زەنگی هۆشداری!

‎هاودەنگ فارووق

‎دوێنی سەرۆك بارزانی لەدیداری باڵیۆزی ئەمریكادا گوتی: “هەموو لایەک باش دەزانن ئەگەر ئەمەریکا ڕژێمی پێشووی نەڕووخاندبا و یارمەتیی عێراقییەکانی لە پڕۆسەی ئازادیی عێراق نەدابا، ئەوانەی ئێستا لە عێراق دەستەڵاتدارن هەرگیز نەیاندەتوانی حوکمی عێراق بکەن.”
‎ئەم لێدوانەی سەرۆك بارزانی، پڕ بەپێستی واقیعی حاڵیی گەلی كوردستانە، كە ئێستا لەعێراقدا، لوتكەی ناحەزی و تا ئاستی دوژمنكاری دەبینین. ئەوانەی ئەمڕۆ حوكمی عێراق دەكەن، ڕابردووی خۆیان لەبیرچووە و لە هەموو شتێكدا ئاستەنگ بۆ كوردستان دروست دەكەن.
‎پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان خەریكە دەبێتە كێشەیەكی قووڵی یاسایی و، شەرعیەتی دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان دەخاتە بەردەم مەترسی وجودییەوە، سەرەكیترین دۆسیە و مەترسیدارترینە. ‎پێویستە ئەم دۆسیەیە، زۆر بەخێرایی و بەجیدی كاری لەسەر بكرێت و چارەسەر بكرێت.
‎سەرۆك بارزانی بەشاندەكەی ئەمریكای گوت: پێویستە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بكرێت و نابێ بە بیانووی نادەستووری دەست لە پڕۆسەی هەڵبژاردن و ڕێوشوێنەكانی وەربدرێت و نابێ كۆسپی بۆ دروست بكرێت و هەوڵ بۆ دواخستنی بدرێت بە پاساوی بوونی تانە یاساییەكان.
‎ئەوەی سەرۆك بارزانی بەچەند دەستەواژەیەك ئاماژەی پێدا، وەك هەمیشە دەرهاویشتەی كێشەیەكی قووڵی وجودییە، ئەگەر بەگوێرەی ئەو زەنگی وریا كردنەوەیە نەجوڵێنەوەو، كێشەكە چارەسەر نەكرێت، قورسترین ئاستەنگی وجوودی بۆ هەرێمی كوردستان و، دواتریش بۆ فۆرمی فیدراڵیی عێراق دروست دەبێت و، هەموو ئەو گرەوەی ئەمریكا و هاوپەیمانان و دۆستانی عێراق لەسەر دروستكردنی دەوڵەتێكی یاساسەروەری بۆ هەموو پێكهاتەكان كردیان، پوچەڵ دەبێتەوە.
‎لەدوای پرۆسەی ڕزگاركردنی عێراق، كورد بەشێوەیەكی سەربەستانە و، بە ئارەزوومەندانە، بەگوێرەی بەڵێنی مسۆگەركردنی مافەكانی، هەروەها بەپێی گرێبەستێكی سیاسی و كۆمەڵایەتی و حقووقیی تازە، لەسەر ئەو نیەتەی كە جارێكی دی بەغدا مافەكانی كورد پێشێل نەكات و، سەردەمێكی نوێ بێتە كایەوە، كە هەمووان وەك یەك، پێكهاتەكان بەیەكسانی دەوڵەتێكی مەدەنی دیموكراتی فیدراڵی یاسایی دابمەزرێنن و، چیتر جیاكاری لەنێوان پێكهاتەكان نەكرێت، لەسەر ئەو بنەمایانە كورد وێڕای ئەو شێوە سەربەخۆییەی هەیبوو، تێكەڵاوی دەوڵەتی عێراق بووەوە.
‎بەهەموو لۆژیكێك دەبوو ئەو هەنگاوەی سەركردایەتی سیاسیی كورد لەلایەن عێراقەوە، ئەوپەڕی تەقدیر بكرایە، سەرجەم مافەكانی، قەرەبووی زیانەكانی، ئایندەی سیاسی ئەم میللەتە مسۆگەر بكرایە و بێ هیچ دوودڵی و ئاستەنگ دروستكردنێك، بیمە بكرایە و پێشكەشی بكرایە. ئەوكاتە عێراق وەك دەوڵەت شكستی هێنابوو، كورد نەهات وەكو لایەنێكی بەزیو ڕووخاو مامەڵە لەگەڵ عێراقدا بكات، بەڵكوو وەك هاوبەشی دروستكردنەوەی دەوڵەتێك بۆ هەمووان هاتە پێشەوە.
‎ئەوەی جێگەی سەرنجە، ئەو گرووپەی ئێستا حوكمی عێراق دەكەن، ئەگەرچی هاوخەبات و هاوهەڵوێستی كورد بوون، كەچی ڕابردووی خۆیان لەبیركردەوە و، ئێستا وەك زاڵدەست مامەڵە دەكەن.