فره‌نسۆ هه‌ریری ئامۆزا ..!

ئه‌سعه‌د عه‌دۆ

تا ئێستایش ئێمه‌ی(بندیان)به‌ ئامۆزا بانگی مه‌سیحیه‌كان ده‌كه‌ین ، جاران خۆش مه‌عشه‌ره‌كانی گونده‌كه‌مان له‌ روانگه‌ی تیروتوانج به‌ ئێمه‌یان ده‌گووت : ئێستاش به‌ ده‌نگی ناقوس خرپه‌ ده‌كه‌وێته‌ دڵتان !
له‌ ناوه‌ڕاستی شه‌سته‌كاندا جاروبار گوێم له‌نێوی(فره‌نسۆ هه‌ریری)ده‌بوو ، گوایه‌ هاوبیری حسن عه‌دۆی جوانه‌مه‌رگی برام بوه‌‌ ، له‌ هه‌فتاكاندا ژنه‌فتم ئه‌و هاموشۆیه‌ زیاتر په‌یوه‌ندی به‌ ئیشوكاری نهێنی نێوان شیوعیه‌كانی قیاده‌ مه‌ركه‌زی و شۆڕشدا هه‌بوه‌ ، كه‌ پێویست ناكات لێره‌دا وورده‌كاریه‌كان باس بكرێت !
كاتێ له‌ 27/11/1973 وه‌ك پێشمه‌رگه‌ خۆم له‌ ئیداره‌ی به‌تالیۆنی یه‌كی زۆزگ لای نه‌قیب حسن بارزانی له‌ رێزانۆكی نزیك گه‌ڵاڵه‌ دۆزیه‌وه‌ ، بۆ جاری یه‌كه‌م له‌ كتێبخانه‌ی كاك دلشاد حاجی ملا احمد له‌ گه‌ڵاڵه‌ به‌نده‌ی بینی ، چونكه‌ روخساری هه‌موو خه‌ڵكی‌ ناوچه‌كه‌ی ده‌ناسی ! روخساری منیش بۆ ئه‌و نوێ بابه‌ت بوو ، بۆیه‌ به‌پرسیار دواندمی له‌ئه‌نجامدا بۆ هه‌موو كاتێك فه‌رمووی ماڵه‌وه‌ی كردم !
له‌ كۆبوونه‌وه‌ زێده‌ فراوانه‌كه‌ی مزگه‌وتی گه‌وره‌ی گه‌ڵاڵه‌ كاتێ دكتۆر محمود عوسمان كۆڕێكی جه‌ماوه‌ری سازكرد ، ئه‌وه‌ فرنسۆ هه‌ریری بوو له‌نێو حه‌شاماتی ئاماده‌بوان ده‌سوڕایه‌وه‌ ، ئیتر تا نسكۆهێنان ته‌نیا جارێكی دیكه‌ له‌ باره‌گای لقی(7)بینیمه‌وه‌ !
له‌ 16/3/1991 كاتێ له‌گه‌ڵ شه‌هید حسن نه‌جاڕ چووینه‌ خزمه‌تی هێژا مسعود بارزانی له‌ پیرزین ماڵی خاڵ احمدی زارگه‌لی .. هه‌رزوو كاك فرنسۆ هه‌ریری ده‌ستی گرتم و به‌ره‌و ئه‌و ژووره‌ی بردم كه‌ كاك مسعود بارزانی له‌گه‌ڵ میوانه‌كان دانیشتبوو ، له‌به‌رده‌رگادا :

  • ئه‌زبه‌نی ئه‌وه‌ ئه‌سعه‌د عه‌دۆی ئامۆزامه‌ !
  • ئه‌رێ فره‌نسۆ هه‌موو خه‌ڵكت كرده‌ ئامۆزای خۆت ؟!
  • ئه‌زبه‌نی ئێمه‌ له‌ دین ده‌بین به‌ڵام له‌ خوێن نابین !
  • بۆ ئه‌وه‌ش بندیانه‌ ، خزمی خدر سواره‌یه‌ ؟!
