ستراتیژییه‌تی به‌هێزكردنی پێگه‌ی ئافره‌تان

زیــــــبا تـەهـــــــــــا*

لەجیھاندا، ھەرکۆمەڵگەیەک خاوەن ڕێسا و نەریتی تایبەت بەخۆیه‌تی کەپشت بە جیهانبینی تاک و بڕوابوونیان بە چەمکەکانی پاراستنی ژیانی مرۆڤایەتی دەبەستێت، لەناو ئەو کلتور و نەریتانەدا ئەوەی دەبێتە جێگەی بایەخ، رێزگرتنی مافی تاک و مرۆڤبوونە، بەتایبەت مافی ئافرەتان.
لەناو کۆمەڵگەدا، ئەو کەسانەی داکۆکی لە یەکسانی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی دەکەن، یاخود ئەوانەی لانی کەم لەوە تێدەگەن کە لە سەرانسەری وڵاتدا بۆ داهاتوویەکی ئەرێنی، پێویستە لایەنگری و جیاکاری بە تەواوی لە کار و دامەزراوەکاندا نەمێنێت، لە مێژە درکیان بەوەکردووە کە ژینگەی بەرھەمھێنانی ھزری پیاوسالاری، هەرگیز یەکسانی و دادپەروەری بەدوای خۆیدا ناهێنێت. هه‌رلەو روانگەوەیە پێداگیری لە بنیادنانی کۆمەڵگەیەک دەکەن کە کار بکات بۆ چەسپاندنی یەکسانی لە دامەزراوە و لایەنە کۆمەڵایەتییەکاندا.
ئەمڕۆ یەکسانی و نەھێشتنی جیاوازی رەگەزی هێزی بزوێنەری بەهێزن کە کاریگەرییەکی بەرفراوانیان لەسەر كۆمه‌ڵگه‌كه هەیە. ئافرەتان وەک ئەندامانی خێزان، گروپە مەدەنی و کۆمەڵایەتییەکان، بازرگان و دەزگاکانی یاسادانان، ئه‌كادیمیست و چالاكوانان پێشه‌نگی ھەڵسەنگێنه‌رانی دۆخی ئێستان، ئەوان له‌وه‌ ده‌ڕوانن کە چ سیاسەت و ڕەفتارێکی کۆمەڵایەتی زیانبەخشی نادیارهه‌یه‌ كه‌ داهاتوومان به‌ره‌ونادیاری و ئاڵۆزی ده‌بات، له‌و سۆنگه‌وه‌یه‌ هه‌وڵ بۆ دۆزینه‌وه‌ و گرتنه‌به‌ری رێگه‌چاره‌سه‌ری گونجاو ده‌ده‌ن كه‌ ده‌بێت ببێته‌ ستراتیژییه‌ت و به‌رنامه‌ بۆ رۆشنكردنه‌وه‌ ئاینده‌ و پرسی ئافره‌تان هه‌تا بتوانرێت كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی پێشكه‌وتوو به‌رهه‌م بهێندرێت كه‌ تیایدا سه‌رجه‌م مافه‌كانی تێدا پارێزراو بن.
ده‌پرسین له‌م سه‌رده‌مه‌دا، به‌تایبه‌ت له‌م ئه‌مساڵه‌دا ئافرەتانی کوردستان پێویستیان به‌ چ جۆره‌ ئه‌جێندایه‌ك هه‌یه‌ بتوانێت له‌گه‌ڵ پێشكه‌وتنه‌كانی ئافره‌تانی جیهان بگونجێت، به‌جۆرێك له‌گه‌ڵ بیركردنه‌وه‌ و كلتوری كۆمه‌ڵگه‌ی خۆشماندا هاوئاهه‌نگ بێت، له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌ سودمه‌ند بن له‌و ره‌وته‌ پێشكه‌وتنه‌ی له‌پێناو خزمه‌تی ئافره‌تان و پرسی یه‌كسانی له‌جیهاندا رووده‌ده‌ن. به‌پێی خوێندنه‌وه‌ی خه‌باتی ئافره‌تان له‌ماوه‌ی رابردوودا، ئافره‌تان پێویستیان به‌ په‌ره‌پێدانی توانا مرۆییه‌كان هه‌یه‌ بۆئه‌وه‌ی به‌شداربوویه‌كی كارابن له‌كۆی سێكته‌ر و كایه‌ جیاوازه‌كاندا، له‌ئیستادا هه‌موو بواره‌كان پێویستی به‌ كاره‌كته‌ری شاره‌زا و لێهاتوو هه‌یه‌، ئه‌گه‌ر ئافره‌تان هه‌وڵ نه‌ده‌ن له‌رووی مرۆییه‌وه‌ په‌ره‌ به‌خۆیان بده‌ن، ئه‌وا ناتوانن ئه‌و رۆڵه‌ كاریگه‌رییه‌ به‌رجه‌سته‌ بكه‌ن كه‌ دامه‌زراوه‌كان پێویستیان پێیه‌تی.
ئافره‌تانی كوردستان خاوه‌ن توانا و لێهاتوویی تایبه‌تن، ئێمه‌ وه‌ك یه‌كێتی ئافره‌تانی كوردستان له‌پلان و ئه‌جێندای خۆماندا گرنگی ته‌واو ده‌ده‌ین بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی تواناكانیان و پشتگیرییان ده‌كه‌ین له‌هه‌ر پرۆسه‌یه‌ك پێویستیان به‌هاوكاری و كۆمه‌ك بێت، پێگه‌یاندن و گه‌شه‌پێدانی توانا مرۆییه‌كان كاری له‌پێشینه‌مانه‌، و له‌رووی گۆشه‌نیگای جیاوازه‌وه‌ سه‌یری ئه‌و رۆڵه‌ گرنگه‌ ده‌كه‌ین كه‌ ده‌بێت ئافره‌تانی كوردستان هه‌یانبێت، و له‌ناوه‌نده‌كانی بڕیاردان، كارگێری، كارسازی و به‌رهه‌مهێنان، ئه‌كادیمی و پێگه‌یاندن رۆڵی سه‌ره‌كیان هه‌بێت و بریارده‌و دارێژه‌ری ستراتیژییه‌تی ئه‌و ناوه‌ندانه‌ بن، بۆئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ بتوانێت سود له‌ ئه‌زموون و توانای ئافره‌تان وه‌ربگرێت،و ئافره‌تانیش بتوانن توانای خۆیان له‌پێناو گه‌شه‌سه‌ندنی كۆمه‌ڵگه‌ و وڵات بخه‌نه‌گه‌ڕ و تاكێكی به‌رهه‌مهێن بن.

*سکرتێری یەکێتی ئافرەتانی کوردستان