شێرکۆ حەبیب
دوای ئەوەی ڕێکخراوی یونسکۆ لە ١٧ تشرینی دووەمی ساڵی ١٩٩٩ ڕۆژی ٢١ی شوباتی وەک ڕۆژی زمانی دایک دەست نیشان کرد دوای ئەوەی لە لایەن نەتەوەیەکگرتوەکان بەفەرمی ڕۆژێک تەرخان کرا بۆ ڕۆژی زمانی دایک لە ساڵی ٢٠٠٠ ەوە بە فەرمی ئەم بۆنەیە یاد دەکرێتەوە.
زمانەکان سەنگێکی ستراتیژی گرنگیان هەیە لە ژیانی مرۆڤەکان، گەلی کوردیش یەکێکە لەو میللەتانە کە زمانێکی دەوڵەمەندی بە زاراوەی جیاواز هەیە و کورد توانیویەتی پارێزەری زمانەکەی بێت. بەڵام ئەوەی جێگای داخە وا خەریکە زوبانی کوردی دووچاری فەوتان دەبێت لە ساتەوە وەختێک کە دوژمنان لە ڕێگای بەعارەبکردنی ناوچە کورنشینەکان و قەدەغەکردنی زوبانی کورد لە قوتابخانەکان نەیانتوانی ئەو ئاواتەیان بێتە دی. بەداخەوە ئەمڕۆ وا خەریکە وشەی بیانی دەبێتە جێگرەوەی هەندێک وشەی ڕەسەنی کوردی و دیارەیەکی نامۆ لە نێو کۆمەڵگای کورد سەریهەڵداوە ئەویش منداڵانی کورد ئەوانەی لە قوتابخانە تایبەتیەکان دەخوێنن کوردییەکەیان دووکەڵ دەکات، بەهۆی ئەوەی وشەی بیانی زیاتر بەکار دێنن کە ئەمەش بەرپرسیارەتی دایک و باوک و خێزانە کە ئەو بوارە بە منداڵەکانیان دەدەن زوبانی کوردی شیرین فەرامۆش بکەن، بەو پێیەی ئەوە ڕۆشنبیریە و ئەوەی بەو شێوازە هەڵسوکەوت نەکات ڕۆشنبیر نییە، ئەوەی بینیم لە کوردستان دایک و باوکەکە زوبانی ئینگیزیان بەو شێوە نییە بەڵام لەگەڵ منداڵەکانیان بەشانازیەوە قسەی پێدەکەن، ئەوەی ئەو دیاردەی زێدەتر کردووە بوونی قوتابخانە تایبەتەکانە کە وانەی کوردی فەرامۆش کردووە و سەرجەم بابەتەکان بە ئینگلیزییە ئەمەش هۆکاری سەرەکی لاواز بوونی ئەو زوبانەیە لە نێوان هەندێ منداڵانی کورد، لە هەموو جیهان قوتابخانە بە زوبانی ئەو وڵاتە دەبێت تەنیا ئەو قوتابخانانەی تایبەتن بۆ فێربوونی زمان، لە وڵاتان بۆ نموونە بەریتانیا سەرجەم وانەکان بە زوبانی ئینگیزیە و قوتابی لە پۆلی دووی ناوەندی دەتوانێت دوو زوبانی دیکە هەڵبژێرێت. گرنگە چەند زوبان بزانی و قسەی پێبکەی بەڵام گرنگ ئەوەیە نەبێتە جێگرەوەی زمانی دایک ئەوە گەورەترین مەترسیە بۆ فەوتانی زمانی ڕەسەنی هەر میللەتێک.
کاتێک ڕەخنەیان لە منداڵانی کورد لە ئەوروپا هەبوو خۆش بەختانە منداڵانی کورد لە ئەوروپا زۆربەیان بە کوردی پەتی دەوێن لە ماڵەوە. گرنگە بایەخدان بە زوبانی کوردی شیرین لە نێومنداڵانی قوتابخانە تایبەتیەکان چونکە لە ئایندەیەکی نزیک نەوەیەکی کورد فڕیان بەسەر زمان و مێژووی میللەتەکەیان نامێنێت، ئەمەش لە ئەستۆی باوک و دایک و خێزان و دواییش وەزارەتی پەروەردەیە. جگە لەوەش هەندێ بەناو ڕۆشنبیر وشەی نامۆ دەخەنە نێوان زوبانی کوردی ئەمەش مەترسیەکی گەورەیە.
پاراستنی زمان کە ناسنامەی میللەتە ئەرکێکی نیشتمانییە، بەتایبەتی ئێمەی کورد ئەوەی جیاوازمان دەکات زوبانەکەیە. ڕۆژێک برادەرێک دوای ئەوەی لە سەفەر گەڕایەوە وا دیار بوو لە سەفەرەکەی ناخۆشی بینی بوو بەهۆکاری دواکەتن و گۆرینی فڕۆکە بۆی باس دەکردم، لەو کاتە یەک لە منداڵەکانی پرسی چۆن بوو ئەویش بەم شێوەیە وەڵامی دایەوە گوتی “وای مامی ستۆریەکەی تێڵ نەکردن” نەمزانی ئەمە کوردی بوو یا ئینگلیزی بوو. بەداخەوە زوبانی کوردیش واخەریکە ئەم ڕێچکە دەگرێت.