نامه‌ عاشقانه‌كانی غولامحسێن ساعدی

خالید فاتیحی

پێشه‌كییه‌ك

دكتۆر غولامحسێنی ساعدی ناسراو به‌ (گه‌وهه‌ر مراد) له‌ ساڵی 1935 له‌ شاری ته‌ورێز له‌دایكبووه‌. خوێندنی له‌ ته‌ورێز و تاران ته‌واوكردووه‌. ساعدی زیاتر له‌ سی كتێبی بڵاوكراوه‌ی هه‌یه‌ له‌ بواره‌كانی رۆمان و كورته‌چیرۆك و شانۆنامه‌و.. ئه‌و نووسه‌ره‌ مه‌زنه‌ له‌ هه‌موو بواره‌كاندا توانیویه‌تی ئه‌سپی خۆی تاوبدا، بۆیه‌ ئێستا بۆته‌ ئه‌ستێره‌یه‌كی دره‌وشاوه‌ی ئه‌ده‌بی ئێرانی. هه‌موو فه‌زای نووسینه‌كانی پڕن له‌ ژیانی كوله‌مه‌رگی خه‌ڵكانی زه‌حمه‌تكێش. زۆر له‌ شرۆڤه‌كاران ساعدی به‌ ماركیزی ئێرانی و زۆریش به‌ چیخۆفی ئێرانی ده‌ناسن. ساعدی له‌ نووسینی رێبازی ریالیزمی جادووییدا پێشه‌نگه‌و ئه‌و چه‌مكه‌ش له‌ زۆربه‌ی نووسینه‌كانیدا ده‌رده‌كه‌وێ به‌تایبه‌ت له‌ رۆمانه‌كانی (تازیه‌بارانی به‌یه‌ل) و (ترسوله‌رز)دا.
هه‌روه‌كو ده‌ڵێن له‌پشت هه‌ر پیاوێكی مه‌زنه‌وه‌ ئافره‌تێك هه‌یه‌، ئه‌وه‌ش بۆ ساعدی راسته‌. له‌پشت هه‌موو كاره‌ ئه‌ده‌بیه‌كانی ساعدییه‌وه‌ تاهیره‌ی كوزه‌گه‌رانی هه‌یه‌. تاهیره‌ بۆته‌ هه‌وێنی نووسینی ئه‌و هه‌موو كاره‌ناوازانه‌ی ساعدی‌.
عه‌شقێكی پاك و بێگه‌رد له‌نێوان ئه‌و دوانه‌دا هه‌بووه‌ و به‌ عه‌شقه‌كه‌یان وه‌فاداربوون، به‌ڵام مخابن بۆیه‌كتر نه‌بوون. كاتێك تاهیره‌ی كوزه‌گه‌رانی ده‌مرێ، له‌ ژووره‌كه‌یدا ئه‌و نامانه‌ ده‌دۆزرێنه‌وه‌‌، بێگومان ئه‌وانه‌ به‌شێكی زۆر كه‌من له‌و نامانه‌‌.
مێژووی ئه‌و نامانه‌ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ساڵانی 1953 بۆ ساڵی 1966. به‌داخه‌وه‌ هیچ نامه‌یه‌كی تاهیره‌ نه‌دۆزراونه‌وه‌. ئه‌و نامانه‌ی له‌به‌رده‌ستی ئێوه‌ی ئازیزدایه‌ ئێستا له‌ مۆزه‌خانه‌ی ته‌ورێز پارێزراون.
دوای سه‌ركه‌وتنی شۆڕشی گه‌لانی ئێران ساعدی وڵات به‌جێدێڵێ و له‌ فه‌ره‌نسا ده‌گیرسێته‌وه‌ تا له‌ ساڵی 1985 كۆچی دوایی ده‌كاو له‌ شاری پاریس به‌خاك ده‌سپێردرێ.
له‌و گۆشه‌یه‌و له‌ رۆژانی پێنجشه‌ممه‌ یه‌كێك له‌ نامه‌ عاشقانه‌كانی غولامحسێنی ساعدی بڵاوده‌كه‌ینه‌وه‌.