سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

ڕۆژووی مانگی “شەعبان”

عومەر چنگیانی

ئەم ئیمڕۆی حازرییە یانی سێشەممە ١٣ـی مانگی شوباتی ٢٠٢٤ی زایینی لەگەڵ 3ـیەم ڕۆژی مانگی شابان (شەعبان)ـی ١٤٤٥ـی كۆچی تێک دەکاتەوە؛ واتە پشتیوان بە خوا مانگێ كەمتریشی ماوە تا مانگە پیرۆزەکەی ڕەمەزان. لێرەوە بە ئەركی دەزانم، خەرمانەگوڵی ئەمجارە تەرخان بكەم بۆ بەبیرهێنانەوەی هەندێك بابەتی ئایینیی پەیوەست بە مانگەكەوە.
یەكەم/ زۆر ڕۆژووگرتن لەم مانگەدا:
ئەوەی كەمێك شارەزای زانستی (فەرموودەناسی) بێت، دەزانێ، كە هەر فەرموودەیەك، باس لە كردەوەی پێغەمبەر بكات – دروود و سڵاوی خوای لێ بێت -، مەرج نییە شوێنەکەوتووانیش بیگرنە بەر، بەڵام ئەگەر باسی لە فەرمان و گوتاری ئەو دەكرد، بە فەرماندان بە كردن، یان بە قەدەغەلێكردن، ئەوە بۆ كارپێكردنە، بەڵام تێگەیشتن لەوانیش، بەبێ گەڕانەوە بۆ بنەمای چەند زانستێك، ناکرێ. لە گێڕانەوەی باسی ئاكارەكانی پێغەمبەردا – دروود و سڵاوی خوای لێ بێت -، بە تایبەتی ڕۆژووگرتن، داكی بڕواداران (عایشە) دەفەرمێت: “كە پێغەمبەر – دروود و سڵاوی خوای لێ بێت -، وەها دەستی دەکردە گرتنی ڕۆژووی سونەت، دەمانگوت زەحمەتە ئیتر نەیگرێت، کە نەیشیدەگرت، دەمانگوت دیارە ئیتر نایگرێت! مانگی ڕەمەزانی لێ بترازێ لە ئەوەڵەوە هەتا ئاخر دەیگرت، پێغەمبەرم نەبینیوە، بەبێ ڕۆژبگار، مانگێك بەڕۆژوو بووبێت؛ لە هیچ مانگێکیشدا هێندەی مانگی شابان ڕۆژگی نەدەگرت.” (1).
بەو گوێرەیە بێ وا ئیبنوموبارەك و هەندێك لە زانایان، دەقەكان شی دەکەنەوە، دیارە پێغەمبەر (- دروود و سڵاوی خوای لێ بێت -، لە مانگی شاباندا زۆر بەڕۆژوو دەبوو، بەڵام هەریز هەر ٢٩ یان ٣٠ ڕۆژەکەی نەگرتووە.
دووەم/ گرتنی ڕۆژووی ئاخروئۆخری شابان:
ئەو ڕۆژووە لەبەر سێ شتە:
1/ یان ئەوەتا، ئەو كەسە بۆیەكا بەڕۆژوو دەبێت، نەوەك ڕەمەزانی لێ تێك بچێ و دەڵێ، دەچمە پێشوازەوە نەکا دەسپێکی ڕەمەزانم لێ بڕوات! جا گومانتان لێ نەبێ ئەمەیان دروست نییە و، نابێ هیچ كەس بەو مەرام و نیازەوە ڕۆژوو بگرێت ·
2/ یان ئەوەتا قەرزی لەسەرە و، ڕۆژووی بگردە دەگرێتەوە و قەرزەکەی دەداتەوە؛ ئەوە دروستە .
3/ ئەگەر نەزرونیازێکیشی کردبێ یان بە نیازی سونەت و خێر، بیگرێت، ئەوەیشیان بە رای زۆرینەی زانایان ئاساییە و، چ عەیبی تێدا نییە.
سێیەم/ چوونەپێشوازی ڕەمەزانەوە:
(پێشخستن) دروست نییە، بەڵام بۆچی دروست نییە؟
بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە، دوو لایەن هەیە:
1/ مانگی ڕەزمەزان بە خۆی دیارە و، ناکرێ شتێکی پێ زیاد بكرێت؛ دیارە پێغەمبەر – دروود و سڵاوی خوای لێ بێت – بۆ خۆیشی هەر لەبەر ئەوە نەیهێشتووە خەڵک لە ڕۆژانی جەژندا بەڕۆژوو ببن و، ئا بەو چەشنە هۆشیاری کردووینەتەوە؛ وەختی خۆی نەتەوە و شوێنكەوتەی ئایینەكانی دیكە، ئەو بەزمەیان دەکرد و، بە ویست و بۆچوونی خۆیان لە ڕۆژوویان زیاد دەكرد؛ جا ئا لەبەر ئەوە پێغەمبەر نەیدەهێشت کەس لە گومانەڕۆژ (یوم الشك)دا بەڕۆژوو ببێت؛ تەنانەت عەماری كوڕی یاسر (ر) دەفەرمێت: “ئەوەی گومانەڕۆژ بکاتە ڕۆژوو، ئەوە لە ڕێبازی بابی قاسم – دروود و سڵاوی خوای لێ بێت – لای داوە.
