لە یادی سەرکردەیەکی هەمیشە لە یاد “ئیدریسی جوانەمەرگ” ئەندازیاری ئاشتیلە یادی سەرکردەیەکی هەمیشە لە یاد

شێرکۆ حەبیب

لە یادی سەرکردەیەکی هەمیشە لە یاد

“ئیدریسی جوانەمەرگ” ئەندازیاری ئاشتیلە یادی سەرکردەیەکی هەمیشە لە یاد

ساتێک هەواڵی گیان لە دەستدانی شەهیدی هەردەم لە یاد کاکە ئیدریس بارزانی مان پێگەیشت، لە ئاوارەی و هەندەران بووین لە شاری جەهرومی باشووری ئێران، لە کات و ساتێک لە دەربەدەری و ژیانێکی دوورە وڵات و ژیانی ئۆردوگا، لە هزری ئەوە دابووین ئاخۆ چ سات و کاتێک کوردستان ڕزگاری دەبێت و لە ژیانی ئاوەریی ڕزگارمان دەبێت و دەگەڕێینەوە. لەوانەیە هەندێک بەئارەزووی خۆمان ڕوومان لە هەندەران نەکردبێ، بەڵکو ناچار بووین، هەبوو لە ڕێکخستنەکانی ئەو حزب و ئەم حزب ئیشی دەکرد و تەنانەت دوای ڕووی لە ئاوارەیی ڕژێمی دیکتاتۆر کەس و کاری نزیکی زیندان کردین، کە من یەکیک بووم لە هەزاران خانەوادە کە کەسی نزیکمان زیندانی کرا دایکی ڕەحمەتیم. لەو ساتە وەختانە بوو لە ئۆردوگای جەهرومی سەر بە پارێزگای شیرازی ئیرانی بوو هەواڵێ دڵتەزێنی کۆچی دوایی ئەو سەرکردە مەزنەمان بیست، ئەم هەواڵە جەرگبڕە برینەکانی زیاتر قووڵتر کردین، چونکە لەدەست دانی کەسایەتیەکی وەک ئیدریس بارزانی نەک هەر کۆستێکی گەورە بوو بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان، بەلکو زیانێکی گەورە بوو بۆ بزاڤی ڕزگاری خوازی کوردستان، شەهیدی هەردەم لە یاد بە ئەندازیاری ئاشتی ناسرابوو، ساڵی ١٩٨٦ توانی ڕێککەوتن لە نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەربخات و جەنابی سه‌رۆک بارزانی له‌ به‌رگی چواره‌می کتێبی (بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد – شۆڕشی گوڵان) نووسیویەتی، “کاک ئیدریس بڕوایەکی تەواوی بە پاراستنی ناسنامە و شوناسێکی یەکگرتووی ناو بزاڤی رزگاریخوازی کورد هەبوو، بایەخ و گرنگی زۆری بە فرەلایەنی دەدا لە ژیانی پارتایەتیدا، ئەم دوو فاکتەرە هۆکاری سەرەکی بوون لە رەخساندنی دەرفەتی ئاشتبوونەوەی گشت”.
کۆچی دوایی سەرکردەی هەردەم لە یاد کاکە ئیدریس لە کات و ساتێک بوو کە جەنابی سەرۆک بارزانی و کورد پێویستیان پێ بوو، ئەوساتانە بوو کە جەنابی سەرۆک بارزانی لە بەرەکانی جەنگ بوو دژ بە دیکتاتۆریەت.
ئیدریس بارزانی جگە لەوەی لە بنەماڵەیەکی کورد و نیشتمان پەروەر و قوتابی ڕێبازی پیرۆزی جەنابی مەلا مستەفا بارزانی نەمر بوو، کەسایەتی و کاریزمای خۆی و ڕۆڵی بەرچاوی هەبوو لە شۆڕشی کورد هەر لە شۆڕشی ئەیلوولی مەزن و سەرهەڵدانی شۆڕشی گوڵانی پێشکەتووخواز. ساڵی ١٩٧٦ ڕۆڵێكی به‌رچاوی له‌ هەڵگیرساندنی شۆڕشی گوڵانی پێشکەوتووخواز دا هەبوو وەك کەسێکی لە خۆ بوردە بوو، ڕۆڵی گرنگ و بەرچاوی لە دانوستاندنی ساڵی ١٩٧٠ و ئیمزا کردنی ڕێککەوتنامەی ١١ی ئاداری سالی ١٩٧٠ دا هەبوو لەگەڵ حکوومەتی ئەوکاتی عێراق.
ئیدریس بارزانی هەروەک خانوادە تێکۆشەرەکەی سەرجەم ژیانی خۆی بەخشیبووە خزمەتکردنی نیشتمان و گەلەکەی کە ئەمە بەدرێژایی مێژوو لە خانەوادەی بارزانی بەدی دەکرێت، خۆشبەختانە لە ماوەی ڕابردوو توانیم هەندێ بەڵگەنامەی بەریتانی وەرگێڕم بۆ سەر زمانی عەرەبی کە باس لە خەبات و قوربانی ئەو بنەماڵە کورد پەروەرە دەکات، هەروەها ئیستا سەرقاڵی وەرگێڕانی هەندێ بەڵگەنامەی بەریتانیم لەسەر ئۆپۆراسیۆنەکانی دژی جەنابی شێخ ئەحمد بارزانی نەمر، کە داپەروەری و ماف پەروەری و نیشتمان پەروەری ئەو خانوادە دەخاتە روو.
خۆشبەبەختانە ئەو خەبات و تێکۆشانەی سەرکردەی هەردەم لە یاد و هەزاران پێشمەرگە و میللەتێک لەسەر ڕێبازی پیرۆزی جەنابی بارزانی نەمر ئەمڕۆ بەرهەمەکەیان دەبینین لە کوردستانێکی ئاوەدان و ئەزموونێکی دیموکراسی، و ئەمڕۆش کاروان بەردەوامە بەڕابەرایەتی جەنابی سەرۆک بارزانی بۆ وەدەست هێنانی سەرجەم مافەکانی کوردستانیان، و کوردستانێکی ئارام و پێکەوە ژیان و تەبا.
سڵاو لە گیانی پاکی سەرکردەی هەردەم لە یاد کاکە ئیدریس.

ھەواڵی زیاتر