ئەو کوڕ و کیژەی لە ئاستی خواناسی و عەقیدە و ڕەنگدانەوەی خوایی بوون لە ئاکاریدا بەرجەستە نەبێت، تەنها بە دوو دایەگیان و سناپ کردن و وێنە بڵاو کردنەوە و قسەی تاسوولووس نابێت، جا وەک کاری هەفتانەمان لە بۆردی باڵای ئامادە کردنی گوتاری هەینی لە کوردستان هەینی ڕأبردوو ٢٣ی ئەم شوباتی ئێستایە تیشک خستنە سەر بابەتی ڕێزگرتن لەدایک بوو کە پوختەی دەخەمە بەردیدی ئێوەی بەڕێز و ئێوە و گوتارەکە:
(خوای گەورە لە ئایەتی ١٤ی سورەتی (لوقمان) دا دەفەرمێ: (ئێمە ئامۆژیاری مرۆفمان کردووە لەمەڕ دایک و باوکێوە و وەبیری دێنینەوە کە دایکی ڕۆژ لەدوای ڕۆژ کە ئەوی لەسکدا بووە پێی لاواز بووە و لە بوونیەوە تا لەشیربڕانی دوو ساڵی پێچووە، دەی سوپاسی من و دایکو باوکت بکە و بزانە دەرەنجامی گەڕانەوەت بۆلای منە).
ئیسلام ئایینی ڕەحمەتە و لەلایەن خودایەکی ڕەحمان و ڕەحیمەوە هاتووە و لەکاتێک وەسیەتمان پێدەکا بە چاکەکاری لەگەڵ دایک و باوکانمان لەدوای فرمان کردن بە عیبادەت و پەرستشی زاتی خۆی، هەروەها ئاماژەی کردوە به ڕۆڵی دایک و سەر ئێشە و ماندوبوون و ئازارەکانی دەکا له کاتی دووگیانی و دوای دووگیانی لە نەخۆشی و ناخۆشی و گرانی کۆڕپەلەی ناوسک و ئازارەکانی لەدایک بوون، هەروەها خۆشەویست و نوری چاومان سێ جار وەسیەتمان دەکا بە چاکەو چاکەکاری لەگەڵ دایکماندا، چونکە دایک خاوەنی بەرزترین پلەیە لەدوای خودای گەورە لە ژیانماندا،
ئافرەت خاوەنی پێگەیەکی مەزنە بەگشتی لەئیسلامدا، بەتایبەتیش دایک خاوەنی گەورەترینی پێگەیە لەدوای خودای گەورە،، خودای گەورە ڕەزامەندی و گوێڕایەڵی خۆی پەیوەست کردوە بە ڕەزامەندی و گوێڕایەڵی دایک، هەروەها فرمانی پێکردوین کە لە خزمەتیدابین و نزای خەیری بۆ بکەین .
چاکەکاری بۆ دایک .
ڕەنگە گەنجەکانمان بپرسن، ئەگەر پێگەی دایک هێندە مەزنە لای خودای گەورەو ە ئیسلامدا چۆن بتوانین چاکەکاربین بەرانبەر بە دایک ؟ وەڵامەکەی زۆر ئاسانە بەڵام جێبەجێکردنی پێویستی بە تێکۆشانە، بەمجۆرە چاکەکاردەبین :
١/ گوێڕایەڵی کردنی لەکاری خەیر و پەرستش و چاکەکردندا .
٢/ چاکەکردن لەگەڵیدا بە خەرجکردنی سامان و پارە لەپێناویدا و خزمەتکردنی هەتا مرۆڤ زینووبێ .
٣/ نزا کردن بۆ دایک لەدوای مردنی ئەمە یەکێکە لەچاکەکاری بەرانبەر بە دایک .
٤/ چاکەکاری بارانبەر بە پورت خوشکی دایکت لەدوای وەفاتی دایک .
تەوەری سێیەم : پاراستنی زمانی دایک .
لە هەموو ساڵێکدا لەجیهاندا ڕۆژێک هەیە بەناوی ( ڕۆژی پاراستنی زمانی دایک) پاراستنی ناسنامە و زمانی دایک یەکێکە لە چاکەکاریەکان بەرانبەر بەدایک، ئێمەی میللەتی کورد دایکانمان لەسەر زوبانی کوردیدا پەروەردەیان کردوین بۆیە دەبێ بەهەموو هێزمان بیپارێزین، دەبێ بزانین زمانی کوردی ناسنامەو قیمەتی کوردە، لای ئێمە یەکەمینی زمانەکان بنەڕەترینیان زمانی کوردیە لە دامودەزگاکان و خوێندنگاکان و جادەو بازاڕەکان و تەنانەت لە نوسراوی سەر کاڵاکانیش، هەموو زمانەکانیتر زمانی دووهەمینن بەرانبەر بەزمانی دایکمان کە کوردیە، پێویستیشە لەسەرمان ڕێز لە زمانەکانیتریش بگرین کە لەکوردستان برامانن و لەگەڵمانن و مافی خۆیانە وەکو زمانی دایکیان ئاخاوتن و خوێندن و نوسینی پێبکەن .

ھەواڵی زیاتر