نیان ئەحمەد
ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، گڕکانێکی بێ ئامانە تەڕ و وشک پێکەوە دەسوتێ، لەکات و ساتێکی نادیاردا دەتەقێتەوە. دوکەڵی ئەم گڕکانە لە هەموو شوێنکی ئەم ناوچەیە دەبینرێت، ڕوونتر بڵێین ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست یاریگایەکی گەورەیە بۆ هێزی نێودەوڵەتی و ناوچەیی و هێزی لۆکاڵی بۆ یەکلاکردنەوەی ململانێکان هەریەکە بەلایەکدا ڕایدەکیشێ دەیەوێت ساحەکە کۆنترۆڵ بکات. لایەک هێرش دەکات لایەکەی تر بەرگری، هەندێ جار یەک دوو وڵات دەبنە هاوپەیمان بەڵام هێزێکی تر ئاگرەکە خۆشتر دەکات. بە پێی خوێندنەوەمان لە کتێبە مێژوویەکانی کۆن و نوێ نەمان بیستووە وڵاتانی زلهێز لەناو خاکی خۆیاندا ململانێکانیان یەکلایی بکەنەوە بەڵکو پەنایان بردووەتە بەر ئەو وڵاتانەی هەژارن حکوومەت و دەوڵەتیان بێهێز و گەندەڵە، پڕ لە کێشەو ململانێ و ناتەبان و خەڵکی نەخوێندەوار و حەزیان بۆ چەک و شەڕی ڕووبەڕووبوونەوەیە،باشترین شوێن بۆ یەکلاکردنەوەی ململانێکان ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە بەتایبەتی لە چوارگۆشەی نێوان عێراق و ئێران و تورکیا و ئیسرائیلە سەد ساڵ زیاترە تەقەی تێدایە و شەڕ و ئاڵۆزییە، ئەمەریکا و ڕوسیا و ئێران ئەو وڵاتانە هەڵدەبژێرن کە دەتوانن شەڕی تێدا بکەن، ڕاستەوخۆ ناچنە ناو جەنگێک تا هەڵسەنگاندنی بۆ نەکەن لە ڕووی سیاسی ئابوری و ڕۆشنبیری کۆمەڵایەتی و باری دەرونی خەڵک و لایەنگیرانی ناوخۆیی و بەرگە گرتنی خەڵک لەبرسێتی و کوشتنی ژن و منداڵ گەنج و کوشتنی ڕۆڵەکانیان و بەپێی دراسات و لێکۆلێنەوەیان ئەوسا بەهانەی ئامادەکراو بەناوی ئازادی و مافی مرۆڤ و دیموکراسی دەهێننە سەر مێزی ململانێکان. لەناوەڕاستی سەدەی بیست شەڕی سارد و دوو جەمسەری بەناوی ڕەئسمالی و ئیشتراکی لە نێوان ئەمەریکا و ڕوسیادا هەبوو، بەڵام ئێستە شەڕی هەمە چەشنەیە، لە بری شەڕی سارد شەڕی گەرمە، شەڕی ئابووری و شەڕی نەوت و گاز شەڕی بەرژەوەندی وڵاتان واتا شەڕی جەمسەرەکان زۆرن بۆ ڕووبەڕووبونەوەی یەکتر لەسەر خاک و ناوچەیەکی دوورە دەستی خۆیان .
