پێویستە کوردستانیان لە شەوڕەویی پێغەمبەرەوە وانەی خۆڕاگری وەرگرن

عومەر چنگیانی

بابەتی شەوڕەوی پێکردن و بڵند کردنەوەی پێغەمبەری ئیسلام محەممەد – دروود و سڵاوی خوای لێبێت – یەکێکە لەبابەتە فرە لایەن و گرنگەکانی نێو مسوڵمانان و لە کۆتایی مانگی ڕەجەب دا بایەخێکی زیاتر لە هەموو ماوەی ساڵەکە وەردەگرێت، بۆیە لەلایەن ئەندامانی بۆردی باڵای ئامادە کردنی گوتاری هەینییەوە وا پێشنیاز کرا کە هەینی ڕابردوو ٢١ی رەجەبی١٤٤٥ی کۆچیی بەرانبەر بە ٢ی شوباتی ٢٠٢٤بکرێتە توێشووی گوتاری هەینی و، زۆرێک لە مامۆستا بەڕێزەکان پێوەی وا بەستە بوون، کە وەک باسکردن لە بەهەند وەرگرتن و گرنگی پێدانێکی قورئان بە بابەتەکە سەرەتای گوتار بە یەکەم ئایەتی سورەتی (ئیسرا) دەستی پێکرد کە خوای گەورە دەفەرمێت:
(بێگەردی و دووری لە هەر خەلە و هەڵە و کەموکوڕییەک بۆ ئەو خوایەیە کە لە شەودا گەشتێکی بە بەندەی خۆی کرد لە مزگەوتەکەی پاڵ کابەوە بۆ مزگەوتی ئەقسا، ئەو ئەقسایەی کە کە فەڕو پیتمان ڕشتووە بەسەر دەوروبەرەکەیدا و ئەوگەشتەیشمان پێ ئەنجامدا تا هەندێک لە نیشانەکانی گەورەیی خۆمانی نیشان بدەین بەراستی خوا بیسەرو بینایە ).
جا وەک لەناوەرۆکی گوتارەکەدا هاتبوو(سەفەری شەوڕەویی وەکو خەڵاتێکی خودایی بەخشرایە پێغەمبەر – دروود و سڵاوی خوای لێبێت – لەلایەک و بۆ جێگیری دڵی و لابەری ئازارەکانی لە لایەکی دیکەوە، هەروەک بووە قۆناغێکی تازەی قۆناغەکانی بانگەوازی ئیسلامی و ئەو شەوڕوییە دوو بڕگەیە:
1 – (الإسراء)دەستەواژەیەکە بەکاردێ بۆ سەفەرێکی زەمینی کە خودای گەورە بە پێغەمبەرەکەی– دروود و سڵاوی خوای لێبێت – کردوە لە مزگەوتی حەرام لە مەککە بۆ مزگەوتی ئەقسا لە قودس.
2 – (المعراج) سەفەرێکی ئاسمانیە کە بەرزبونەوەی پێغەمبەرە – دروود و سڵاوی خوای لێبێت – لە خاکی ئەقسا بۆ ئاسمانەکان، ئەم شەوڕەوییە لە شەودا و ساڵێک پێشی هیجرەت ڕویدا .
الإسراء موعجیزەیەکە کە بەڵگەیە لەسەر پێغەمبەرایەتی محمد – دروود و سڵاوی خوای لێبێت – .
خودای گەورە چیرۆکی ئیسرا و میعراجی پاراستوە لە قورئانی پیرۆز وەکو بەڵگەیەک لەسەر پێغەمبەرایەتی محمد – دروود و سڵاوی خوای لێبێت –، لە دەستپێکی چیرۆکەکە بە وشەی (سبحان) دەستپێدەکا چونکە شتێکە بەدەرە لەکاری ئاسایی و سروشتیی، بە تایبەت ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ زیاتر لە هەزار و چوار سەد ساڵ پێشی ئێستا کاتێک خوای گەورە شەوڕۆیی کرد بە پێغەمبەرەکەی – دروود و سڵاوی خوای لێبێت – لە مزگەوتی حەرام بۆ مزگەوتی ئەقسا لە کاتێکی پێوانەیی کە زانایان دەڵێن لە بەشێکی شەودا کراوە، سەفەرەکە لەو سەردەمەدا دوو مانگی دەویست بۆ ڕۆیشتن و گەڕانەوە، کاتێک پێغەمبەر – دروود و سڵاوی خوای لێبێت – ئەو گەشتەی بۆ گەلەکەی باسکرد هەموویان توشی سەرسوڕمان بوون، بەڵام پێغەمبەر – دروود و سڵاوی خوای لێبێت – ڕاستیەکانی ڕونکردەوە کاتێک وەسفی بیت المقدسی کرد، هەروەها هەواڵی قافڵەی قوڕەیشیەکانی گەیاند کە لە ڕێگابوون، پێشەوا ئەبوبەکر بەڕاستی زانی و باوەڕی هێنا بۆیەش ناوی لێندرا الصدیق، ئەم موعجیزەیە بەشێوەیەکی نەمری دەمێنێتەوە لە ژێر ڕۆشنایی ئایەتە پیرۆزەکانی.
لەدوای هەر ناخۆشیەک خۆشیەک هەیە .
خەڵاتی شەوڕۆیی پێغەمبەر – دروود و سڵاوی خوای لێبێت – لەکاتێکدابوو کە لەوپەڕی ناخۆشی و ئازاردابوو، بتپەرستان بەهەموو شێوەیەک پێغەمبەر و یارانیان ئازارو ئەشکەنجە دەدا، بانگەوازی ئیسلامی تووشی زۆر بەربەستی قورس بوو لە تائیف و مەککەو دەوروبەری لەلایەن عەرەبەکان و غەیرە عەرەبەکان، هموو دەرگاکان داخرا، مامی ئەبوتاڵیب وەفاتی کرد کە قەڵایەکی پۆڵاین بوو بۆ پێغەمبەر – دروود و سڵاوی خوای لێبێت – دژی بتپەرستان، خاتوو خەدیجەی خێزانیشی وەفاتی کرد کە دڵنەوایی کاری بوو، ئەمە وادەگەیەنێ کە مرۆڤی مسوڵمان هەر کێشەیە و دەردوو بەڵایەکی توشبێ دەبێ پشت بەخودای گەورە ببەستێ و متمانەی بە پاڵپشتی خودا هەبێ، و بێ ئومێدی و ڕەشبینی چۆکی پێدانەدا، بەتایبەت گەلی کوردستان لە ئێستادا دەبێ ورەی بەرزبێ و نەڕوخێ، لەهەوڵ و کۆششکردن بەردەوامبین بۆ چاککردنی ئەم دۆخە و تۆخکردنەوەی گیانی برایەتی، شەو هەرچەندە درێژبێ بەیانی هەر دەبێتەوە، دەبێ ئیماندار ملکەچی ڕودای گەورەبێ بە ئەنجامدانی نوێژەکانی کە لە میعراجدا فەرز کرا، و گەڕانەوە بۆ لای خودای گەورە، بێ ئومێدی و ڕەشبینی لەکاری شەیتانە. چیرۆکی ئیسرا و میعراج ئاماژەیەکی ڕوونیان هەیە لەسەر پێگەی مزگەوتی ئەقسا لە ئیسلام و لەنێو موسڵماناندا، خوای گەورە پەیوەندیەکی قوڵی دروستکردوە لە نێوان مزگەوتی حەرام و مزگەوتی ئەقسا بەهۆی بەهۆی بانگەواز و دینی ئیسلام،، مزگەوتی ئەقسا جێگای شەوڕۆیی کۆتا پێغەمبەر و هەموو پێغەمبەرانە و یکەم قیبلەی موسڵمانانە لەتەواوی سەردەمی پێش کۆچی بۆ مەدینە، بۆیە هەمیشە ئیمانداران دڵیان وابەستەی مزگەوتی ئەقسایە، کە موسڵمانان کردیتیانە ڕەزی پێکەوەژیانی ئایینی و گەلە جیاوازەکان .

ھەواڵی زیاتر