بە شوێنپێی فیرعەوندا

بە شوێنپێی
فیرعەوندا
حەمەسەعید حەسەن
هەڵاتن لەتاو ستەم، لەکن موسوڵمانان (کۆچ)ە، جوو و کریستیان (دەرچوون)ی پێ دەڵێن. موحەممەد کە گەڕایەوە و مەککەی فەتح کرد، لە تێکشکاندنی بتەکانی کەعبەوە دەستی پێ کرد، ئاخر ئەرکی سەرەکیی پەیامهێن، جاڕدانە بۆ خوداپەرستی. ئەوە جێی سەرنجە بڕێک لە بتەکان: لات، عوزا و مونات، مێ بوون، بت دەشێت مێ بێت، وەلێ هیچ پەیامهێنێک مێ نەبووە. لای موسوڵمانان ئەوەی سەروەختی نوێژکردن، دێنە سەرچۆک و کوڕنووش دەبەن، جۆرێک نییە لە کۆیلایەتی، ئاخر ئینسان ئیللا مەگەر (ستەمکار و نەزان) بێت، لەبری ملکەچی و گوێڕایەڵی بۆ خودا، لێی یاخی ببێت. (ئەحزاب ٧٢) فریشتە بۆ خوداپەرستی خوڵقاوە، بەڵام ئینسان دەشێت، ڕوو نەکاتە خودا.

بەگوێرەی سوورەتی پەیامهێنان، ئیبراهیم گاڵتەی بە بتپەرستان دێت، ئاخر ئەوەی لێی دەپاڕێنەوە، گوێی نییە تا بزانیت داوای چی لێ دەکەن. پەیامهێنان چونکە لەپێناوی خودادا دەجەنگن، بۆیە لە تەنگانەدا، بە هانایانەوە دەچێت. ئەوە خودا بوو کۆمەکی موسای کرد، تا لە زەریای سوور بپەڕێتەوە، بێ ئەوەی لاقی تەڕ ببێت. لە شەڕی بەدردا، ئەوە خودایە زۆرێک لە کافران لەناو دەبات، ئەگەرنا ژمارەی جەنگاوەرانی کافران، زۆر لە هی موسوڵمانان هەڵکشاوتر دەبێت. هەر خودایش خستییە دڵی مەریەم و یوسفەوە، عیسا لە دەستی هیرۆدسی منداڵکوژ قوتار بکەن. ئەوەی خودا بە هانای پەیامهێنانەوە دەچێت، لایەنێکی هاوبەشی ئایینەکانە، بەمەیش باوەڕداران، بڕوایان بە ئایینەکەیان پتەوتر دەبێت.

کە نەمروود، ئیبراهیم پەیامهێن فڕێ دەداتە ئاگرەوە، فریشتە دێن ئاگرەکە سارد دەکەنەوە، ئاخر (ئەوی دڵی بە خۆشەویستیی خودا داگیرسابێت، گوێ بە ئاگری ئینسان نادات.) کە نەبووخوز نەسریش یاوەرانی دانیال پەیامهێن دەخاتە نێو ئاگرەوە، دەبینێت بەدەم ناوهێنانی خوداوە، قنج و قیت بەناو ئاگرەکەدا دەڕۆن. مردنی ئەو نەمروودە ستەمکارە، لە ئەنجامی ئەوەوە دەبێت، مێشوولەیەک دەچێتە لووتییەوە و دەگاتە مێشکی. بەپێی گێڕانەوەی جوو، ئەو مێشوولەیە چوار سەد ساڵ، عەزابی دەدات، ئینجا دەیکوژێت. نەمروود بۆیە قولـلەی بابل ڕۆ دەنێت، تا بە هۆیەوە، ئەو خودایەی ئیبراهیم باسی دەکات، ببینێت، کە نایبینێت دەکەوێتە تیربارانکردنی ئاسمان، کە تیرەکان بۆ لای خۆی دەگەڕێنەوە و خوێنیان پێوە دەبێت، وای بۆ دەچێت خودای کوشتووە! فیرعەونی زاڵمیش کە خۆی بە خوداوەندی باڵا دەزانێت، (القصص ٣٨) بۆ بینینی خودا، کۆشکێکی بڵند قوت دەکاتەوە.

