توندوتیژی خـــێزانی

پارێزەرجوانە واحید

توندو تیژی خێزانی دیاردەیەکی کۆمەڵایەتیە کە لە هەمو کۆمەڵگەکاندا بەڕێژە و جۆری جیاواز بوونی هەیە، جیاوازی کولتوری، ئاینی، ڕۆشنبیریی، ئاستی كۆمەڵایەتی و ئابوری، جۆر و ئاست و ڕێژەی ئەو توندوتیژیە لە كۆمەڵگایەكەوە بۆ كۆمەڵگایەكی دیكەو لە ژینگەیەكی خێزانی و كۆمەڵایەتیەوە بۆ ژینگەیەكی خێزانی و كۆمەڵایەتی دیكە دەگۆڕێت، بەڵام دیاردەكە بونی هەیە و لە سەرەتای مێژووی مراڤایەتیەوە سەری هەلداوە.
ئەگەر لە ڕیوایەتە ئاینیەكانەوە تەماشای مێژو بكەین ئەوا یەکەم خێزان کە توندووتیژی تیا ڕوویداخێزانی باوكە ئادەمی باپیرە گەورەی مرۆڤ بو كە گەیشتە ئاستی كوشتنی برا بەدەستی برا، ئیتر لەوێوە زنجیرەی توندوتیژی خێزانی و دواتریش توندوتیژی كۆمەڵایەتی دەستی پێ كرد و تا كۆتایی دوایین مرۆڤیش بەردەوامی ئەبێت.
‎پەرلەمانی کوردستان بۆ بەرانگار بونەوەی ئەم دیاردەیەو كەمكردنەوەو نەهێشتنی یاسایەکی تایبەتی دەرکردوە ئەوەش بۆ پاراستنی خێزان و بەهاكانی و نەهێشتنی توندوتیژی لەنێوا ئەندامانی خێزاندا، ئەویش یاسای ژمارە(8) ساڵی 2011 ی بەرەنگاربەنەوەی توندوتیژی خێزانیە.
جۆرێك لە توندوتیژی خێزانی دەستنیشانكراون لەم یاسایە كە بریتین لە:
١-هاوسەرگیری بەزۆر.
٢-هاوسەرگیری ژن بە ژن و بە شوودانی منداڵ.
٣-بە شوودان لە بڕی خوێن.
٤-تەڵاقدانی بە زۆر.
٥-بڕینی پەیوەندی خزمایەتی.
٦-زۆر لێكردنی مێرد لە ژنەكەی بۆ كاری لەشفرۆشی.‌
٧-خەتەنەكردنی مێینە.
٨-ناچاركردنی تاكەكانی خێزان لەسەر وازهێنان لە فەرمانبەریەتی یان كار بەبێ رەزامەندی خۆیان.
٩-ناچاركردنی مناڵان لەسەر كاركردن‌و دەرۆزەكردن‌و وازهێنان لە خوێندن.
١٠-خۆكوشتن بە كاریگەری توندوتیژی خێزانی.
١١-لەباربردن بە كاریگەری توندوتیژی خێزانی.
١٢-لێدانی تاكەكانی خێزان‌و مناڵان بە هەر بیانۆیەك بێت.
١٣-ریسواكردن‌و جنێودان، هەروەها جنێودان بە كەس‌و كارو بەكەم تەماشاكردنیان، پیادەكردنی گوشاری دەروونی لەسەری‌و پێشێلكردنی مافەكانی‌و بە زۆر سەرجێ كردنی هاوسەریەتی.
‎بۆ جێبەجێكردنی ئەم یاسایە سەرەتا دادگایەك پێكدەهێندرێت بەناوی (دادگای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی) بە پێی یاسای دەسەلاتی ئەنجومەنی دادوەری هەرێم ژمارە 23ی ساڵی 2007، ئەو دادگایە تایبەتمەند دەبێت بە روانین لە سكالا و حاڵەتەكانی توندوتیژی خێزانی، داواكاریش لەلایەن خودی زیانلێكەوتوو یان نوێنەرە یاساییەكەی لەو دادگایە، یان لە رێی لێكۆڵەرانی دادی یاخود لەرێی بنكەی پۆلیس یان داواكاری گشتییەوە پێشكەش بەو دادگایە دەكرێت..
