بە کورتی بە کوردی

ھۆشیار سیوەیلی

پارێزگارێکی کورد دیاری بکرێت

ڕۆژی یەکشەمەی ڕابردوو هەردوو مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی کۆبوونەوە و دەربارەی کەرکوک هەردوولا کۆک بوون کە (لەم قۆناغەدا لە پێناو بەرژەوەندی هاوڵاتییانی پارێزگای کەرکووک، بەهەموو پێکهاتەکانیەوە، پارێزگارێکی کورد دیاری بکرێت بۆ خزمەتی خەلکی شار و شارۆچکەکان). هەرچەندە شەیتان لە وردەکارییەکاندایە، بەلام ئەم بڕیارە هەنگاوێکە بە ئاراستەیەکی دروست. ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگا بە شیوەیەکە کە هەڵبژاردنی پارێزگار زەحمەت دەکات. بێگومان پێکهاتەی عەرەب و تورکمان هەموو هەوڵێک دەدەن پارێزگاری نوێ سەر بە یەکێک لەو دوو پێکهاتەیە بێت، بەڵام گەر نەیانتوانی ئەمە بکەن ئەوا مانەوەی دۆخەکە بەم شێوەیەی ئێستا و هێشتنەوەی پارێزگاری ئێستا لە بەرژەوەندی ئەوانە و زیان بە کورد دەگەیەنێت. کەرکووک بەرەی پیشەوەی ململانێ نەتەوەییەکەیە و لایەن عەرەبی بە هاوکاری و پشتگیری حەشد و هەندێک لایەنی تری عێراقی بەرنامەی وردیان بۆ گۆڕینی دیمۆگرافی هەندێک ناوچەی کەرکووک داناوە و ئەم پارێزگارەی ئێستا ماوەی زیاتر لە شەش ساڵ و نیوە ئەو بەرنامەیە جێبەجیدەکات. هیچ گومانی تێدا نییە جگە لەوەی کە پێکهاتەی ئەنجوومەنەکە و ژمارەی کورسییەکانی پێکهاتە جیاوازەکان پرۆسەی هەڵبژاردن ئاڵۆز دەکەن، کاریگەریی و دەستێوەردانی بەغدا و ئیقلیمیش ئەم ئاڵۆزییە زیاتر دەکەن. یەکدەنگی کوردان لەسەر هەڵبژاردنی پاریزگاری نوێ تین و گوڕێکی تر دەداتە کوردانی پارێزگاکە تا پێکەوە و دەست لەناو دەست بۆ پێشخستنی پارێزگاکە و خزمەتکردنی هەموو هاوڵاتیان بێ جیاوازی کاری گەورە ئەنجامبدەن و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش دەستی کراوەتر دەبێت تا پشتگیری و هاوکاری زیاتر بۆ پارێزگار و پارێزگاکە پێشکەش بکات. بە پێچەوانەوە پاڵنەری نەتەوەیی و سیاسی کوردانی کەرکووک بۆ بەرگری و بەرەنگاربوونەوە لاواز دەبێت. هێزی ئێمە لە یەکێتی و تەبایی و یەکگرتنماندایە. هەروەک خانی نەمر بەر لە ٣٥٠ ساڵ فەرموویەتی:

گەر دێ هەبوا مە ئیتیفاقەک ڤێکرا بکرا مە ئینقیادەک
ڕۆم و عەرەب و عەجەم تەمامی هەمیا ژ مە را دکر غولامی
تەکمیل دەکر مە دین دەولەت تەحلیل دەکر مە عیلم و حیکمەت