شكستی ئەوان و كۆتاكان

هاودەنگ فارووق

هەرێمێك، نەتەوەیەك، حكوومەتێك هەیە لە كوردستان، نەك هەبوونی پێكهاتە نەتەوەیی و ئایین و ئایدیا جیاوازەكانی قبووڵە، بەڵكوو نوێنەریان لەبەرزترین ئاستی دەستەڵاتی یاساداناندا بۆ مسۆگەر دەكات، پۆستە باڵاكانی وەزیر و بەڕێوەبەری گشتییان پێ دەبەخشێت!
هەرێمی كوردستان لەپاراستنی كولتوورە جیاوازەكاندا، پلەی یەكەمی هەیە و لەهیچكام لەوڵاتانی دەوروبەرماندا، نموونەی هاوشێوە نییە. تەنانەت لەو عێراقەشدا كە ئەمریكا و ئەوروپاو بەریتانیان ملیاران دۆلاریان تێدا خەرجكرد بۆ دروستكردنی سیستەمێكی دیموكراسی، كەچی نەتەوەو ئایینەكان جینۆساید دەكرێن. مافی مەدەنی و دیموكراسییان پێشێل دەكرێت!.
ئەوەی جێگەی شۆكێكی گەورەو، مایەی نەهامەتییە بۆ كورد، ئەوەیە هەندێ حزبی كوردستان، ئەوانەی دەترسن لە هەڵبژاردن و ، هەمیشە لەم ململانێ دیموكراسییەدا دۆڕاندوویانە و بەردەوام خەڵكیان لێ دوور دەكەوێتەوە و كورسییەكانیان كەم دەكات، لە ڕێگەی ئەجێندای دەرەكی و دادگەی بەغدا، تۆڵەی شكستی خۆیان لە كورسیی كۆتای پێكهاتەكان كردەوە، حزبە دۆڕاوەکان گوێ نادەن بەوەی تێكدانی ئەو سیستەمە چەندە كاریگەریی خراپ لەسەر پێكەوەژیانی ئاشتییانە لەهەرێمی كوردستان دادەنێت.
لەحاڵێكدا ئەگەر ئەوان دەخوازن براوەی هەڵبژاردنەكان بن، هیچ پێویست نەبوو پەنا ببەنە بەر داگیركەران و، مافی پێكهاتەكان بكەنە قوربانیی ململانێی حزبی. ڕاستییەكەی ئەمە جۆرێكە لە هێستریا كە دووچاری بەشێك لە سیاسییە دۆڕاوەكانی ناو حزبی كوردی بووەتەوە لەئێستاوە سەرجەم تاكەكانی توركمان، كلدان و مەسیحی و ئەرمەن، دەزانن كام لایەن پارێزەری مافەكانیانەو، چ لایەنیش تۆڵەی شكستەكانی خۆی لەمافەكانی ئەوان كردەوەو، مافەكانی لێ زەوت كردن. بۆ ئەوەش كاردانەوەكان هەرچی بن، ڕووبەڕووی ئەو حزبە و چەپڵە لێدەرەكان و، ئەوانەن كە بوون بە عەڕابی زەوتكردنی مافی پێكهاتەكان و، داماڵینی هەرێمی كوردستان لەو نموونە جوان و نایابەی، كە هەمووان شانازی پێوە دەكەین و دۆستەكانی كورد پێی دڵشادو سەربەرز بوون.