ڕانانێك بۆ كتێبی: ڕەنگاڵەی ڕۆشنبیری(ئەوەی مێژوو نەخوێنێتەوە ، لە داهاتوو تێناگات)

شاخەوان عەلی حەمەد مامۆكی

لەم ماوانەی ڕابردوودا كتێبی (ڕەنگاڵەی ڕۆشنبیری) كە لە نووسینی بەڕێز (د. ئەحمەد شەریف) لەدوو توێی (217) لاپەڕەو بەتیراژی (500)دانە لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی كتێبخانە گشتییەكان ژمارەی سپاردنی (2024)ی ساڵی 2023ی دراوەتێ كە لە چاپخانەی (ڕۆژهەڵات/ هەولێر) بەچاپ گەیەندراوە، كەوتە بەر دەست و دیدی خوێنەران كە هەوڵ و تەقەڵاو ماندوو بونێكی زۆری پێوە دیارەو سێیەم بەرهەمی نووسەرە.
لەم كتێبەدا (د.عادل گەرمیانی) پێشەكیەكی كورت و پڕ مانای بۆ نووسیوەو ئاماژە بەوە دەدات كە (رۆشنبیر وشەیەكی لێكدراوی كوردییە، لەهەردوو وشەی “ڕۆشن” و “بیر” پێكدێت، بەو كەسە دەوترێ كە خاوەن بیركردنەوەیەكی ڕۆشنە.. جاران وشەی رۆشنبیری بەو مرۆڤە دەوترا زانیاری زۆر هەبێت لەسەر بابەتێكی ئەدەبی یان مێژوویی یان هونەری یان زانستی، ئەمڕۆ لەم ڕۆژگارە بەو مرۆڤە دەوترێت زانیاری هەبێ لەبوارەكانی تەكنەلۆژیا وەك ئەنتەرنێت و سەتەلایت و مۆبایل و ماسنجەرو فاكس و فەیسبووك و لاپتۆپ و كۆمپیوتەرو….هتد….مێشكی مرۆڤ وەكو كێڵگەیەكە هەرچەندە زیاتر ئاوڕشێن بكرێت بەزانیاری تازە، ئەوەندە زووتر گەشە دەكات و دەبێتە مۆمێكی شەوقدارتر ).
نووسەری (ڕەنگاڵەی ڕۆشنبیری) لەبەرایی قسەكانیدا وەك رۆچوونێ بۆ كتێبەكەی، مەبەستییەتی بەرهەمێكی پوخت و جوان و دانسقەی لێ هەڵبچنێ، هەر بۆیە پێمان دەڵێت: (هەموو نووسینێك، هەموو ڕەخنەیەك و وەڵامدانەوەیەك ڕەنگدانەوەی ماهیەتی نووسەرەكەیە، ڕەنگدانەوەی خووڕەوشت و ئاستی هۆشیاری و رۆشنبیری و وردبینی و ڕاستگۆیی كەسەكە دەردەخات ).
شیعرێكی (شێخ سەلام) دەكاتە هەوێنی ڕەنگاڵەكەی:
خەریتەی هەموو خاكی كوردستان
دایك بەدەرزی و دەزوو درومان
بنوسێ لەسەر بێشكەی مناڵ
هەر لە كوردستان بێتە گڕوكاڵ
لەبێشكەی وادا چاو هەڵنەهێنێ
زەحمەتە هەڵسێ تۆڵە بسێنێ