2/ بۆ جیاكردنەوەی فەرز لە سونەت؛ ئاخر جیاكردنەوەی فەرز و سونەت، خۆی كارێكی شەرعی و پەسەندە، هەربۆیەكە پێغەمبەر – دروود و سڵاوی خوای لێ بێت -، نەیدەهێشت خەڵک نوێژی سونەت و نوێژی فەرز بلكێنن بە یەکدا؛ كە هەرهیچ نەبێت، با بە دوو قسەیەیش بووبێ بەینیان پێ بدرێت؛ بە تایبەتی نوێژی بەیانی، هەربۆیەكە زۆر سونەتە، كە مرۆڤ سونەتی بەیانی، لە ماڵەوە بكات و پاشان ڕابكشێ و ئینجا بچێت بۆ مزگەوت و لەوێ نوێژە فەرزەكەی بكات.
ئەوكاتەی پێغەمبەر – دروود و سڵاوی خوای لێ بێت – دەبینێ وا یەكێك لە یارەكانی خەریكە نوێژی سونەت دەكات و قامەتی نوێژی بەیانیشیان دابەستبوو؛ فەرمووی: “نوێژی بەیانی و، چوار ڕكات” (2).
چوارەم/ پێغەمبەر – دروود و سڵاوی خوای لێ بێت – لەبەرچی ئەو هەموو ڕۆژووەی دەگرت لە شاباندا؟
زانایان بۆ دۆزینەوە و ڕوونكردنەوەی ئەو کارەکەی پێغەمبەر – دروود و سڵاوی خوای لێ بێت -، چەند ڕایەكیان فەرمووە؛ هەرە پەسەندەکانیان ئەمانەن:
1/ لەبەر ئەوەی پێغەمبەر – دروود و سڵاوی خوای لێ بێت – زۆربەی کات بۆ گەیاندنی بانگی خوا و لادانی كۆسپەكانی ڕێگای بانگەكە، دەكەوتە دەرەوی مەدینە و گەشتی وەڕێ دەهات و ئەویش بۆخۆی كردبووە سونەت، كە هەرمانگەی بەلانی كەمەوە، سێ رۆژ ڕۆژوو بگرێت؛ لە ڕەوتەن (سەفەر)یشدا نەیدەگرت؛ كە مانگی شابان دادەهات، هەموو ئەو سونەتە فەوتاوانەی کە ئەو لە سەری واجب بوو، دەیگرتەوە.
جا لێرەدا بە پێویستی دەزانم، بە هەموو ئەو بڕوادارانە بڵێم، كە دەیانەوێت تۆبە بكەن، لەوە سەرنەكەنەوە كە نوێژ و ڕۆژووی زۆرتان لێ فەوتاوە و بیر لەوە مەكەنەوە كە بیانگێڕنەوە، چونكە لە دەقی دروستی پێغەمبەردا هاتووە – دروود و سڵاوی خوای لێ بێت – لە ڕۆژی دواییدا، خوای گەورە بە فریشتەكانی دەفەرمێت: هەر بڕوادارێک نوێژ و ڕۆژوو و زەكاتەکەی لێ فەوتاوە یان کەموکووڕیی تێدایە بە چاكە و سونەتەکانی قەرەبووی بکەنەوە و، بۆی بژمێرن. · كە زۆرێك لە زانایان ڕایان وایە، ئەو كەسەی، كە نوێژی نەكردووە دەگەڕێتەوە بۆ لای خوا، پێویست بەوە ناكات خۆی سەرقاڵی نوێژگێڕانەوە بكات و ئایین لەسەر خۆی توند بكات، بەڵكو با هەوڵی بدات لەمەولا كەمتەرخەم نەبێت و سونەتی زۆر بكات(3). ·
2/ هەندێ زانایش دەفەرموون كە ژنگەلی ماڵی پێغەمبەر – دروود و سڵاوی خوای لێ بێت -، لەبەر دەشتان (سووڕی مانگانە) ڕۆژووی مانگی ڕەمەزانیان لێ بفەوتایە، بە زۆری گێڕانەوەكەیان هەڵدەگرت بۆ مانگی شابانی دابێت و لەو مانگەدا دەیانگرتەوە؛ پێغەمبەریش – دروود و سڵاوی خوای لێ بێت – بۆ دڵنەوایی و سۆزبەخشین پێیان، لەگەڵیاندا بەڕۆژوو دەبوو.
پەراوێز (1) بوخاری/ ژمارە (33) و مسلیم، ژمارە(1956).
(2)( بوخاری، ژمارە (663 ).
(3) (بۆزیاتر بەدووداچوونی ئەم بابەتە، كەسێك بیەوێت، دەتوانێ بگەڕێتەوە بۆ كتێبی (الصلاە)ی ئیبنو قەییمی جەوزی و ئەلموحەلای ئیبنوحەزمی زاهیری”.