کە ئەشعیا پەیامهێن ئیلهامی بۆ دێت، گوێبیستی دەنگێک دەبێت، پێی دەڵێت: بانگ بکە! ئەویش لێی دەپرسێت: بانگی چی بکەم؟ موسایش لە شاخی سینا بە هەمان شێوە سرووشی بۆ دێت. موحەممەدیش کە لە ئەشکەوتی حەرائی نزیک مەککە دەبێت، دەنگێک پێی دەڵێت: بخوێنە! ئەویش دەپرسێت: چی بخوێنم؟ بە ناوی خودای خۆتەوە کە خوڵقاندووتی، بخوێنە! دەڵێن قورئان، لەو ئیقرەئەوە هاتووە. ئەوە بۆ موحەممەد سپرایز بوو، سەرەتا وای هەست کرد، جنۆکە دەستی لێ وەشاندووە. وەرەقەی کوڕی نەوفل کە پسمامی خەدیجەی هاوژینی بوو، هێوری کردەوە و پێی گوت: تۆیش وەک موسا لە خوداوە ئیلهامت بۆ هاتووە و بوویت بە پەیامهێن. جێی سەرنجە موسا سەد و بیست جار، ناوی لە قورئاندا هاتووە. کە شەش مانگ دواتر، دیسان جوبرەئیلی لێ پەیدا دەبێتەوە، ئیدی موحەممەد هیج گومانی لەوە نامێنێت خودا ئەوی وەک پەیامهێن هەڵبژاردووە.

کە عیسا وەک پەیامهێن پەیدا دەبێت، ئیدی دەربڕینی (پەیمانی کۆن)یش بەو مانایەی کریستیانیزم جێی ئایینی جوو دەگرێتەوە، سەر هەڵدەدات. کە کۆن، وەک ڕەتکراوە و سەردەم بەسەرچوو، لێک دەدرێتەوە، ئیدی لەو وەختەوە، بیرۆکەی دژایەتیکردنی جویش، بە پشتبەستن بە کریستیانیزم دێتە گۆڕێ، ئاخر کە ئایینی جوو ڕەت بکرێتەوە، ئیدی مەترسیی ڕاستەقینە دەکەوێتە سەر جوو وەکوو ئینسانیش. لە ڕوانگەی قورئانەوە، عیسا بۆ دژایەتیکردنی تەوارت نا، بۆ تەواوکردنی هاتووە. قورئان کە دێتە سەر باسی مەریەمی دایکی عیسا، وەک پاکژترین ژنی دونیا باسی دەکات. ئەوەی پەیامهێنی ئیسلام دوا پەیامهێنە، (ئەحزاب ٤٠) یەکێکە لە جیاوازییە هەرە گرنگەکانی نێوان پەیامهێنانی دیکە و موحەممەد.

لە قورئاندا بۆ دەرس لێ وەرگرتن گەلێک چیرۆک هەن، بەڵام لە سەرەتادا خەڵکی مەککە بڕوایان بەو چیرۆکانە نەدەکرد و دەیانگوت: ئەو چیرۆکانە، لە داستانەیلی دێرین بەولاوە هیچی دیکە نین. حەوت گەنجی کریستیان، لە ترسی دیسیوس ئیمپراتۆر (٢٤٩ – ٢٥١ز) لە ئەشکەوتێکدا خۆیان حەشار دەدەن و بۆ ماوەی سێ سەد و نۆ ساڵ خەویان لێ دەکەوێت، کە بێدار دەبنەوە و دەیانەوێت خۆراک بکڕن، پارەکەیان ناچێت، یەکێکە لەو چیرۆکانەی لای مەسیحییەکان هەیە و لە سوورەتی ئەشکەوتیشدا هاتووە. بۆ هاندان و بەرزڕاگرتنی ورەی موحەممەد کە ستەمی لێ دەکرا، بڕێک چیرۆک لە قورئاندا هەن، باس لەو ستەمانە دەکەن لە پەیامهێنانی پێش وی کراون.