لەم ڕوانگەوە كاتێك نووسەر بابەتێك دەوروژێنێ، ئەگەر مەبەستی هەڵڕشتنی ژەهری ڕق و كینە نەبێ، ئەوە لەهەر ڕەخنەو ئاماژەدان بە هەقیقەتی ڕووداوەكان و تیشك خستنە سەر ڕاستی ئەو كولتوور و داب و نەریتەی هەیە، هەمووی لەپەرۆشی و خەمخۆری خۆیەتی تا خوێنەر لەخەوی غەفڵەت بێدار بكاتەوە، تێی بگەیەنێ ئەوەیە ژیان، ئەوەیە ئەو كلتوور و مێژووی ئێمە و گەلان پێیدا گوزەر دەكەین، پێویستە پەند لەرابردوو وەربگرین، نەبینە هۆكار تا مێژوو دووبارەمان بكاتەوە).
لێرەدا شتێكی حاشا هەڵنەگرە قسەكردن لەسەر ڕووداوەكان زۆر هەڵدەگرێ ئەگەر لەسەری بووەستین، بەڵام ئەوە مێژووە، دەبێ خەڵكانێك بەئەمانەتەوە هەقیقەتی ڕۆژگارە سەخت و دژوارەكان بخەنە ڕوو بۆ ئەوەی نەوەكانی ئێستاو داهاتو بەو شتانە ئاشنابن، بزانن دوێنێ چۆن بوو؟ ئەمڕۆ چۆنەو سبەی چۆن دەبێ؟
بێگومان هەنگاوەكانی تێگەیشتن تەنها لای ئەوانە سەرچاوە دەگرێ كە خوێنەرێكی چاك و باشن، بێلایەنی خۆیان دەپارێزن، بەویژدانەوە بەپشت بەستن بەكەسانی ئەزموندارو قاڵبووی ئەو مەیدانە، دەست دەدەنە خامە و ڕووداوەكان دەنووسنەوە، خەمخۆرن بۆ بەتەنگەوە چوونی داهاتووی گەلەكەیان، خۆیان بە رۆشنبیرێكی عەیار بیست و چوار دەزانن و هەر لەم ڕوانگەوە خۆیان بەچەكی زانست و زانیاری هاوچەرخ تەیار دەكەن، دەزانن كێشەكان لەكوێوە سەریان هەڵداوە؟ دەزانن چیبكرێ بۆ ئەوەی نەختێ‌ لەئیش و زام و برینی ئەو نەتەوە خێر لەخۆ نەیدوە ساڕێژ و كەم بكەنەوە.
ئەوەش ئەو هەوڵەیە كە (د. ئەحمەد شەریف لەك) وەك كەسێكی خاكی و پەرۆش بەژیانی گەلەكەی لەم هەرێمەدا پێشتر لە دوو بەرگی دانسقەی پڕ لە زانیاری، دەستی خستۆتە سەر برینەكان و لەم كتێبەیدا وەك درێژەپێدەری ئەو كتێبانەی پێشوو، بەهانەسەیەكی كوردانەو بیرێكی مۆدێرنە و دوور لەتەشهیر، هەگبەیەكی جوانی پڕ مەعریفیمان پێشكەش دەكات كە حەوجە بەوەیە خوێنەر وبەوردی لەسەری بوەستێ، ئەوەش جێی ستایش و دەستخۆشییە.
وەلێ ئەوەی منی لەم كتێبەدا دیدو سەرنجی یەكانگیر كرد بەسەلیقەیەكی زۆرەوە قسەی لەسەر بكەم، سادەیی لەدەربڕین و پێدانی زۆرترین زانیارییە، لەوەشدا بەش بەشكردنی ئەو سێكتەرانەیە كە بەباتەكانی لەسەر هەڵچنیوە وەك (مێژووی وتەی ناوداران پەند و ئامۆژگاری و ڕۆشنایی ئایینی و زانیاری گشتی) ئەمانە خوێنەر تووشی بێتاقەتی ناكەن و ئاسۆی بیریان فراوان دەكەن.
هیچ كتێبێك بێ هەڵەو پەڵە نییە، ڕەنگە ئەو هەنگاوەی دكتۆر ئەحمەد دەستی داوەتێ، لێرەو لەوێ ڕووبەڕووی ڕەخنە ببێتەوە كە ئەوەش لەبواری رۆژنامەگەری شتێكی ئاساییە، چونكە هەموومان وەك یەك بیر ناكەینەوە، ڕەنگە هەندێ كەس بەدیوێكی دیكەو كۆدێكی دیكە خوێندنەوەی بۆ بكات، بەڵام ئەوە مێژووە، گرنگ ئاسوودەیی خودی نووسەرە كە دەیەوێ لەم ڕێیەوە خزمەتێك بەنەوەكانی ئێستاو داهاتوو بگەیەنێ و پەیامێك بەگوێی هەمووان بدات كە دەبێ هەموومان لەخزمەت دۆزی ڕەوای گەلەكەماندا بین، هەر ئەوەش لەنووسەرو خودان ئەزموونی نووسەری بەسەلیقە (د. ئەحمەد شەریف) دەوەشێتەوە.
دووبارە وێڕای دەستخۆشیم بۆ ئەو كارە جوانەی، هیوای سەركەوتن و بەردەوامی بۆ كارەكانی داهاتووی دەخوازم.
شارۆچكەی تەقتەق/ 2024