ساڵی 2011 بەناوی بەهاری عەرەبی خۆپیشاندان و پشێوی و خوێن ڕشتن بۆ تاقی کردنەوەی چەکە نوێکان لەوڵاتانی عەرەبی و دروستکردنی گروپی تیرۆریست وەک داعش ڕێگە خۆشکەر بووە بۆ هاتنی هێزە نێودەوڵەتیەکان و وڵاتە زلهێزەکان بەناوی بەرگری، هاتنی ئەم هێزانە نەک هەر بەرگری نەبوو بەڵکو ماڵوێرانی بوو بۆ خەڵکی سڤیل منداڵ و ژن و گەنج بوونە قوربانی ململانێی هێزە نێودەوڵەتیەکانی وەک ڕوسیا و ئەمەریکا و ناوچەیی ئێران و تورکیا، ئەمەریکا بەناوی بەرگری و ڕووسیا بەناوی حیمایەی بشار ئەسەد و سوریا و بەریتانیا فەرەنسا و ئەڵمانیا و چەند وڵاتێکی تر بەناوی هاوکاری، هێزەکانیان گەڕاندەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، تورکیا و ئێران بە پێی بەرژەوەندیەکانی خۆیان مامەڵە لەگەڵ ڕەوشەکە ئەکەن لەژێر ناوی جیاجیا و شەڕی پەکەکە و هاتنی داعش، ئێران بە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ کەوتەوە نێو ململانێی ئەمەریکا و ئیسرائیل لە ڕێگەی گرووپی چەکداری جیاوازەوە لە عێراق و سوریا و لوبنان و یەمەن لە ئاسمان و زەوی و دەریاکان لە بەرژەوەندی ئەمەریکا ئەدەن، سەرۆکەکانی ئەمەریکا لە ئۆباماوە تا بایدن جیددی نین لە کۆتایی هێنان بە ئاڵۆزییەکان، وەک بۆشی باوک و کوڕ بڕیاری یەک لاکەرەوە نادەن، دەیانەوێت بە هاوکاری لۆجستی و فرۆشتنی چەک و تەقەمەنی ناردنی ڕاوێژکاران و هێزێکی کەم شەڕ و ململانێکان یەکلایی بکەنەوە. بێ ئەوەی سەربازی خۆیان بچێتە ناو جەنگەکەوە.
ئەم ململانێیەی ئێران لەدەرەوەی وڵاتەکەی بۆ هەژموون و فراوانکردنی دەسەڵاتەکەیەتی بەسەر ناوچەکە و دروستکردنی هیلالی شیعیە لە دەریای ناوەڕاستەوە بۆ کەنداوی عەرەبی واتا لە لوبنانەوە تا یەمەن، ئەوکاتە دەبێتە گەورەترین دەسەڵات و هەژموونی مەزهەبی شیعی لەناوچەکە و وەدەرنانی ئەمەریکا و وڵاتانی ئەوروپا.
ئەمەریکا شەڕی مانەوەی دەکات لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە عێراق حکوومەتی شیعییە پشتیوانێکی گەورەیە بۆ دەسەڵاتدارانی ئێران هاوکار و هەماهەنگە، کوردستان لەم ململانێیەدا کەوتووەتە ژێر ڕەحمەتی درۆن و مووشەکەکان. لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوو خەڵکی مەدەنی وەک پێشڕەو دزەیی و کچە یەک ساڵانەکەی ژینا بوونە قوربانی درۆیەکی بێ بەڵگە و بێ بنەما بەناوی هەبوونی مۆساد لە کوردستان! کەواتە بۆ ئەمەریکا کوردستانیش ئارام نییە مادەم لە چواچێوەی عێراقین هەر بە عێراق حساب دەکرێین، لێرەدا سیاسەتێکی شاراوە هەیە لە نێوان ئەمەریکا و ئێران، بە ناوی مۆسادەوە، لەبری ئەوەی لە ئۆرشەلیم بدرێت هەولێری پایتەختی کوردستان مووشەک باران دەکرێت. ئەوەی کەمێک سەر لە سیاسەت دەربکات هەست بەم سیاسەتە دوو ڕووییەی ئێران و ئەمەریکا دەکات، وەک شرۆڤەکاری سیاسی مامۆستای زانکۆ (عادل باخەوان) لە چاوپێکەوتنێکی یەکێک لەکەناڵەکانی کوردستان گوتی ئەمەریکا لەژانی گەورەی ئاوسییدا مشکێکی بوو ئەم لێدانە بە نیسبەت هەیمەنەت و گەورەیی ئەمەریکا لە ناوچەکە بەڕاستی هیچ نەبوو.