وەک قەشە ئۆگەستین لە (شاری خودا)دا دەیگێڕێتەوە، (ئەسکەندەر چەتەیەکی زەریا دەستگیر دەکات و لێی دەپرسێت: بە چ مافێک لەڕێی نواندنی زەبروزەنگەوە، دەستت بەسەر زەریادا گرتووە؟ چەتەکە دەڵێت: وەک تۆ کە دەستت بەسەر زەویدا گرتووە، جیاوازییەکەمان هەر ئەوەیە، من چونکە کەشتییەکی بچووکی شکاو شک دەبەم، پێم دەڵێن چەتە، بەڵام تۆ کە هەمان ئیشی من بە کەشتییەکی گەورە و چاک دەکەیت، پێت دەڵێن ئیمپراتۆر.) هەنووکەیش ئەگەر گرووپێک کە بەپێی دەستووری نەنووسراوەی خۆیان، دەست بەسەر سامانی خەڵکدا بگرن و لە نێوان خۆیاندا دابەشی بکەن، پێیان دەگوترێت: مافیا، بەڵام کۆمەڵێک سەرخێڵ، یان سەرحیزب ئەگەر بەگوێرەی یاسای نووسراوەی خۆیان، داهاتی وڵاتێک تاڵان بکەن و لە نێوان خۆیاندا بەشی بکەن، پێیان دەگوترێت: نوێنەری میللەت!

بەپێی قورئان، ئاسمانەکان و زەوی موڵکی خودان. (مائیدە ٤٠) لەکن تەورات و ئینجیلیش هەتاهەتایە خودا خاوەنی ڕاستەقینەی هەموو شتێکە، بۆیە کە ستەم پەرەی سەند، بەهۆی زریانەوە، بێجکە لە خانەوادەی نووح و نێر و مێیەکی گیانداران، هەمووان قەلاچۆ دەکات. (یونس ٧٣) بابل و نەینەوا دوو شاری گرنگن، بابلییەکان، بابلیان بە ناوکی گەردوون دەزانی، نەمروود هەم پاشای بابل دەبێت، هەم نەینەوایش دادەمەزرێنێت. لای هەر سێ ئایینە ئاسمانییەکە، نەمروود فەرمانڕەوایەکی بەد و ستەمکار بووە. نەمروود لە زمانی عەرەبیدا، بە مانای لە خوا یاخیبوو دێت. دەڵێن شیری پڵنگی خواردووە، بۆیە بە مانای پڵنگی مێچکەیش لێک دەدرێتەوە. چیرۆکێکی تر هەیە، باسی ڕیموس و ڕیمۆلوس دەکات کە بە شیری گورگ گۆش کراون. دەڵێن نەمروود باوکی خۆی کوشتووە و دایکی خۆی هێناوە، وەک بەسەرهاتی ئۆدیپ.

ئەوە (بیلاتس)ی نوێنەری ئیمپراتۆری ڕۆمان بوو، ئەشکەنجەی عیسای دا و ناتۆرەی پاشای ساختەی وەدوو خست و فەرمانی دا، بۆ سووکایەتی پێ کردنی، تاجەدڕکینەی لەسەر بنێن و لە خاچی بدەن. لای کریستیان، لەخاچدانی عیسا، ڕووداوێکی دیرۆکییە، هەرچەندە موسوڵمانان پێیان وایە، لە خاچ نەدراوە. پەیامهێن خۆی بە پاشا نازانێت، چونکە دونیا بە موڵکی خودا دەزانێت، ئەوە فەرمانڕەوای ستەمکارە، خۆی بە خاوەنی وڵات دەزانێت. ئەوانەی دوای موحەممەد وەک فەرمانڕەوای موسوڵمانان دەستبەکار دەبن، خۆیان بە خەلیفە دەزانن، نەک پاشا، دەڵێن مەعاویە گوتوویەتی: من لە ئیسلامدا یەکەم پاشام. (ئەگەر ئیشەکە بە قامچی بکرێت، هانا بۆ شمشێر نابەم، ئەگەر بە زمان بکرێت، دەست نادەمە قامچی. ئەگەر لە نێوان من و خەڵکدا، داوێک بمێنێت، لێ ناگەڕێم بپسێت، ئەگەر شلی بکەن، توندی دەکەم و ئەگەر توندی بکەن، بۆیان شل دەکەم.) ڕەنگە ئەوە بەناوبانگترین گوتەی مەعاویە بێت. هێدی هێدی کار گەییشتە ئەوەی خەلیفەی موسوڵمانان، خۆی بە سێبەری خودا لەسەر زەوی بزاێیت و لە ستەمکاریدا شوێنپێی فیرعەون هەڵبگرێت.

ھەواڵی زیاتر