سه‌ربرده‌ی گورچیله‌م له‌ ژیانمدا

ئه‌سعه‌د عه‌دۆ

هه‌روه‌كو له‌كتێبی( گه‌شتێك به‌نێو ته‌مه‌نی شه‌ست ساڵیمدا) له‌سه‌ر زاری زه‌رێخی دایكمدا هاتوه‌ ، یه‌كه‌م به‌ردی گورچیله‌م له‌سه‌ر پشتی لانكدا فڕێداوه‌ !
له‌ ته‌مموزی ساڵی(1974)له‌ ئۆردوگای(زێوێ)له‌كاتی سه‌ردانی ماڵی براكانمدا به‌ردێكی دیكه‌م فڕێدا ! له‌به‌رهێندێ به‌ په‌له‌ گه‌یشتمه‌ نه‌خۆشخانه‌ی شاری(ورمێ) چاره‌سه‌رێكی باشیان كردم
به‌داخه‌وه‌ له‌ 1 / 6 / 1981 له‌سه‌ر ده‌ستی دكتۆر عبدالرزاق ده‌باغ له‌ نه‌خۆشخانه‌ی(الجمهوری)یه‌كه‌م نشته‌رگه‌ری بۆ گورچیله‌ی چه‌په‌م كرا ! له‌ 22 / 6 /1982 بۆ چاره‌سه‌ركردن سه‌ردانی توركیاو بولغاریام كرد ، به‌ داخه‌وه‌ جارێكی دیكه‌ له‌ 10 / 3 / 1983 له‌سه‌ر ده‌ستی دكتۆرو براده‌ری خۆشه‌ویست جه‌وده‌ت ده‌باغ له‌ (الجمهوری) ئه‌مجاره‌یان نشته‌رگه‌ری بۆ گورچیله‌ی راسته‌م ئه‌نجامدرا !
دوابه‌دوای ئه‌و نه‌شته‌رگه‌ریه‌ راسته‌ڕێ نه‌بووم ، رۆژێك دكتۆر جه‌ودت گووتی : كاكۆ گورچیله‌ت تووشی میكڕۆبێك بوه‌ به‌نێوی(سیدۆمۆناس !) كه‌مێك ترسناكه‌ چونكه‌ ده‌گه‌ڵ ده‌وروبه‌ر خۆی ده‌گونجێنێ ! گورچیله‌كه‌شت له‌به‌رد دروستكردن زیره‌كه‌ ، بۆ نزیكبونم له‌ دكتۆر ماوه‌یه‌ك له‌(الجمهوری) خه‌واندمی ، كتێبی(لیره‌یه‌ك له‌گه‌نجینه‌ی نه‌ته‌وه‌ی كورد) له‌وێ پاكنووس كرد ، له‌ رۆژی 26 / 3 / 1984 هێشتا له‌ كونجی نه‌خۆشخانه‌دا بوم ئه‌مه‌ی خواره‌م نووسیوه‌ : بڕیار بوو ئه‌م كتێبه‌م به‌نێوی(سیدۆمۆناسی كوشنده‌)ناوزه‌د بكه‌م به‌ڵام له‌(چاودێری چاپه‌مه‌نی رێگایان نه‌دا !
تۆ بڵێی زیوسی یۆنانی هه‌رچه‌نده‌ یۆنانیش نیم لێم زوێر ببێ و به‌ پرۆنیتیوسم تێگه‌یشتبێ ؟! خۆ من ئه‌و ناماقوڵیه‌م نه‌كردوه‌ ، وه‌ك ئه‌و پارچه‌یه‌كی رۆژم دزیبێ ! چ هیڤایستۆسیشمان نیه‌ له‌ چیای قافم ببه‌ستێته‌وه‌ ! جا تۆ بڵێیی ئاده‌میزادێكی وه‌ك هه‌ڕقه‌ڵی پرۆمیتیوس بۆ من نه‌بێ ؟!
ئا له‌و كاته‌دا به‌هیوای ئاده‌میزادێكی خێرخوازی كونجی نه‌خۆشخانه‌م بۆ ئه‌وه‌ی تیرێكی ژه‌هراوی به‌و سیدۆمۆناسه‌ وه‌بنێ و له‌و ئازاره‌ رزگارم بكات ،
ده‌بێ هه‌بێت ؟!
یا ده‌گه‌مه‌ كاروانی پیره‌مێردی نه‌مر كوشته‌ی گورچیله‌(كۆبه‌رهه‌می كه‌له‌پووری كورده‌واری لاپه‌ڕه‌ – 187 –
جارێكی دیكه‌ له‌ ساڵی (1987)له‌ نه‌خۆشخانه‌ی(ابن البیطار)له‌ شاری به‌غدا له‌سه‌ر گیرفانی خۆم به‌(لێزه‌ر)دكتۆر باركر نشته‌رگه‌ری گورچیله‌ی چه‌په‌ی بۆمكرد ، شایانی باسه‌ له‌و سه‌فه‌ره‌مدا براده‌ری دێرینم كاك ممتاز حیدری هاوسه‌فه‌رم بوو
ئه‌مجاره‌یان له‌ 27 / 1 / 1997 له‌ نه‌خۆشخانه‌ی(هینگڵۆ)له‌ هۆڵه‌ندا گورچیله‌ی چه‌په‌م فڕێدرا ! له‌وكاته‌وه‌ تا ئێستا به‌ ئازاری یه‌ك گورچیله‌یی ژیانی مه‌مره‌و مه‌ژی به‌سه‌رده‌به‌م ! به‌رده‌وام به‌ دوای چاره‌سه‌ردا وێڵ و سه‌رگه‌ردان به‌ وڵاتاندا ده‌سوڕێمه‌وه‌ !
ئه‌وه‌ چه‌ند ساڵێكه‌ دكتۆرو برای خۆشه‌ویست حسن جمعه‌ شێخۆ چاودێری باشم ده‌كات و هه‌ردوو مانگ ، سێ مانگ جارێ بۆ پارێزكردنم له‌ خواردن به‌تایبه‌ت هه‌موو جۆری گۆشت به‌ به‌رزی(كریاتین ، یۆریا) هه‌تره‌شی بردووم ! پیاو بۆ خوا بڵێ ئه‌و نه‌بوایه‌ ده‌مێك بوو له‌ دژواری ئازاره‌كانمدا ده‌تڵامه‌وه‌ هه‌ر لێره‌وه‌ سوپاسگوزاری خۆم ئاراسته‌ی ئه‌و دكتۆره‌ جوامێره‌ ده‌كه‌م كه‌ به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك كار ئاسانیم بۆ ده‌كات تا له‌و میحنه‌ته‌ ده‌ربازم بكات ، هه‌روه‌ها سوپاسی هه‌موو ئه‌و دكتۆرانه‌ ده‌كه‌م كه‌ رۆژێك له‌ رۆژان بۆ چاره‌سه‌ر په‌نام بۆیان بردوه‌ ، هه‌روه‌ها ئه‌و تاقیگاوتیشكانه‌و ده‌رمانخانه‌كان كه‌ به‌هه‌رشێوه‌یه‌ك بێت ده‌ستی یارمه‌تیان بۆ درێژكردوم ، له‌ كۆتاییدا رێزی تایبه‌تیم ئاراسته‌ی خوشكی به‌ڕێزم ره‌مزیه‌ سلێمان(دایكی كاروان) كه‌ ده‌كاته‌ خێزانی كاك ممتاز حیدری ده‌كه‌م كه‌ هاوكارم بوه‌ له‌ لێژنه‌ی پزیشكان بۆ ده‌ربازبوونم له‌ خزمه‌تی سه‌ربازی .