    كاتێ باره‌گای مه‌كته‌بی سیاسی هاته‌ پیرمام به‌نده‌ش ئه‌وكات تاكه‌سواری مه‌یدانی راگه‌یاندن بووم ، رێگای پێدابووم رۆژانه‌ سه‌ردانی ژووره‌كه‌یم ده‌كرد ، به‌یانیه‌ك له‌وكاته‌ی له‌ گه‌رماو هاته‌ ده‌ره‌وه‌ هه‌ڵمی لێهه‌ڵده‌ستا ! گووتم : ئامۆزا وادیاره‌ ئاوه‌كه‌ زۆر گه‌رمبوو ؟ گووتی : ده‌ستم لێده‌ ، بینیم زۆر زۆر سارد بوو ! گووتی له‌وه‌ته‌ی بینیم بارزانی نه‌مر سه‌ریخۆی به‌ ئاوی سارد ده‌شوا منیش له‌وكاته‌وه‌ په‌یره‌وی ده‌كه‌م !
    جارێكیان باسی جغاره‌ كێشان و وازهێنانی بۆم ده‌كرد .. كاتێ له‌ كه‌ره‌ج ده‌چوومه‌ خزمه‌ت بارزانی ، ده‌یفه‌رموو : به‌گم !
    (وادیاره‌ له‌ ساڵی حه‌فتا كاتێ‌ فره‌نسۆ ده‌كرێته‌ قائمقامی چۆمان بارزانی فه‌رموویه‌تی تۆ به‌گی ئێمه‌ی ، ئێمه‌ش ره‌عییه‌ی تۆین ! ) جغاره‌ت هه‌یه‌ ؟ منیش دانه‌یه‌كم پێشكه‌ش ده‌كرد ، سه‌یرمكرد به‌ڕێزان كاك ئیدریس و كاك مسعود به‌ تووڕه‌ییه‌وه‌ سه‌یرم ده‌كه‌ن ، دوو ئێواره‌ به‌مجۆره‌ ، ئه‌مجاره‌یان به‌ڕێزان بانگیان كردم فه‌رموویان دكتۆر جغاره‌ی لێی قه‌ده‌غه‌ كردوه‌ ! منیش له‌لای خۆمه‌وه‌ بڕیارمدا ده‌ست له‌ جغاره‌كێشان هه‌ڵگرم(چۆن بارزانی داوای سیغار بكات و من پێشكێشی نه‌كه‌م !)له‌ ئێواره‌ی سێیه‌مدا فه‌رمووی : كوا جغاره‌كه‌م ؟
  • ئه‌زبه‌نی به‌خوا وازم له‌ جغاره‌كێشان هێناوه‌ !
  • وه‌كو من لێیان قه‌ده‌غه‌ كردی ؟
    دوابه‌دوای نسكۆهێنان رژێم نامه‌كیان بۆم ناردبوو كه‌ بگه‌ڕێمه‌وه‌ عێراق ، كاتێ هه‌واڵی نامه‌كه‌ گه‌یشته‌ بارزانی بانگی كردم و فه‌رمووی : بۆ ناگه‌ڕێیته‌وه‌ ؟ وادیاره‌ بڕیاری تایبه‌تیت بۆ ده‌ردێنن چونكه‌ مه‌سیحی ! منیش گووتم : ئه‌زبه‌نی ئه‌گه‌ر رێگام بده‌یت زۆر حه‌زده‌كه‌م ئه‌و ته‌مه‌نه‌ی ماومه‌ له‌خزمه‌ت جنابتان بم ، كاتی سه‌فه‌ركردنی جنابی له‌گه‌ڵ كاك مسعود بۆ چاره‌سه‌ركردن بانگی كردم فه‌رمووی : ئه‌وه‌ سه‌فه‌رده‌كه‌ین تۆش له‌نزیك ئیدریس بمێنه‌وه‌و هاوكاری بكه‌!
    كاك فره‌نسۆ تا ئێستا یه‌كه‌م كه‌سو دواكه‌سه‌ كه‌ باسی له‌و مۆره‌ ده‌كات كه‌ هه‌میشه‌ له‌یاد كاك ئیدریس بارزانی نامه‌ی به‌مۆری (حمدون)بۆ هه‌ندێك كه‌سی سه‌ركردایه‌تی كاتیی ده‌نارد !
