‎تاکەی ئەم سیاسەتەی بەغدا قبووڵ دەكرێت؟

‎هاودەنگ فارووق

‎زۆر گرنگە هەمووان لە کوردستان بیزانین و لێی بەئاگابین، خواستێک هەیە لەبەغدا بۆ ئەوەی هەموو شتێکی کورد کۆنترۆڵ و دەستەمۆ بکات. بەزمانە یاساییەکەش ناو دەنرێت پێڕەوکردنی دەستەڵاتی یاسا، بەڵام دیارە یاسایش هەر خودی مرۆڤ دەری دەکات و بەئامانجێک ئیقراری دەکات.
‎ئەوەی تاکو ئێستا لەبەغدا وبەتایبەتی لەدادگەی فیدراڵی دەبینرێت، کارکردنە بەئاراستەی قۆڕخکردنی تانوپۆی عێراق، بەتایبەت لەدژی هەرێمی كوردستان و دەستەڵاتەکانی، دەستڕۆیشتوانی بەغدا نیازی خراپیان حەشارداوەو، سەرەداوی ئەو نیازانەش، لە بە ئامانجگرتنی دەزگەشەرعی و تەشریعی و پڕۆژەو هەنگاوە ستراتیژییەكان بە ڕوونی دەبینرێن.
‎لەئێستاوە كورد دەبێت دەستەوەستان نەبێت و، پرسیار لەخۆی بکات: دوای سەدساڵ شۆڕش و بەرخۆدان، تاکەی ئەم سیاسەت ونیازانەی حكومڕانانی عێراق قبووڵ دەکات؟ لەقبوڵکردندا چ سوودێک وەردەگرێت و لە ڕەفزکردنیشدا چ زیانێکی بەر دەکەوێت؟.
‎دواجار: لەم هەموو فشارەی لەکورد دەکرێت، کۆتا مەتاف و قۆناغ کوێ دەبێت؟ دەبێت کورد بگەڕێتەوە بۆ کوێ؟ پێویستە لەهاوبەشە عێراقییەکانیشی بپرسێ: دەتانەوێ کورد بگەڕێتەوە بۆ کام قۆناغ؟ ئایا عێراق هیچ کێشەیەکی نییە جگە لە خەریك بوون بە
‎بچوککردنەوەی دەستەڵاتی قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان؟ ئایا تاکە کێشەی عێراق ئەوەیە کە سیستەمەکەی فیدراڵییە؟ ئەم هەموو فشارە لەسەر کورد، کێشەکانی عێراق چارە دەکەن؟ پرسیار بکرێت و گوێ بۆ وەڵامەکانیان بگیرێت.. دواتر ڕێگەچارەی دیكە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بدۆزرێتەوەو بڕیاری چارەنوسساز بدرێت.