‎ ڕێکارەکانی دادگاییكردن لەم دادگایە و لە كێشەكانی توندوتیژی خێزانی نهێنی دەبن، واتە ناكرێ بە ئاشكرا دانیشتنەكان بەڕێوەبچن، ئەمەش لەبەر پاراستنی خێزان، دور کەوتنەوە لە کێشەی گەورەتر،لێک هەڵنەوەشانەوەی خێزان.
لێرەدا یاساکە بە پێویستی زانیوە لەسەر کارمەندانی بواری تەندوستی و پەروەردە وبنکە فەرمیەکان، هاوکاری قوربانیانی توندوو تیژی بكەن، بەتایبەت لە بارێکدا کە قوربانی نەتوانێ بەرگری لە خۆی بکات یان، هەواڵ بدات، یاخود رێگەیەک شک نەبات، پێویستە ئەم لایەنانە کە لە ڕێگەی کارەکەیانەوە زانیویانە یاخود درکیان پێکردوە، یارمەتی قوربانیەکە بدەن، ئاگاداری پۆلیس، یاخود، داواکاری گشتی
بکەنەوە.
کۆمەڵێک ڕێکار هەیە بۆ بەرەنگار بوونەوەی توندوو تیژی.
لە مادەی (٤) یاساکەدا باس لەوەدەکا دادگای تایبەت مەند،لە سەر داوای ئەندامانی خێزانەکە، یان نوێنەرەکەی فەرمانی پاراستنی بۆ دەردەکات بە مەرجێ بەرواری تیا دیاری بکات و بە پێی پێویستیش ئەتوانێ درێژی بکاتەوە ماوەکەی.
بەپێیی هەمان مادە خاڵی (3) فەرمانی پاراستن پێک دێت لە:-
١وەرگرتنی بەڵێننامەیەك لە شكات لێكراو كە دەستدرێژی نەكاتە سەر زیانلێكەوتوو یان هەر تاكێك لە تاكەكانی خێزان. ٣گواستنەوەی قوربانی بۆ نزیكترین نەخۆشخانە یان بنكەی تەندروستی بۆ چارەسەركردنی لە كاتی پێویستدا یان ئەگەر قوربانی خۆی ئەمەی داواكرد.
٣_بە پێی بڕیاری دادگا، بۆ ئەوماوەی مەترسی هەیە بۆ شکاتکار یاخود، هەر تاکێکی خێزانەکە، نابێ ڕێگە بە شکاتلێکراو بدرێ بگەڕێتەوە ماڵی خێزانی.
لە حاڵەتی سەرپێچی کردنی بۆ ماوەیەك دەگیرێ كە لە 48 كاتژمێر زیاتر نەبێ یان بە پێبژاردنێك كە لە 300 هەزار دینار كەمتر نەبێ، لە کاتێکدا ئەم ڕێکارانە دەگیرێتە بەر پێش دادگای کردن یاخوود لە کاتی دادگایکردن بە ئامانجی دوورخستنەوەی زیان‎ئەم یاسایە سزای بۆ بکەرانی توندوتیژی دیارری کردوە لە
ماددەی حەوتەم لەو یاسایە : هەر كەسێك توندوتیژییەكی خێزانی ئەنجامبدات، بۆ ماوەیەك سزای بەندكردن دەیگرێتەوە كە لە شەش مانگ كەمتر نەبێت و لە سێ ساڵیش زیاتر نەبێت و بە پێبژاردنێك كە لە یەك ملیۆن دینار كەمتر نەبێت و لە پێنج ملیۆن دیناریش زیاتر نەبێت یان بە یەكێك لەو دوو سزایە.
‎وە ئەگەر بێت و لە یاسای سزاکان سزایەکی توند تر دانرابێ ئەوا ئەو سزایە جێ بە جێ دەکرێ.
ئەم یاسایەی پەرلەمانی كوردستان و تەواوی یاساكانی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی نەیانتوانیوە كۆتایی بەم دیاردەیە بهێنن بەڵام كاریگەریان هەبوە لەسەر كەمكردنەوەی و سزادانی كەسانی توندوتیژكار، وە یاساكە بۆتە درعێك كە هەركات ئەندامێكی خێزان ناچار بو پەنای بۆ ببات ئەوا ئەو یاسایە بەرگری لێدەكات و مافی دەپارێزێت و دەستدرێژكار سزا دەدات.

ھەواڵی زیاتر