    كوڕێكی مه‌سیحی له‌ راژان و پیرمام له‌لای كاك فره‌نسۆ كاریكردوه‌ ، جارێكیان له‌ ره‌مه‌زاندا كاك فره‌نسۆ میوانی بۆ هاتوه‌ ، ئه‌و براده‌ره‌ش چاو ئاوی بۆ هێناون ، ئه‌ویش پێیگوتوه‌ ئه‌وانه‌ به‌رۆژوون چایه‌و ئاوه‌كه‌ هه‌ڵگره‌وه‌ ! بۆ شه‌و هه‌ندێ میوانی تری هاتوه‌ فره‌نسۆ چاوه‌ڕوان ده‌بێت كه‌ چاو ئاو بۆ میوانه‌كان بێنی ، كاتێ ده‌چێته‌ ده‌ره‌وه‌ سه‌یر ده‌كات ئه‌و براده‌ره‌ دانیشتوه‌ ! پێی ده‌ڵێ : خێره‌ ئاو ، چایه‌ بۆ میوانه‌كان ناهێنی ؟ ئه‌ویش به‌سه‌رسوڕمانه‌ پێی ده‌ڵێ : تۆ نه‌تووت ئه‌وانه‌ به‌رۆژوو ده‌بن ؟! ئینجا كاك فرنسۆ كاته‌كانی به‌رۆژووبونی بۆ باس ده‌كات !
    له‌ ساڵی(1993)له‌ گۆشه‌ی(خۆزگه‌)مدا ، باسی یه‌كه‌م شه‌هیدبونی قوتابیانم كردوه‌ كه‌ كاك مه‌ئموون ده‌باغ بوه‌ ، بۆ به‌یانی له‌رێگای رۆژنامه‌ی (برایه‌تی)بۆ راستكردنه‌وه‌ی زانیاره‌كه‌ی به‌نده‌ له‌وێ ده‌ڵێ : یه‌كه‌م شه‌هیدی قوتابی محمد صدیق پێنجوینیه‌ نه‌ك كاك مه‌ئموون !
    كاتێ مینه‌ كووپه‌ له‌ سه‌ره‌تای مانگی حوزه‌یراندا به‌ نوێنه‌ری یه‌كه‌م مه‌فره‌زه‌ی شۆڕشی گوڵان ده‌گاته‌ كه‌ره‌ج كاك فره‌نسۆ ده‌یباته‌ خزمه‌ت كاك مسعود ، مه‌بله‌غێك پاره‌و ئامۆژگاری پێویستی بۆ ناردن ، كاك فره‌نسۆ ده‌ڵێ : حاجی سلێمان نه‌بی كه‌ ئه‌وكات له‌ خانه‌ قوتابی بوه‌ هه‌روه‌ها حسین فتاح له‌ ته‌ته‌ریدا ده‌وریان زۆر بوه‌ ، ئینجا له‌ 19/ 6/1976 بارزانی نه‌مرو كاك مسعود له‌ ئێرانه‌وه‌ به‌ره‌و وڵاته‌یه‌كگرتوه‌كان رۆیشتن
    هه‌روه‌ها بۆمی باسكردوه‌ كه‌ یه‌كه‌م برینداری شۆڕشی گوڵان گه‌یشتبێته‌ كه‌ره‌ج كاك نصرالدین مستافا بوو فرنسۆ براده‌رایه‌تی له‌ گه‌ڵ مام هه‌ژاردا زۆر خۆشبوه‌ ، سه‌ربرده‌كانی به‌ پێكه‌نین بۆ ده‌گێراینه‌وه‌ به‌ تایبه‌ت جارێكیان جه‌نابی بارزانی نه‌مر ده‌چێته‌ نزیك چادری مام هه‌ژار وادیاره‌ له‌وێ نه‌بوه‌ ، بۆ رۆژی دواتر ، كاتێ هه‌واڵه‌كه‌ ده‌گاته‌ مام هه‌ژار به‌په‌له‌ بۆ لای بارزانی ده‌چێت هێشتا هه‌ژار نه‌گه‌یشتبوه‌ چادره‌كه‌ ، بارزانی پێیده‌ڵێ :
  • هه‌ژار ئه‌وه‌ له‌كێنده‌ر بوی ؟
  • قوربان چوبوم(ئابگوو)بخۆمه‌وه‌ !
  • له‌سه‌ره‌خۆ ده‌فه‌رمووێ نۆشی گیانت بێ !
    به‌ده‌ردی پیره‌ژنێ : ده‌ستم به‌ هه‌ویره‌و هه‌رهێنده‌م له‌بیره‌ ، سڵاو له‌ رۆحی به‌رزه‌ فڕی بارزانی نه‌مرو كاك ئیدریسی هه‌میشه‌ له‌ یادو فره‌نسۆی موریده‌‌ رێباز