چۆنیەتی دەستنیشان كردنی قوتابخانەی منداڵەكەت

بەکر کەریم حەسەن

(نیلسۆن ماندێلا)سەرۆكی پێشووتری باشووری ئەفریقیا دەڵێ” بەرپرسیاریەتی بریتیە لە توانایی دڵسۆزی بوون بەرامبەر پابەندییەكان، هەتا ئەگەر سەختیش بێت “.
یەكێ لە بەرپرسیاریەتییە هەرە گرنگەكانی باوك و دایك و خێزان بەرامبەر منداڵەكانی دەستنیشان كردن و هەڵبژاردنی قوتابخانەیەكە بۆ منداڵەكانی تایبەت ئەگەر بیەوێ لە قوتابخانەیەكی ناحكومی درێژە بە خوێندن بدات، پێویستە زۆر بە ووردی پرسین و بەدواداچوون بۆ بارودۆخی گشتی قوتابخانەكە بكات لە هەموو ڕوویەكەوە، چونكە لە بەرامبەر هەر سالێكی خوێندن بڕێكی زۆر لە پارە و خەرجی و مەسرەف دەبەخشێ لە پێناو منداڵەكەی، لە بەرامبەردا گەر لە قوتابخانەیەكی حكومی بخوێنێت هیچ بڕە پارەیەكی بە ناوی خوێندن و پەرتووك خەرج ناكات، بگرە لەوانەیە قوتابخانەكە هێندە نزیك بێت لە ماڵ و گەڕەك پێویستی بە كرێ گرتنی ئۆتۆمبێل نابێت بۆ هاتوچۆكردنی منداڵەكەی.
پێویستە لەسەر باوك و دایك هەر ناونووسین و ناوتۆماركردن نەبێت لە قوتابخانەیەكی ناحكومی وەك هەر جۆرە چاولێكەری و ناوێك نەبێت، لە سۆنگەی گرنگیدان بە پاشەڕۆژی منداڵەكە و ئەو خەرجییەی كە ساڵانە ئەنجام دەدرێت، پێویستە دایك و باوك و خێزان بزانن كام قوتابخانەی ناحكومی دەستنیشان دەكەن و هەڵدەبژێرن بۆ منداڵەكەیان. گرنگە پێش ناوتۆماركردن سەردانی قوتابخانەكە بكەن، بەرێوەبەر و دەستەی كارگێڕیی ببینن و بزانن ئەزموون و شارەزاییان چۆنە لە پەروەردە و فێركردن و بەدواداچوون و پرسین لە مامۆستاكان بكەن و لە توانا و شیاندنیان بپرسن كە یەكێكە لە گرنگترین هۆكارەكانی هەڵبژاردنی قوتابخانە، چونكە مامۆستا هەم پەروەردەكارە و هەمیش فێركارە و قوتابی لەگەڵیدا ئەوپەری ئاسودە و هێور دەبێت، هەر مامۆستایەك دەتوانێ پەرە بەتواناكانی قوتابیان بدات لە سەر ئاستی كەسایەتی و پەروەردە و فێركردن. بۆیە ناسینی مامۆستاكان و ئاستی پەروەردەیی و شارەزاییان لە پرۆسەکە و دڵسۆزییان بۆ ئەركەكەیان زۆر گرنگە.
جودا لەوەش گرنگە بەدواداچوون و پرسین بكرێ لەسەر جۆری قوتابخانەكە و بگرە خاوەنی پڕۆژەکەش كە تاكە مەبەست تەنها قازانج كردنی داراییە، یانیش مەبەستی پەروەردە و فێركردنە، ئینجا قازانجی دارایی ئەوەشیان بە خاڵی گرنگ دادەنرێت لە دەستنیشان كردنی قوتابخانە كە تا چەند لە خەمی پرۆسەی پەروەردە و فێركردنە و ئامانج و مەبەستیەتی خزمەتی پەروەردە و فێركردن و کۆمەڵگە و شارەكە و هەرێمی كوردستان بكات. جودا لەوەش ژینگەی قوتابخانە و ڕووبەری قوتابخانە زۆر گرنگە بۆ قوتابی، پێویستە خێزان پێش ئەوەی منداڵەكەی تۆماربكات خۆی قوتابخانە ببینێ‌ و بزانێ‌ گۆڕەپانی گەورەی هەیە، گۆڕەپانی یاری و سەوزایی و باخچە و تاقیگەكانی زانستی و كۆمپیوتەرو پەرتوكخانە و ژووری هونەر و میوزیك و وەرزشی هەیە و كە قوتابی پێویستی زۆری بەهەموویان هەیە و دەبێ پراكتیزەیان بكات بە كرداری و كەشێكی لە بارو گونجاوی بۆ بڕەخسێ و ئاسودە بێت لە قوتابخانەكە، و بتوانێ‌ بیر بكاتەوە و بخوێنێ و داهێنان ئەنجام بدات. هەروەها ئاو و ئاوەڕۆ و ئاودەستەكان گونجاو و پاك و خاوێن بن و هۆیەكانی ساردی و گەرمی و فێنكی و ڕووناكی و هەوا گۆڕكێ لە قوتابخانە و پۆڵ و هۆڵەكان كار بكەن، ژمارەی قوتابیان لە پۆڵ زۆر نەبن و قوتابخانە بەردەوام بەرنامەی چاڵاكی و وەرزشی و هونەری جۆراوجۆر ئەنجام بدات كە یارمەتیدەری سەرەكییە لە دۆزینەوەی توانا و بەهرەی قوتابی و دروست كردنی كەسایەتی سەركردە بۆ قوتابی.جودا لەوانەش گرنگە قوتابخانەكە نزیك بێ و دوور نەبێ كاتێكی زۆری نەوێت بۆ گەیشتن بە قوتابخانە كە قوتابی هەست بە ماندوو بوون و هیلاكی بێزاری بكات، بە پێی دواین توێژینەوەكان نابێ قوتابی قۆناغی سەرەتایی كاتی چوونی بۆ قوتابخانە بەپێی یان بە ئۆتۆمبێل لە (20)خولەك زیاتر بێت و قوتابی قۆناغی ئامادەیی پێویستە بە (35)خولەك بگات، چونكە گەر لەوە زیاتر بخایەنێ قوتابی هەست بە ماندوو بوون و شەكەتی دەكات و ووزە لە دەست دەدات. هەمیشە قوتابی لە قوتابخانەی نزیك هەست بە ئاسودەیی و ئارامی دەروونی و جەستەیی زیاتر دەكات، جودا لە هەموو ئەوانەش گرنگە بە بەردەوامی كەسوكاری قوتابی سەردانی قوتابخانەی ناحكومییەكان بكەن و بەدواداچوون و پرسین لە سەر بارودۆخی قوتابخانەكە بكەن لە هەموو ڕوویەكەوە.

ڕاوێژكار لە وەزارەتی پەروەردە
ماستەر لە كارگێڕیی پەروەردەیی

ھەواڵی زیاتر